ئەمڕۆ (30) ساڵ بەسەر داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراق تێدەپەڕێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمڕۆ (30) ساڵ بەسەر داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراق تێدەپەڕێت

 

 

(30) ساڵ لەمەوبەرو لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆو لە ساڵی (1990) بەفەرمانی سەرۆكی ئەو كاتی عێراق، سوپایەكی زۆر هێرشی كردە سەر وڵاتی كوەیت و لەماوەیەكی زۆر كورتدا داگیریان كردو وێرانكارییەكی زۆریان دروست كرد.

وێڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە، بەڵام تاكو ئێستاش هۆكاری سەرەكی ئەو هێرشەی سوپای عێراق بۆ سەر كوەیت روون نەبۆتەوە.

بە فەرمانی راستەوخۆی (سەدام حوسێن) كاتژمێر دووی بەرەبەیانی رۆژی 2 ئابی 1990، هێزە تایبەتییەكانی عێراق سنوری كوەیتیان بەزاند، بەپێی نەخشەیەكی سەربازی پەلاماری بارەگای كۆشكی میری كوەیت و بارەگا سەرەكییەكانی دیكەیان داوەو لە ماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵیانكرد، ئەردەن و یەمەنیش وەك تەنها دوو وڵات لە جیهاندا پشتیوانی هێرشەكەی سەدامیان كردو لە زۆربەی ناوچەكانی عێراقیشدا ئاهەنگ و شادی بۆ گەڕانەوەی كوەیت بۆ سەر خاكی عێراق دەستی پێكرد، چونكە زۆربەی ئەوانەی لایەنگری بەعس بوون پێیانوابوو كە كوەیت بەشێكە لە عێراق و بەریتانییەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە وڵاتیان جیاكردۆتەوە.

هێرشی هێزەكانی عێراق بۆ سەر كوەیت دوای ئەوەهات، كە بە فەرمانی (سەدام حوسێن) چوار فیرقەی هێزە تایبەتییەكان لە پاسەوانی كۆماری (حامورابی، نەبوخەزنەسەر، مەدینەی منەوەرەو تەوەكەل عەلەلڵا) چەند رۆژێك پێشتر برابوونە نزیك سنورەكانی كوەیت، بەڵام وەك بڵاوكرابوویەوە مەبەستی جوڵاندنی ئەو هێزانە بۆ مەشقی سەربازییە لە بیابانەكانی باشوردا، بەڵام دواتر هێرشێكی لەناكاو نەك خەڵكی عێراق، بەڵكو وەزیری بەرگری و سوپاسالارو تەواوی فەرماندەكانی سوپاشی توشی شۆك كرد، لەبەرئەوەی (سەدام حوسێن) بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی سوپا بە هێزەكانی گاردی كۆماری ئەو كارەی كردبوو.

هێرشی یەكەم لەلایەن هەر چوار فیرقە سەربازییەكەوە ئەنجامدرا، كە جگە لە چەكی قورس نزیكەی (25) هێلیكۆپتەرو چەند فڕۆكەی جەنگی پاڵپشتی دەكردن، جگە لە پشتوانی (100) هەزار سەربازی دیكە، كە لە قۆناغی دووەمدا هێرشیان كردەسەر كوەیت.

فەریق نزار خەزرەجی، سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق لەوكاتەدا لە بیرەوەرییەكانیدا، گێڕاویەتیەوە، كە وەزیری بەرگری عێراق (عەبدولجەبار شنشل) پەیوەندی پێوەكردووە و پێیڕاگەیاندووە، كە هێرش بۆ سەر كوەیت دەستی پێكردووە، لەكاتێكدا ئەو لە موسڵ بووە، بەڵام ئاگادارنەبووەو تەنانەت وەزیری بەرگریش هیچ زانیارییەكی لەسەر هێرشەكە نەبووە، ئەمەیش سەركردایەتی سوپای عێراقی نیگەران كردووە و چەند رۆژێك دواتریش (سەدام حوسێن) لە كۆبونەوەیەكدا پێیوتون، بەهۆكارێكی ئەمنی تەنها هێزە تایبەتییەكانی خۆی بەكارهێناوە.

لە راپۆرتێكی ماڵپەری خەڵكدا هاتووە، هەرچەند تائێستا هیچ دەزگایەكی فەڕمی نێودەوڵەتی هۆكاری هێرشەكانی بە تەواوەتی روننەكردۆتەوە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوە نافەرمییەكان، هۆكاری هێرشەكان بۆ فراوانخوازی (سەدام حوسێن) و ئەو بارەناهەموارە ئابورییە گەڕاوەتەوە، كە ئەو كاتە عێراقی پێدا تێپەڕبووە، سەرباری ئەوەی كوەیت لە هەندێك شوێن زیادەڕۆیی كردۆتە سەر بیرەنەوتییەكانی عێراق و ئەوەیش بەهانەی داوەتە عێراق هێرشی بكاتەسەر.

 

 

هه‌واڵی گرنگ