ئەو 12 توخمەی بۆ جەستە زۆر گرنگە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەو 12 توخمەی بۆ جەستە زۆر گرنگە

 

 

بوونی بڕی گونجاو لە توخمەكان لەناو جەستەدا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تەندروستییەكی باش و هەر تێكچوونێك لەو بڕە كاریگەری گەورە لەسەر لەش بەجێدێڵێت. 

ڕۆژانە نزیكەی (60) توخم و (15) ڤیتامین و (12) ترشی ئەمینی سەرەكی و (3) ترشە چەوری بۆ لاشە گرنگ و پێویستن، یەكێك لە زانا بەناوبانگەكانی ئەمریكاو براوەی دوو جاری خەڵاتی نۆبڵ كە خۆی لە بنچینەدا ئەندازیارێكی كیمیاییە بە ناوی (د.لینوس پاولینگ) (1901 – 1994) دەڵێت: كە هەر نەخۆشییەك پەیوەندیدارە بە كەمی توخمێك یان چەند توخمێك لەو جەستەیەدا.

لەگەڵ ئەوەی كە هەریەك لەتوخمەكان كاری جیاوازی لەسەر لاشە هەیە، بەڵام هەندێك لە توخمەكان و تۆزقاڵە توخمەكان زۆرتر بڵاون و كاریگەرییان زۆرتر دیارەو ڕۆڵی گرنگیان هەیە، ئەگەر ئەم توخمانە بەشێوەیەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئەوانیتردا كارلێكبكەن ئەوا سوودیان بۆلاشە زۆرتر دەبێت، هەندێك لەو توخمانە بەكورتی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە:

1. كالیسیۆم: توخمێكی زۆر گرنگ و سەرەكییە بۆ تەندروستی ئێسقان و ددانەكان، یارمەتی مەیینی خوێن دەدات و بۆ ماسوولكەكان پێویستەو گرنگە بۆ دەمارەكان و گواستنەوەی ئۆكسجین و چاڵاكی ئەنزیمەكان، وەرگرتنی لەژێر ڕێنمایی پزیشكدا لەش لە نەخۆشی پووكانەوەی ئێسكەكان دەپارێزێت.

2. كرۆمیۆم: یارمەتی میتابۆلیزمی شەكر دەدات و شەكر لە خوێندا ڕێكدەخات لە ڕێگەی هاندانی ئینسۆلین و وەك هۆكارێكی ڕێكخستنی هاوسەنگی شەكر كار دەكات.

3. كۆباڵت: لەدرووستكردنی خڕۆكە سوورەكانی خوێندا كار دەكات و وەك یەكێك لە پێكهێنەرەكانی ڤایتامین (بی – 12) خزمەتدەكات.

4. مس: گرنگە لەدرووستكردنی خڕۆكە سوورەكانی خوێنداو پێكەوە بەستنی شانەكان، وەك كەتەلیستێك (كارای هاندەر) بۆ كۆكردنەوەو دەردانی ئاسن لە درووستبوونی هیمۆگلۆبیندا كار دەكات، كاریگەرە لە كاری كۆئەندامی دەماردا.

5. یۆد: پێویستەو بەكاردێت لەلایەن هۆرمۆنی سایرۆید بۆ پاڵپشتی كرداری میتابۆلیزم.

6. ئاسن: پێویستە لەدرووستكردنی خڕۆكە سوورەكانی خوێنداو پێویستە بۆ گواستنەوەی ئۆكسجین لەلەشدا، گرنگە بۆ كاری مێشك، بڕی پێویست بۆ خانمانی كەلەتەمەنی نەوە خستنەوەن زیاترە.

7. مەگنیسیۆم: بۆ چاڵاكی زیاتر لە (100) ئەنزیم پێویستەو بۆ كاری ماسوولكەو دەمارەكان یارمەتیدەرە، یارمەتی كاری چاككردنەوەی دیواری خانەكان دەدات و كارەبایی خانە ڕێكدەخات، هەروەها بۆ كاری دڵ پێویستە.

8. مەنگەنیز: پێكهێنەرێكی گرنگی سیستەمی ئەنزیمەكانە، لەناویاندا ئەنزیمی هەڵگرتنی ئۆكسجین، پاڵپشتی كاری مێشك و زاووزێ دەكات، گرنگە بۆ ڕێكخستنی شەكری ناو خوێن و بەشێكە لە پێكهاتەی ئێسقان (ئێسك).

9. مۆڵیبدینیۆم: بەشدارەو هاوكارە لە كرداری گەشەكردندا، پێكهاتوویەكی گرنگە لە سیستەمی ئەنزیمەكان و بەتایبەتی ئەنزیمەكانی ڕزگاربوون لە ژەهرەكان.

10. فۆسفۆڕ: لەگەڵ كالیسیۆم پێكەوە بۆ ددان و ئێسكی بەهێز پێویستە، پێكهێنەرێكی گرنگی دیواری خانەكانەو لە پەیوەندی نێوان خانەكاندا ڕۆڵی هەیە، گرنگە لە ڕێكخستنی وزە لە لەشدا.

11. پۆتاسیۆم: لێدانی دڵ ڕێكدەخات و هاوسەنگی شلەكان ڕادەگرێت و یارمەتی ماسوولكەكان دەدات.

12. سیلینیۆم: پێكهێنەری گرنگی ئەنزیمەكانی دژە ئۆكسانە، پێویستە بۆ گەشەو گەورەبوون، ڕۆڵی هەیە لە ڕزگاربوون لە ژەهرەكانی كانزا قوورسەكان، وەك جیوە، گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی دژە تەن لەلایەن سیستەمی بەرگری جەستەوە، سەرەڕای ئەوەی كە پێكهاتەیەكی ددانەكانە.

13. گۆگرد: پێویستە بۆ درووستبوونی زۆربەی پڕۆتینەكان لەناویاندا ماسوولكەو موو، زۆر گرنگە لە پاككردنەوەی جگەر لە ژەهرەكان، ڕۆڵی هەیە لە دژەتەنەكان و چارەسەركردنی ئۆكسجین، گرنگە بۆ گەشەی زیندەوەر.

14. زینك: بەشێكی گرنگە لە زیاتر لە (200) ئەنزیم كە لە هەرسكردن و میتابۆلیزم و زاووزێكردن و ساڕێژبوونی بریندا ڕۆڵی هەیە، گرنگە لە سیستەمی بەرگری جەستەداو دژە ئۆكسانێكی باشیشە.

 

هه‌واڵی گرنگ