زینك (Zinc) چییە ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

زینك (Zinc) چییە ؟؟

 

 

زینك (Zinc) بە یەكێك لە توخمە پێویستەكان دادەنرێت بۆ جەستە، كە دەوور دەبینێت لە سیستەمی بەرگری لەش دژی نەخۆشی و دروستكردنی خانەی نوێ، یارمەتی زوو ساڕێژ بوونەوەی برین و درووستكردنی شریتی (DNA) ی نوێ دەدات، ئەگەر بڕی پێویستی زینك (Zinc) لە ڕێگەی خواردنی ڕۆژانەوە وەرنەگیرێت دەبێتە هۆی دەركەوتنی كۆمەڵێك گرفتی لاوەكی وەك هەڵوەرینی قژ، كەمبوونەوەی هۆشیاری و هەستی تامكردن و بۆنكردن، زینك بە یەكێك لە پێویستیەكانی گەشەكردنی جەستەیی و جنسی هەژمار دەكرێت، كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر توانای جنسی پیاوان.

نیشانەكانی كەمی توخمی زینك (Zinc):

1. كەمبوونەوەی كێش (بەبێ بوونی ‌هیچ بەرنامەو هۆكارێكی دیاریكراو).

2. كەمبوونەوەی توانای تام كردن و بۆن كردن.

3. سكچوون.

4. كەمبوونەوەی هۆشیاری.

5. كەمبوونی ئارەزووی خواردن.

6. دروست بوونی كێم لە برینەكانی لەش و درەنگ ساڕێژ بوونیان.

زیانە لاوەكیەكانی كەمی زینك (Zinc):

لە هەندێك حاڵەتدا كەمی توخمەكە ڕەنگە كێشەی تەندروستی دروست نەكات، بەڵام ڕەنگە كۆمەڵێك گرفتی لاوەكی دروست بكات لەوانە هەڵوەرینی قژ، كەمی زینك لە كەسانی دووگیان یان دایكانی شیردەردا دەبێتە هۆی دواكەوتن و باش گەشە نەكردنی كۆرپەكە، دروست كردنی كێشەی سێكسی لە پیاواندا، چونكە كەمی زینك (Zinc) پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە هۆرمۆنی نێرەكی (Testosterone)، بەڵام زینك تاكە هۆكار نییە كە كار لەم هۆرمۆنە بكات، لاواز بوونی هەستەكانی بۆنكردن و تامكردن.

چارەسەر:

1. گۆڕینی ژەمە خۆراكی ڕۆژانەو زیادكردنی خواردنی ئەو خۆراكانەی كە زینكیان تێدایە: (گۆشتی سور، گۆشتی پەلەوەر، گەنم، گوێچكەماسی، قارچك، ماست) (دانەوێڵەو دەنكۆڵەی تۆوەكان وەك چەرەزات و پاقلەمەنی).

2. زۆرینەی ئەو كەسانەی دووچاری كێشەی كەمی زینك دەبن ئەوانەن كە زیاتر خۆراكە گیاییەكان دەخۆن، چونكە ناتوانن ڕێژەی پێویستی زینكیان دەستبكەوێت لەوجۆرە خۆراكانەوە، هەربۆیە پێویستە ژەمەكان هەمەچەشنەبن.

3. وەرگرتنی زینك (Zinc) لەڕێگەی حەبەوە.

زیانەكانی بەرزی ڕێژەی زینك (Zinc):

بەرزی ڕێژەی زینك (Zinc) دەبێتە هۆی سەرئێشەو دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە، ئەگەر هەستت كرد بڕێكی زیادت زینك (Zinc) وەرگرتووە لە ڕێگەی حەبەوە پێویستە بەزووترین كات سەردانی پزیشك بكەیت و پشكنینی زینك (Zinc) ئەنجام بدەیت، چونكە بەرزی ڕێژەی زینك دەبێتە هۆی كەمبوونی توخمی مس (Copper) و كاریگەریش لەسەر ڕێژەی ئاسن (Iron Levels) دەكات.

 

 

هه‌واڵی گرنگ