كۆنترین گۆڕستان لە كوردستان لەم ناوچەیەیە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كۆنترین گۆڕستان لە كوردستان لەم ناوچەیەیە

 

 

لە ناوچەیەكی شاخاوی دوورە دەستدا كە مەترسی شەڕو بۆردومان یەك پارچە دەورەی داوە، گۆڕستانێكی دێرین و جیاواز هەیە كە مێژووەكەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوەو هێشتا هاوشێوەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبینراوە.

گەیشتن بە گۆڕستانی مێژوویی سیكەنە لە شارەدێی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەر ئاسان نییە، ناوچەیەكی دوورە دەست و سەختە.

پێش بەڕێكەوتن بۆ ناوچەكە، دەبێت مۆڵەتی ئیداری و ئەمنی ناوچەكە وەرگریت، لە ڕووی ئیدارییەوە سنورەكە بەدەست شارەوانی بناری قەندیلەوەیە، بەڵام بە بەردەوامی فڕۆكەی چاودێری سوپای توركیا بەسەر ناوچەكەوە دەسوڕێتەوە.

گۆڕستانی سیكەنە ئێستا یەكێك لە ناوچە مەترسیدارو قەدەغە كراوەكانی باشووری كوردستانە.

گۆڕستانە دێرینەكە كۆمەڵێك كێلی كۆن و پڕ نەخش و نیگاری تێدا بەجێماوە، تا ئێستا وێنەو قەبارەو جوانیان لە كوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا نەبووە، كێلی (30) مەتری و (20) مەتری و (10) مەتری و كەمتر هەیە، مێژوو سەردەم و خاوەنەكانیان تا ئێستە ڕوون نییە كەیی و كێبوون.

كێلەكان لە بەردی مەڕمەڕو حەلان تاشراوون، بە شێوازو هونەرێكی ئەندازیاری تەواو وردو بە دیقەت نەخشەكان لەو بەردە ڕەقانە دەرهێنراون كە زۆری وەك هونەری فیرعەونەكانی میسر دەچێت، بەڵام هیچیان بەردو هونەری ئەو ناوەش نین، بەڵكو لە دووری زیاد لە (200) كیلۆمەتر لە دوورەوە هێنراونەتە ئەو شوێنە سەختانەی بناری قەندیل.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی مێژوویی، كێلەكان بۆ سەردەمێكی پێشكەوتن و ڕەفاهیەت دەگەڕێنەوە، كێلی كەسانی گەورەو ناودارن، جگە لە نەخش و نیگاری هونەری، ناوی كەسیان بەسەرەوە نیە، بەڵام بەرە بەرە ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە.

گۆرەستانەكە لە دامێنی چیای بەردقەڵشیو هەڵكەوتووە چەند كیلۆمەترێك لە سنوری نێوان باشورو ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە دوورە.

(عەلی قادر) بەرپرسی رێكخراوی دینكە بۆ پاراستنی شوێنەوار لە قەزای پشدەر لەگەڵ ڕۆژنیوز سەردانی گۆرەستانەكەی كردو باسی لەوە كرد، هەندێك لە كێلەكان بۆ سەردەمی (فتوحاتی ئیسلامی) دەگەڕێنەوە، دیارە هەر كەسێك لەوكاتەدا كە بەرپرس یا خود ئەسحابە یان كێلی گەورەیان بۆ دروستدەكرد كە نزیك بە پێنج تا شەش مەتر درێژ بووە، ئەو كێلانەی نەخشێندراون لە قەزای پشدەر تەنیا لە چەند شوێنێك هەیەو دەگمەنن، هێندێك لە كێلی گۆرەكان شێوازی نەخش و نیگاری جیاوازیان هەیەو هەر یەكەو گوزارشت لە شتێك دەكەن، بە داخەوە بەشێك لە كێلەكان لەلایەن خەڵكانێك كە دژی مێژوون شكێندراون ئەو كارەش بۆتە هۆی تێكدانی بەشێكی زۆری گۆڕستانەكە.

(ئاوات سەید ئەحمەد) خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ سەبارەت بە مێژوو و كێلی گۆڕەكان دەڵێت: گۆڕستانی سیكەنە یەكێكە لە هەرە گۆڕستانە دێرینەكانی كوردستان، بەپێی لێكۆڵینەوەكانمان مێژووی گۆرەكان بۆ چەند قۆناخ دابەش دەكرێن، یەكەم قۆناخ بە پێی گۆرەكان و نەخش و نیگاری گۆرەكان كە مانگ و ئەستێرەیان لە سەرە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئاینی میترانی كە سەردەمی دەوڵەتی ئاشوری كە ئەو كات لە ناوچەكەدا زاڵ بووە.

وتیشی: قۆناخی دووەم دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەكان پێش هاتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەكە، قۆناخی سێهەمیش دەگەرێتەوە بۆ كاتی هاتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەكەو تێكشكاندنی سوپای ساسانییەكان لە ناوچەكەو مێژووی بەشێك لە گۆڕەكانیش دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی سوپای ئیسلام، چونكە دەبینین بەشێك لە كێلەكان نوسینی خەتی كوفی عەرەبیان لەسەرە.

بەوتەی (ئاوات سەید ئەحمەد) قۆناخی چوارەمی گۆڕستانەكە نزیكەو بەپێی لێكۆڵینەوەی بەشێك لە لێكۆڵەرەوەكان بەشێك لە گۆڕەكان مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵانی (1800) كە كێلەكان لەلایەن بنەماڵەی كێلكەرانەوە دروستكراون كە دانیشتوی ناوچەكە بوون، قۆناغی دواتر دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی نوێ و هاوچەرخ كە گوندی سیكەنەو دانیشتوانی گوندەكە لە بنەماڵەی وەجاخی كاك خدرن كە لە سۆفییەكانی گوندی بەستێ و سیكەنەو سەرخانە مێژووی بەشێك لە گۆرەكان بۆ ئەو سەردەمە دەگەرێتەوە.

(شێخ موحەمەدی بەستێ) كە خەڵكی گوندی بەستێیە لە بناری قەندیل و دراوسێی گوندی سیكەنەیە بەم جۆرە باس لە گۆرەستانی سیكەنە دەكات و دەڵێت، گوندی سیكەنە پێشتر ناوی سەكەنە بووە واتا نیشتەجێبوون، بەڵام بە تێپەربوونی كات ناوەكەی گۆڕاوە، لە سەردەمی (فتوحاتی ئیسلامیدا) لە ناوچەكەدا گوندی سیكەنە وەك ناوەندێكی گەورەی شوێنكەوتووانی ئیسلام بووە چەندین ئەسحابە پیاو چاكی لێبووە، لەسەر گۆرەكان وێنەی شمشێر، خەنجەر، ئەسپ و حوشتری لەسەرە كە شمشێرو حوشتر ئاماژەنە بە نیشتەجێبوونی عەرەب، خەنجەرو ئەسپ ئاماژەیە بە بوونی كوردان لە سنورەكە.

بەوتەی خۆی، گوندی سیكەنە بە تەنیا شوێنی دانیشتوانی گوندەكە نەبووە، بەڵكو سەرجەم دانیشتوانی سنورەكە توانیوویانە لە گوندی سیكەنە نیشتەجێ ببن بە تایبەت ئەو كەسانەی كە خەڵكی گوندەكانی دەورووبەری سیكەنە بوون توانراوە لە گۆڕستانی سیكەنە بنێژرێن، ئەو شوورانەی لە دەوری بەشێك لە گۆرەكان بوونیان هەیە ئاماژەیە بەوەی كە هەموویان گوزارشت لە بنەماڵە دەكەن كە لەو شوێنە نێژراون و هەر بنەماڵەیەك كەس و كاری خۆی لە یەك شوێن نێژراون وەك ماڵێك وایە.

 

هه‌واڵی گرنگ