لەبارەی فەرمانەکەی وه‌زیری ڕۆشنبیرییەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەبارەی فەرمانەکەی وه‌زیری ڕۆشنبیرییەوە

 

لە ٢٤ی ئەم مانگە و.ڕۆشنبیری ولاوانی هەرێمی کوردستان ،فەرمانێکی بە ئیمزای بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دەرکرد..

تیایدا بڕیاری دا کە لێرە بەدواوە شێوازو ڕێکاری پێدانی (ژمارەی سپاردن) بەکتێب وەکو جاران تەنها ئاگادارکردنەوەی دەزگاکانی وەزارەت و تۆمارکردن نابێ، بەڵکو هەر کتێبێک پێش چاپکردن پێویستە لەڕێگەی لێژنەیەکی وەزارەتەوە بخوێنرێتەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بڕیاری ڕێگەدان بەچاپکردنی بدرێت .

کە دیارە ئەم شێوازە پێی دەوترێ سانسۆری پێشوەخت (رقابة قبلية) کە خراپترین جۆری سانسۆرە .

هەروەها لەفەرمانەکەدا هاتوە کە پێدانی ژمارەی سپاردن لێرە بەدواوە مەرکەزی ئەبێ و تەنها لەڕێگەی (ب. گشتی کتێبخانەکان) ەوە لەهەولێر دەبێ.

دیارە ئەمەشیان تەواوکەری بڕگەی یەکەمەو جۆرێکی دیکەیە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی بیروڕاو توندکردنی ڕێکارەکە،چونکە پێشتر لە سلێمانی ودهۆکیش، ژ .سپاردن دەدرا.

بەندە کە یەکەمجار فەرمانەکەم بینی ، هەر ئەوکات وەک فەرمانبەرێکی وەزارەت و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی ،بەبێ ئەوەی لە ئەکاونتی خۆم بڵاوی کەمەوەو لەکەناڵەکان بیکەمە هەڵڵا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتم بەنامەو کۆمێنت ئاگادارکردەوە ،کە ئەم فەرمانە پێچەوانەی یاسای ژ.10ی چاپەمەنیەکانی ساڵی 1993یە، کە لە مادەی دووەمیدا هاتووەو دەڵێ ( لارقابە علی المطبوعات...) واتە هیچ سانسۆرێک لەسەر چاپەمەنیەکان نیەو خەڵک ئازادە لەدەرکردنیان.

هەروەها ئەم فەرمانە لەڕاستیدا پێچەوانەی بەندی (38) ە لە دەستوری ئێراق ،کە لە سێ بڕگەدا جەخت لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسی و مێدیاوگردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکاتەوە.

وێرای هەموو ئەمانە ،فەرمانەکە لەگەڵ ئاراستەی گشتی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستاندا ناگونجێ ،کە ڕێبازی دیموکراسیەت و کرانەوەو ڕێزگرتن لەمافی مرۆڤی ،بۆخۆی بڕیارداوە.

له هەمانکاتدا دەتوانین بڵێین : لەم سەردەمی کرانەوەو گەشەکردنی بێسنوری تەکنۆلۆجیای گەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بڕیارێکی وا هەم تاڕادەیەک نامۆیە و هەم زۆر قابیلی جێبەجێکردنیش نیە.

بێگومان یاسا ڕێکاری دیاری کردوە بۆئەوانەی کە تەشهیر ،یاخود سوکایەتی بە پیرۆزیەکان و ڕەمزە نیشتمانیەکان دەکەن.

هەر لەمادەی 9ی یاسای چاپەمەنی ژمارە 10دا قەدەغەکراوەکانی بواری چاپەمەنی دیاریکراون ،لە مادەی 10ی هەمان یاساشدا ئاماژە کراوە کە هەرسەرپێچییەکی ئەویاسایە، خاوەن ئیمتیازوسەرنوسەرو نوسەری وتار لەڕۆژنامەو گۆڤارو نوسەری کتێب ، بەپێی یاسا بەرکارەکان ، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە، بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ئەو شێوازە نوسینانە. واتەمادەکانی 2و9 و 10ی ئەویاسایە ، تەواوکەری یەکترن ،نەک دژی یەک بن. 

هەروەها بەپێی مادەی 9 لە یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35 ی ساڵی ٢٠٠٧ سزا بۆ کەناڵەکان و ڕۆژنامەنوسانیش دیاریکراوە ،لەکاتی سەرپێچیدا.

لە یاسای سزاکانی ئێراقی ژ.111 ی ساڵی 1969شدا ماددەکانی 433 و 434 سزای تایبەتی بۆ ناوزڕاندن و جوێن و ئەوشتانە بۆ نوسەر داناوە.

سەرباری هەموو ئەوانە ،ئەم فەرمانە کەجۆرێکە لەپاشەکشەکردن لە بواری فەراهەمکردنی ئازادیەکاندا ، لەڕۆژانی پێشودا لەسەرئاستی ناوخۆو دەرەوەش ، ناڕەزایی و نیگەرانی زۆری نوسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانی کوردی لێکەوتەوە ..

گوێم لەبەرپرسێکی وەزارەت بوو ، کەدەیگوت ئەم فەرمانە بۆجێبەجێکردنی ماددە 9ی یاسای ژمارە 10 یە ! 

لێرەدا بەپێویستی دەزانم بۆ ئەو بەڕێزەو هەموو کەسێکی پەیوەندیدار جارێکی دیکە بڵێم :-

مادەکانی یاسای ژمارە 10 دژ بەیەک نین ،بەڵکو تەواوکەری یەکترن . مادەی 2 پێمان دەڵێ هیچ سانسۆرێک لەسەرچاپەمەنیەکان نیە ،واتە پێش بڵاوکردنەوە هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی ناگیریتە بەر ، مادەی 9 ی هەمان یاسا ،پێمان دەڵێ ئەو شتانە قەدەغەن لەبڵاوکردنەوەدا ، مادەی 10ی هەمان یاساش پێمان دەڵێ هەرسەرپێچییەکی ئەم یاسایە لە چاپەمەنیەکاندا چ ڕۆژنامەو گۆڤارو چ کتێب ، کەسە بەرپرسەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و سزادەکاتەوە.

جێی سەرنجە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری چەندین ڕاوێژکارو شارەزای هەن ، هەق بوو پێشتر پرس و ڕاوێژیان پێ بکرێ و ئەوانیش ئەم پرسەیان بە هەند وەرگرتبایەو پێش دەرچوونی فەرمانەکە ،بەرچاو ڕوونییان 

بە جەنابی وەزیر بدابایە.

بەئومێدی ئەوەی کە وەزارەت پێداچوونەوە بە فەرمان و بڕیارەکەیدا بکات .

 

هه‌واڵی گرنگ