پێگەى هەرێم لە کوێوە بۆکوێ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پێگەى هەرێم لە کوێوە بۆکوێ؟

 

فەهمى حەمەتۆفیق

 

بیرتان دێ رۆژانى دواى روخانى رژێم و لە سەروبەندى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێدا دەوترا: گرنگە عێراق سوود لە ئەزمونى هەرێمى کوردستان وەربگرێت؟

ئەوکات هەرێم بەو هەموو کەموکورتى و ناشەفافیەى لەسەرى راهاتبوو بە سەرى بەرز و (داش)ى زاڵەوە رووى دەکردە بەغدا و، پۆست و پلەى پایەى بۆ کورد دەپچڕى، بەڵام ئەوە سەرەتایەکى نوێ بوو بۆ فراوانبوونى گەندەڵیی و ناشەفافیەکانى ئەم دەسەڵاتدارانەى لەمەڕ خۆمان و, پاشان دروستکردنى ژێرزەمینى هەڵگرتنى داهاتەکانیان و, دروستکردنى کۆمپانیاى جۆراوجۆر و, بەرزکردنەوەى باڵەخانەى بازرگانى و یەکەى نیشتەجێبوون بۆ دەوڵەمەند و بەرپرس و بازرگانەکان..

 

هەر ئەم ڕێگە هەڵەیە بوو کە هەڵیان بژارد, لە برى ئەوەى کار بکەن بۆ بنیاتنانى ژێرخانى ئابورى هەرێم و, برەودان بە زیادکردنى هەلى کار بۆ گەنجان و دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان و, بۆ هەژار و بێکاران, هەروەها کەمکردنەوەى قورسایی سەرشانى دارایی حکومەت و دروست نەبوونى لێشاوێک موچەخۆرى بندیوار, بەڵام هەموو ئەمانەیان پێچەوانە بنیات نا..

 

دەسەڵاتدارانى هەرێم نەیانتوانى ڕێگا دروستەکە هەڵبژێرن و خۆشگوزەرانى بۆ خۆیان و بۆ میللەتیش بەدى بهێنن, بۆیە وەک کەفى سەر دەریا هەر زوو خۆرى خەونى میللەتیان بەرەو ئاوابوون برد..

 نە حکومەتیان حکومەتى ئیدارە و خزمەت بوو, نە داهات و پارە و پول و کۆمپانیاکانیشیان کە بەپارەى میللەت کۆیان کردەوە, لە بەرامبەر نەیارانى گەلى کورددا فریایان کەوت..

نە ئابورى سەربەخۆیان خزمەتى هاوڵاتیانى کرد و, نە گرێبەستى ٥٠ساڵەى نادیاریان بوویە هۆى گەشەکردنى ژیان و بژێوى خەڵک و موچەخۆرانى هەرێم..

 

بۆیە هەر زوو روویان بۆ بەغدا نایەوە, بەڵام ئیتر نەک ١٧% و, ١٢%ى بەشە بوجەى هەرێم, بەڵکو نەیانتوانى هیچ پارەیەکى جێگیر بۆ موچەى موچەخۆرانیش دەستەبەر بکەن، تا کاریان هێنایە سەر تەنها ٣٢٠ملیار دینارى مانگانە، کە بە سیاسەتى هەڵەیان ئەویشیان بەو دەردە برد!..

 

 ئەوەتا ئێستا دەبینین جار لەدواى جار سەقفى داواکارى عێراقى نوێ بەرزدەبێتەوەو, تەنازول و دۆڕانیش بووەتە بەشى وەفد و نوێنەرانى کورد، تا کار گەیشتووەتە ئەوەى سواڵ بکەن لەبەردەم کوتلەو پێکهاتە شیعە و سوننەکانى عێراقدا و, بپارێنەوە بۆ داهاتێک کە لەسەرەتادا خۆیان بە چەپکە گوڵەوە بۆیان رەوانە دەکردین..

 

ئەوە بۆ دەیان جار ئەچێ وەفدى دانوستانکارى هەرێم روو لە بەغدا دەکەن و، گوایا بە قسەى خۆیان بە دەستى پڕ و رێکەوتنەوە دێنەوە, بەڵام ئەوەشیان وەک بەڵێنە بێ بنەماکانیان دەرچوو و، ئەوەتا کاریان هاتۆتە سەر ئەوەى بڵێن بە هەموو شت رازین، بەڵام پێکهاتە عێراقییەکان هەر رازى نابن..

 

ئیتر نازانین ئەم دەسەڵاتدارانە چیتر لە هەگبەیاندایە, ئایا راستگۆیانە ڕێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەغدا جێبەجێ دەکەن؟ یان دواى فەشەلی ئەوێ چاکسازى راستەقینە لە هەرێم دەکەن و، داهاتى سەرخان و ژێرخانیان ئاشکرا دەکەن و، دەیخەنە خزمەتى حکومەت و هاوڵاتیان, یان بڕیار دەدەن دەست لەکار بکێشنەوە!!..

 

 

هه‌واڵی گرنگ