دەسەڵاتدارانی كوردستان تكایە مێژوو بخوێننەوە تا مێژوو تۆمار بكەن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دەسەڵاتدارانی كوردستان تكایە مێژوو بخوێننەوە تا مێژوو تۆمار بكەن

با باتەكە بەم پرسیارانە بكەینەوە ، هەر بەڕاست گرفت هەیە لە نێوان ئەم دوو حكومەتەدا ؟ یان بە واتایەكی تر ئێوە پێتان وایە گرفت هەیە ؟ یان خۆتان بونەتە گرفت ؟ ئایا ئەم گرفتە گرفتی نێوان دوو گەلە ؟ یان گرفتی نێوان دوو دەسەڵات ؟ هەر بە ڕاست گرفت هەیە لە كوردستان یان ئێوە بونەتە سەر چاوەی هەموو گرفتەكان ؟

خۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەر بەدەم ڕێوە و لە سەر جادە وەڵامی دەدرێتەوە و وەڵامەكانی دەست دەكەون ، ئەی گوایە هۆكاری چیە هەنگاو نانێن بەرەو چارە سەر ؟ ئایا هۆكارێكی دەرونی هەیە ؟ ئایا هەر لایەن و وێڵە بە دوای بەرژەوەندی گەلەكەیدا ؟ لە دەستوری عیراقدا باس لە شەراكەت و هاو بەشی كراوە لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا ، با شە دوو شەرییك دەبێت هەمان ئامانج و یەك ئامانجیان هەبێت ، چونكە دوو شەریك لە پرۆژەیەكدا ناكرێت هەر یەكەی ئامانجی خۆی هەبێت تا ئەو كاتەی پێكەوەن ، با شە تاكەی ئەم خەڵكە لە دڵە ڕاوكێدا نوقم دەكەن ؟ هەرچی پەڕلەمانتارە ، هەرچی خوێنەوارە ، هەرچی بیرمەندە ، هاوار دەكات دەڵێن وانابێت ، دە یەك جار پرسیاریان لێ بكەن ئەی چۆن دەبێت ؟كاكە پرسیارەكە هەر لەجێگای خۆتانەوە بكە ن و لە سەر كورسیەكەتان پرسیار بكەن ، بەس یەك جار بپرسن ئەی چۆن دەبێت ؟ ئەی نەتان بیستوە یان زانا بە یان بپرسە ؟ ئەم ماوە دورو درێژەی حوكم ڕانیتان سەلماندتان كە زانا نەبوون ، دە بپرسن تا تەواو هەمومان نگرۆ نەبووین ؟ئەو كاتە ( اڵان وقد عصیت ) دادی كەس نادات و خۆشتان بە گەلەوە دەخنكێن ، یانی كەسێك دوان ، سیانتان دەس ناكەوێ و لە خۆتان نەبێت و بە دڵسۆزی بزانن ( بئس ما تحكمون ) ئەوە خراپترین حوكمە دەری دەكەن ، سی ساڵە دەڵێن خۆمان باشی لێ دەزانین لە ژێر ناونیشانی جۆر بەجۆر ، ئێ باشە سی كاتژمێریش گوێ بگرن ، من ناڵێم هەرچی لە دەورو بەرمان هەیە هەمووی فریشتەیە ، شەیتان لە دەورو بەرمان زۆرو زەبەندەیە ، بەڵا م ئەوندە شەیتانیتان كردوە شەیتانەكانی ترمان بیر چوەتەوەو ڕەنگیان نازانین چۆنە .

مێژوو هەر بۆ ئێوە باشە بیخوێننەوە و بۆ كەسیتر دەبێتە حكایەتی بەر زۆپای زستانە و كەڵكی لێ وەر ناگرێت .

بزانن مێژوو ئەوەندە ئاخ نیخ كراوە بە سەرەتای دەسەڵاتێك و چۆنیەتی لە ناو چونی ئەوەندە بە شتی ترەوە سەر قاڵ نەكراوە ، زۆری كۆتاییەكان بۆ دەسەڵاتداران تراجیدیا و خوێناوی و بێ ڕێزی و تیا چون بوە بە دەست گەلەكەی خۆیەوە ، نەك گەلانی تر و خەڵكی تر هاتبن و عەرش و عروشیان تێك دابن .

تەنها لە بن دەستی خۆتاندا چاو بنوقێنن زۆر وێنە دێتە بەر چاوتان پێویست بە نمونە هێنانەوە ناكات ، هەر دوێنێی نزیك لە ووڵاتە دیكتاتۆرەكان ئەگەر دەڵێن ئێمە دیكتاتۆر نین ئەوە دەبێت خەڵكی تر ئەو شایەتیەتیتان بۆ بدات نەك خۆتان .

تكایە دەسەڵاتدارانی كوردستان بەزەییتان بەخۆشتان و بەم میللەتەدا بێتەوە ، زەبری میللەت زۆر قورسە ، جام كە پڕ بوو لێی دەڕژێت ، هەموو شتێكتان تاڵان فرۆش كردوە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆتاندا ، ئەم هەموو پارە و پولەتان هاتوەتە دەست بێجگە هەندێ بلۆك و بینا هیچی ترتان دیار نیە ، ئەویش هەر بۆ خزمەتی خۆتانە ، كوا بوژانەوەی ئاوبوری ؟ كوا فاكتۆری و مەعمەل و بەرهەمی ناوخۆتان ؟ گەنجەكان لە بێ كاریدا هەموو سەریان كردوەتە پۆپجی و توشی دەیان نەخۆشی دەرونی بوون ، ئەوەشی دوو فلسی دەست كەوتبێ سەری خۆی هەڵگرتوە و بەرەو هەندەران ڕۆشتوە نازانی لە كوێیە .

ئێستاش هەر فورسەت ماوە بۆ چاك كردنەوە خۆشتان بە ئیسراحەت بیخۆن و ژیانێكی كەریمانە بۆ گەلەكەتان بهێننە ئاراوە ، ئەو خەڵكە كە ی هاتوە داوای شوێنەكەی ئێوە بكات ؟ داوای نان و ئاو دەكات ، بەڵا م كە برسی بوو هەموو شت دەسوتێنێ ، یاخوا شۆڕشی برسی لە هیچ شوێنێك سەر هەڵنەدا ، ئەو كاتە هیچ بەر بەستێك ناتوانێ بەری پێ بگرێت ( مێژوو بخوێننەوە تكایە ) مێژوو هەر بۆ ئێوە باشە ، شەوانە لە جیاتی خۆ مەشغوڵ كردن بە شتی بێ مەعناوە كەسانی پسپۆڕ پەیدا كەن مێژوتان بۆ بخوێننەوە ئەگەر خۆتان حەوسەڵەتان نیە بەس گوێیان لێ بگرن ، دكتور كمال مەزهەر ئاماژە بە دانیشتنێكی خۆی دەكات لە گەڵ سەدام حسین لە گەڵ مێژوو نوساندا و هەر یەكەیان وەڵامی پرسیارێكی سەدام بە جۆرێك دەداتەوە ، پرسیارەكەش ئەوەیە ( دەسەڵاتداران بۆ چی دەسەڵاتەكەیان لە ناو دەچێ ؟) وادیارە زۆربەیان وەڵامەكەیان بە جۆرێك دەبێت كە وا دەزانن جێگای ڕەزامەندی ئەو دەبێت ، كاتێ سەرەی دكتور كمال مەزهەر دێت دەڵێت قوربان ( ڕوداوێكی مێژوویت بۆ باس دەكەم لە سەردەمی هاتنی مەغۆلەكان بۆ بەغدا و كاتێك هەرچی خشڵ و موجەوهەرات و ئاڵتون هەیە لە ماڵی والی و بەر پرسەكان كۆدەكەنەوە و دەیهێنن بۆ سەرۆكی سوپای مەغۆل ، ئەویش دەڵێت ئەگەر ئەم دەسەڵاتدارانە ئەم پارەیان خەرج بكردایە بۆ خەڵكی هەژار و بێ نەوا ئێستا ئەوانیش پارێزگاریان دەكرد لەم دەسەڵاتە ) ئەڵێ سەدام ووتی شتی وام نەبیستوە و وەڵامەكەی زۆر پێ سەیر و جێگای تێ ڕامانی بووە ) .

جا دەسەڵاتدارانی كوردستان هەمیشە ( مێژوو خۆی دوبارە و چەند بارە دەكاتەوە لە وێنەی جیاوازدا ) ، ئەگەر خۆتان داناوە ئێوەش هەمان مێژوو بە سەرتانا جێ بەجێ ببێت ئەوە هەر چۆن بێت لێ خوڕن تا ئەو شوێنەی دەچەقن و ئەو كاتە خەڵكەكەی خۆتان ئەوانەی كە ئێستا چەپڵەتان بۆ لێ دەدەن هەر ئەوانە زیاتر دێنە سەرتان و زیاتر دەچنە سەر سەر تان و لەناو تان دەبەن ، ( تكایە مێژوو بخوێننەوە ) بۆ ئەوەی ( مێژوو بۆ خۆتان تۆمار بكەن ) ، خۆغاندی و ماندێلا و ئیمام خومەینی لە بەر چاوتاندایە ، بچن بزانن خانوەكەی ئیمام خومەینی لە تاران لە چی پێك هاتوە ؟ كوا كوڕو نەوەكانی لە حكومەتی ئەو ووڵاتەدا ؟ ئەوەش ماندێلا دوای 27 ساڵ لە زیندانی چی بۆ ووڵاتەكەی بە جێ هێشت لە قیەمی دیموكراتی و پێكەوە ژیان ، خۆ ئێوە هیچ كامتان 27 كاتژمێر لە زیندان نەبوون ، لەوانەیە هەتان بێت هەر بەلای بینای زیندانیشا نەچێت تا مەزاجتان تێك نەچێت .

تكایە دەسەڵاتدارانی كوردستان ئەم نامەیە ووروژانی عاتیفە و ئەو شتانە نیە ، ئەمە حەقیقەت و ڕاستیە ڕێك لە هەناوی مێژووەوە هاتوە ئەو مێژوەی كە ئێوە بەرەو ڕوی دەچن و تیایدا نغرۆ دەبن ، مێژوو تۆمار بكەن تا ووڵات دروست بكەن ، ئەمەش زۆر گران نیە بەس دەست هەڵگرن لە بەرژەوەندی خۆتان ئەویش هەمووی نە ( بەشێكی باشی ) ، لەم ساڵانەی دوایی لە سەفەرێكم بۆ ئەڵمانیا برادەرێك لەوێ كە هات لە گەڵم بۆ لای دكتۆر ، شتێكی سەیری بۆ باس كردم ئەویش ئەوەیە ( هەرچی هاوڵاتی ئیماراتیە دێتە ئەم وڵاتە و سەردانی دكتۆر دەكات لە بچوكترین شت تا گەورەترین عەمەلیاتی پزیشكی وەسڵكەی دەبات بۆ سەفارەتی ئیمارات و لەوێ پارەكەی بۆ دەگێڕنەوە ) ئەو ئیماراتەی كە مەشهورە لە ساڵی 1985 سەرۆكی ئیمارات هاتوەتە بەغداد وتویەتی كە گەڕامە وە دوبەی دەكەمە بەغداد .

ئەوان مێژویان بۆ خۆیان تۆمار كرد و خۆشیان وەك مەلیك دەژین و ئێمەش ووڵاتمان ئاوای لێ هات بە دەست بەرپرس و دەسەڵاتدارانەوە كە ڕێژەی هەژاری گەشتوەتە ژمارەیەكی زۆر ترسناك ، پارێزگای وا هەیە هەر لە سێ كەس یەكێكیان لە ژێر هێڵی هەژاریەوە دەژی .

 

هه‌واڵی گرنگ