لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو زستانو دابەزینی پلەكانی گەرما، بۆ ژێر سفری سیلیزی، گرفتو لەكاركەوتنەكانی سیستمی ساردكەرەوەی ئۆتۆمبێل زۆر دەبن، كۆمپانیاكانی بواری دروستكردنی ئۆتۆمبێلیش ڕێنمایی شۆفێران دەكەن، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، شۆفێران دڵنیاببنەوە لەسیستمی ساردكەرەوە ئۆتۆمبێلەكانیانو شلەی دژە بستن "ئەنتی فرێز"ی ڕادێتەر بگۆڕن.
لەم ڕاپۆرتەدا هۆكارەكانی لەكاركەوتنی سیستمی ساردكەرەوە دەخەینەڕوو، هاوكات ئاشناشتان دەكەین بەسیستمەكەو بەشەكانی لەئۆتۆمبێلدا.
بۆچی من پێویستیم بەسیستمی ساردكەرەوەی ئۆتۆمبێلە لەوەزری سەرماو زستاندا؟
وەك دەزانین زۆربەی بزوێنەرەكان پێكهاتوون، لەچوار یان شەش یان هەشت پستۆن، لەناو ئەم پستۆنانەشدا لەگەڵ گڕگرتنی سوتەمەنیو ئۆكسجین، وزەو گەرمایەكی زۆر بەرهەم دەهێنرێت، ئاسایی بۆ جوڵەپێكردنی ئۆتۆمبێلەكە، كە پلەی گەرمای پستۆنەكان لەكاتی كاركردندا، دەگاتە نزیكەی (2500) پلەی سیلیزی.
ئەو پلە گەرمە زۆر بەرزەش، ئەگەر سیستمی ساردكەرەوە كارنەكات دەبێتە هۆی، سوتانو چڕبوونەوەی زەیتی ناو بزوێنەرو كاسكێت، ئەمەش بەریەككەوتنو لێكخشان زیاد دەكاتو دەبێتە هۆی ژەنگهەڵنانی بزوێنەرو سەرئەنجامو خراپبوونو لەكاركەوتنی.
بۆیە تاكە چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی پلەی گەرمای بزوێنەر، كاركردنی سیستمی ساردكەرەوەیەو دابەزاندنی پلەی گەرمیەكەیەتی بۆ (150) پلە تاوەكو (200) پلەی سیلیزی واتە "سەدی"، لەم پلە گەرمەشدا بزوێنەرەكان بەشێوەیەكی باش كاردەكەن.
بەمشێوەیە ڕوون بوەوە كە ئەركی سیستمی ساردكەرەوە، ڕاگرتنو دابەزاندنی پلەی گەرما بزوێنەرە بۆ پلەی گەرمای گونجاو، سیستمەكە لەچوارچێوەی كارەكەیدا گەرمای بزوێنەرەكە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكە واتە بۆ شوێنی شۆفێرو سەرنشینەكان، لەكاتی سەرماو زستاندا دەگوازێتەوەو هاوكات ڕادێتەریش كاردەكات بۆ ساردكردنەوەی بزوێنەرو دابەزاندنی پلەی گەرماكەو جێگیركردنی، لەبەر ئەم هۆكارەش زۆر پێویستە لەهەر وەرزێكدا، چ هاوین چ زستان بێت سیستمی ساردكەرەوەی ئۆتۆمبێل كاربكات.
شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە بەشێوەیەكی بەردەوام پشكنین بۆ سیستمەكە بكرێت، بۆ چارەسەركردنی كەموكورتیو گرفتەكانی، بەتایبەتی لەگەڵ وەرزی زستانو سەرمادا شلەی ئەنتی فرێزی ناو ڕادێتەر بگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ لەكاركەوتنی سیستمی ساردكەرەوە، لەنیشانەكانی دوكەڵێكی سپی لەژێر قەپاغی بزوێنەرەوە دەردەچێتو نیشانەی پلەی گەرماكەی "حەماوە" بەرزبوونەوەی پلەی گەرما نیشان دەدات، ساڵانەش لایەنی كەم پێویستە، شكنین بۆ سیستمەكە بكرێت.
ئەمەش بەشەكانی سیستمی ساردكەرەوەی ئۆتۆمبێلن: -
1 ماتۆڕی شلەی "ئاوی" ڕادێتەر: كە بەدڵی سیستمەكە دادەنرێت.
2 شلەی ئەنتی فرێز: ئەم شلەیەش ڕێگریی لەپستن دەكات لەكاتی دابەزینی پلەی گەرماو ڕێگە دەدات سیستمەكە بەردەوامبێت لەكاركردن لەئۆتۆمبێلدا.
3 ڕادێتەر: ئەمیش لەپێش ئۆتۆمبێلدایەو لەكاتی ڕۆیشتندا هەوا بەری دەكەوێتو ئۆتۆمبێل ڕزگار دەكات لەبەرزی پلەی گەرما.
4 ڕێكخەری پلەی گەرما واتە (سێرمۆستات).
5 بۆرییەكان.
6 پانكەی ڕادێتەر.
ئامادەكردنی: فوئاد هەورامی