دۆخی كارەبا بۆ باش نییە!؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دۆخی كارەبا بۆ باش نییە!؟

ئەو پرسیارەی رۆژانە رووبەڕووی زۆربەی ئەوانە دەبێتەوە كە لە بواری كارەبادا كاردەكەن و ئاگاداری رەوشەكەن. پرسیارێك كە لە جێی خۆیەتی و مافی هەموو هاوڵاتیەكە ئەم پرسیارە لە حكومەت و كاربەدەستان بكات، چونكە هاوڵاتی مافی خۆیەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكرێت لە هەموو بوارەكاندا و پێویست ناكات سەرقاڵ بكرێت بەوەی ئەم خزمەتگوزارییە لە كوێوە دێت و چۆن بەرهەم دێت و چەندی تێ ئەچێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە هاوڵاتی ئەبێت لە كۆتاییدا هەموو خزمەتگوزارییەكانی بۆ ژیانێكی شایستە لەبەردەست بێت.
لە بواری كارەبادا ئەكرێت بابەتەكە بەشێوەیەكی تر لێك بدەینەوە، ئەكرێت پرسیارەكە وا لێ بكەین و بڵێین ئایا وەزعی كارەبا باش نییە؟ یان ئێمە لەگەڵ كارەبا باش نین؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر بە ئاسانی دەتوانین بەپشت بەستن بە داتاكانی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و كۆنترۆڵی پارێزگاكان بگەینە ئەو راستییەی كە لەم مانگەشدا وەك هەموو كاتەكانی تر وەزعی كارەبا باشەو نەگۆڕاوە، ئەوەی كە گۆڕاوە مامەڵەی هاوڵاتیانە لەگەڵ كارەبا،
بۆ زیاتر رونكردنەوەی ئەم بابەتە توانای بەرهەمهێنانی وزەری كارەبا لە هەرێم بە نموونە وەردەگرین كە لە ئێستادا هەرێم دەتوانێت نزیكەی 6000 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت، ئەمە پێی دەوترێت توانای تەواوی كاركردنی یەكەكانی بەرهەمهێنان.
لە چەند مانگێك لەمەوپێش كە لە وەرزی پایز بووین و پێدانی كارەبا نزیك بوو لە 20 كاتژمێر لە رۆژێكدا، بەرهەمی كارەبا نزیك بە 3500 مێگاوات بوو بۆ هەرێمی كوردستان، لە ئێستاشدا هەر هەمان بڕو زیاتریشە بۆ هەمان دانیشتووان. ئەوەی كە گۆڕاوە مامەڵەی خەڵكە لەگەڵ ئەو بەرهەمی كارەبایە نەك بڕی بەرهەم و رێژەی كارەبا.
بە واتایەكی تر رێژەی بەكارهاتووی یەكەی كارەبا بۆ هەر تاكێكی دانیشتووی هەرێمی كوردستان، بە بەردەوامی لەسەرو ستانداردی جیهانییەوەیە، بەڵام لە وەرزی زستان و هاویندا ئەو رێژەیە زیاتر دەبێت، بۆیە بارودۆخی پێدانی كارەبا خراپتر دەبێت.
كەواتە دەتوانین بڵێین ئەوە مامەڵەی ئێمەیە لەگەڵ كارەبا خراپ دەبێت و دەبێتە هۆی خراپ بوونی كارەبا بە هەموو سێكتەرەكانی (بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن) نەك كەم بوونەوەی بەرهەم و خراپ بوونی كارەبا.
لێرەشدا جارێكی تر هاوڵاتی ماف خۆیەتی كە بڵێت ئاخر لە ئێستادا بۆ گەرمكردنەوە هیچ بەدیلێك نییە و حكومەت خەمی نەخواردووە، كە جارێكی تر ئەركەكە ئەخاتەوە ئەستۆی حكومەت خەمی ئەم بوارە بخوات و كارەبا نەكاتە بەدیلی سووتەمەنی.
بەڵام ئەبێت هەمووشمان خەمخۆری كارەبا و تۆڕەكانی گەیاندن و دابەشكردنی بین و بە فشاری زۆرو ناپێویست نەبینە هۆی سووتانی محویلە و لاین و وێستگەكان كە دواجار هەر خۆمان باجی بێ كارەبایی و سەرە محویلەو گرفتەكانی ئەدەین.
جێی خۆیەتی هاوڵاتیانی هەرێمیش ئەو ڕاستییە بزانن كە بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبا و كۆنترۆڵكردنی ئەم سێكتەرە لەسەر شانی كۆمەڵێك فەرمانبەری دڵسۆزە كە وەك سەربازی ون لە هەموو بارودۆخێكدا بەردەوامن لە خزمەت بە هاونیشتیمانیان و تا ئەوپەڕی تواناشیان دادەپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم سێكتەرە دەكەن.
هیوادارم ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بووە (خۆمان لەگەڵ كارەبا باش بكەین)، هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و بەپێی پێویست بەكاری بهێنین، بەدڵنیاییەوە ئەوكات كاتەكانی بوونی كارەبای نیشتیمانی زیاتر ئەبێت و تۆڕەكانیش پارێزراوتر ئەبن.

 

هه‌واڵی گرنگ