له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی گه‌رما، خه‌ڵك حه‌ز له خواردنه‌وه‌ی ئاو و خواردنه‌وه‌ی سارد و سارده‌مه‌نی ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆر كه‌س ده‌ڵێن، خواردنه‌وه‌ی ئاو به ساردی خراپه و مه‌ترسیی بۆ ته‌ندروستی هه‌یه، تا چه‌ند ڕاسته؟.
لەمبارەیەوە ماڵپه‌ڕی الجزیرە له هه‌واڵێكدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، خواردنه‌وه‌ی ئاو یه‌كێكه له پێویستییه گرنگه‌كانی ڕۆژانه، جا ئه‌گه‌ر به ساردی یان گه‌رمی بێت، هیچ له سووده‌كانی كه‌م ناكاته‌وه و هه‌ر ده‌بێ بخورێته‌وه.
لە 60%ی جه‌سته‌ی مرۆڤ له ئاو پێكهاتووه، بۆیه ده‌بێت ڕۆژانه بڕێكی زۆر ئاو بخۆینه‌وه، تا ئه‌و ڕێژه‌یه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه و چالاكییه‌كانی خۆی به‌باشی له جه‌سته‌دا بكات.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئاو به گه‌رمی، ساردی یان شله‌تێن بخورێته‌وه، پسپۆڕان ده‌ڵێن به‌پێی ویست و حه‌زی كه‌سه‌كانه، واته تۆ تینوویه‌تیت به كامه ده‌شكێ و حه‌ز له خواردنه‌وه‌ی ئاو به كام شێوه‌یه ده‌كه‌یت، ئه‌وه بۆ جه‌سته‌ی تۆ گونجاوه.
ته‌نانه‌ت وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خواردنه‌وه‌ی ئاوی سارد به خراپ ده‌زانن، پسپۆڕان ده‌ڵێن: خواردنه‌وه‌ی ئاوی سارد ده‌بێته هۆی سووتانی ڕێژه‌یه‌كی زۆری كالۆری، هه‌روه‌ها سووتانی چه‌وری و كه‌میی هه‌ستكردن به ماندوویه‌تی و هیلاكی.
به‌گشتی، خواردنه‌وه‌ی ئاو ئه‌م سوودانه‌ی هه‌یه:
1- ئاسانكردنی چالاكیی هه‌رس.
2- ڕێگریكردن له تووشبوون به قه‌بزی.
3- له‌ناوبردنی ژه‌هری جه‌سته.
4- پاراستنی پێست و سافكردنی.