دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەبەردەم پەروەردەی پارێزگاكان وەزیری پەروەردەی عێراق واژۆی لەسەر بەگرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراندنی ئەوانەیان كرد كە پێنج ساڵ ڕاژەیان هەیە .
لەمبارەیەوە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا هاتووە: "وەزیری پەروەردە واژۆی لەسەر نوسراوێكی فەرمی كردووە بۆ بەگرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ و جێبەجێكردنی بڕیاری 315 بەسەریاندا بۆ جێگیركردنی ئەوانەی ڕاژەی پێنج ساڵ و بەرەو سەریان هەیە بەپێی یاسای بودجە".
لە بەیاننامەكە ئاماژە بەوەشكراوە: "نوسراوەكە بەفەرمی بەرزكراوەتەوە بۆ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران و سبەی پەسەند دەكرێت".
ئەوەش خراوەتەروو: وەزیری پەروەردە چاوی بەنوێنەری وانەبێژان كەوتووە، گفتی ئەوەشی پێداون داوای مافەكانیان بكات لە ئەنجومەنی وەزیران.