بۆچی زۆر كەس كە بەڕۆژوو دەبن ئاسەوار و كاریگەریی رۆژووەكە لەسەریان دەرناكەوێ‌؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی زۆر كەس كە بەڕۆژوو دەبن ئاسەوار و كاریگەریی رۆژووەكە لەسەریان دەرناكەوێ‌؟

پەرستشە ئیسلامییەكان نۆرینگەی پزیشكیی رۆح و رەفتارن و دڵ و رەفتار لە هەر ژەنگگرتن و خراپەیەك پاكدەكەنەوە، بەدووری دەگرن لەو شتە زیانمەندانە كە تووشی مرۆڤی وێڵ و سەرلێشێواو دەبن.
ئەی باشە مرۆڤ چۆن چۆنی واتاو مەبەستەكانی رۆژووی دەستبكەوێت و چۆن رزگاری ببێت لە هزرە خراپەكان و لە بێباری دڵ كە هەرجارەو بە بارێكدا دەكەوێ‌..
وەڵامەكە ئەمەیە: بۆ ئەوەی سود لە هەر پەرستشێك وەربگری پێویستە لەسەرت دڵنیابی كە بە تەواوەتی خۆت رادەستی مەرجە شەرعییەكانی ئەو پەرستشە كردووە.
ئەم ئەركەش لێت دەخوازێ‌ كە:
1-پابەند بیت بە هەر پەرستشێكەوە ئەویش بەوجۆرە كە لە شەرعدا هاتووە، بەجۆرێ‌ كە بەجێگەیاندن و زیندوڕاگرتنی بە دڵ بێت نەك بە رواڵەت، ئەمەش یەكەمین هەنگاوی راستەقینەیە بۆ ئەو پەرستشە، چونكە هەركەس خۆی تەسلیم بە پەرستشی راستەقینە نەكات ئەو پەرستشەش نایگەیەنێتە نێو كرۆك و رۆحی خۆی.
2-ئەركی دووەم: نواندنی گەرموگوڕی لە پرۆسەی وەبەرهێنان و سودوەرگرتن لە هەر پەرستشێك لە كاتی خۆیدا، نابێت لە ئەنجامدانیدا شلگیری بكرێ‌ و دەبێت بە باشترین شێوە ئەنجامبدرێ‌.
ئیبن قەییم (بە رەحمەت بێت) لەمبارەیەوە دەڵێ‌: (وریابەو هەردەم وریابە لە دوو شت كە سەرئەنجامی خراپیان هەیە:
یەكێكیان: نكولیكردن و رەتكردنەوەی هەق و راستیی هەر بەوەی كە پێچەوانەی هەواو هەوسی تۆیە، چونكە ئەوكات تۆ لەسەر بێباری دڵت سزا دەدرێیت، راستەوخۆ ئەو هەق و راستییەی كە رووت تێدەكات رەتیدەكەیتەوە، ئەمەش بە ئاستێكە وات لێدەكات كە هەتا ئەو هەق و راستییە خۆی لە قاڵبی هەواو هەوسی تۆدا خۆی دەرنەخات وەریناگرێ‌ و پەسەندی ناكەیت، خوای گەورە دەفەرموی: (وَنُقَلِّبُ أَفْئِدَتَهُمْ وَأَبْصَارَهُمْ كَمَا لَمْ يُؤْمِنُوا بِهِ أَوَّلَ مَرَّةٍ...) الأنعام 110.
دووەمیان: نواندنی شلگیریی و كەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی ئەو ئەركەدا هەركات كاتی هات، جا ئەگەر تۆ كەمتەرخەم بیت تیایدا ئەوا خوای گەورەش بێ‌ هیممەت و بێ‌ تەوفیقت دەكات و وات لێدەكات دابنیشی و دەستەوسان بیت لەبەردەم دەستخستنی رەزامەندی و بەجێگەیاندنی فەرمانەكانی ئەو زاتەدا، ئەمەش وەك سزایەك وایە بۆ تۆ، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (فَإِنْ رَجَعَكَ اللَّهُ إِلَىٰ طَائِفَةٍ مِنْهُمْ فَاسْتَأْذَنُوكَ لِلْخُرُوجِ فَقُلْ لَنْ تَخْرُجُوا مَعِيَ أَبَدًا وَلَنْ تُقَاتِلُوا مَعِيَ عَدُوًّا ۖ إِنَّكُمْ رَضِيتُمْ بِالْقُعُودِ أَوَّلَ مَرَّةٍ فَاقْعُدُوا مَعَ الْخَالِفِينَ) التوبة 83.
جا هەركەس سەلامەت بوو لەم دوو دەردو بەڵا گەورەیە ئەوا با تامی سەلامەتی نۆش بكات و پیرۆزی بێت). گوتەكانی ئیبن قەییم بەرەحمەت بێت تەواو بوو كە لە كتێبی (بدائع الفوائد) لاپەڕە 1128 دا هاتووە.
لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان بە تەواوەتی خۆمان تەسلیمی واتای رەمەزان بكەین تا سزا نەدرێین بە رێگریلێكردن و بێبەشكردن و بێ‌ هیممەتی و بێ‌ تەوفیقی لە هەستان بە ئەنجامدانی پەرستشەكان، چونكە هەركەس پەرستشكردنی پێناخۆش بێت و بەلایەوە قورس بێت هۆیەكەی ئەوەیە كە لاوازە لە خۆ تەسلیمكردن و نواندنی گەردنكەچیی كە مەبەستی خوای گەورەیە لە پەرستشدا.. ئەوكاتیش ناتوانێت پەرستشەكانی وەك پێویست و وەها كە پەروەردگارمان پێیخۆشە و رازی دەبێت ئەنجامبدات، ، ئەمەش ئەو مانایە دەبەخشێت كە پەرستشەكە هیچ ئاسەوارێكی ئەرێنی دروستنەكردووە لەسەری، كاریگەریی نۆرینگەی رۆحیی لە چارەسەركردندا لەسەری دەرنەكەوتووە.
نهێنییەكە ئەمەیە كە:
دەبێ‌ پەرستشەكەت لە گەردنكەچییتەوە دەستپێدەكات كە هاودەم و دەستەملانە لەگەڵ خۆشویستنی خوای گەورە، پاشانیش بە جوان ئەنجامدانی ئەو پەرستشە، ئینجا بە ئامادەبوونت لە ژیاندا لە كاتێكدا كە دەبێ‌ مانای ئەو پەرستشە تیاتدا رەنگبداتەوە...
نهێنییەكە ئەمەیە كە: پەرستشكردن بەختەوەرییە، بەختەوەریی راستەقینەش بریتییە لە پەرستشی رۆح و بەخەرجدانی ئەوپەڕی ویست و توانا و لێبڕان و كۆششكردن بۆ ئەنجامدانی بە ئاراستەی دەستخستنی رەزامەندی پەروەردگارمان.
كەواتە هەركەس بەڕۆژوو بێت بەڵام خۆی بە تەواوەتی تەسلیمی پەروەردگارەكەی نەكردبێت، رۆژووەكەی بەو شێوەیە ئەنجام نەدابێت كە خوای گەورە دەیەوێت، هاوكات سیفەتی پارێزكاریی لە رۆژووەكەیدا دەستەبەر نەبووبێت وەها كە خوای گەورە داوای لێدەكات ئەوا رۆژووەكەی هیچ سودێكی نیەو خاوەنەكەی تام و چێژی واتای پەرستش ناچێژێ‌..
 

 

هه‌واڵی گرنگ