گوندێكی ئیتاڵیا دوای ئەوەی بۆ ماوەی (70) ساڵ بەهۆی ژێر ئاوكەوتنەوە ون ببوو، ئێستا بە دیار كەوتۆتەوەو دانیشتووانی دەوروبەری ئەو گوندە ڕووداوەكە وەكو فیلمە خەیاڵییەكان لێكدەدەنەوە.
ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی بەریتانی نووسیویەتی، لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا گوندێكی بچووك لە باكووری ئیتاڵیا بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە ژێرئاو كەوت، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە گوندەكە بە دیار كەوتۆتەوە.
ئەم گوندە پێشتر ناوی (كۆرۆنە) بووەو لەسەر دەریاچەی ریسیایە كە ناوچەیەكی سنووری ئیتاڵیایە لە نزیك وڵاتی نەمساو سویسرا، بەر لەوەی ژێرئاو بكەوێت، (160) ماڵی لێ بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی ئیتاڵیاوە بڵاو كراوەتەوە، تاوەكو ئێستا (300) تۆن لە پاشماوەكانی ئەو گوندە دەرهێندراوە.