سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق به ئاژانسێکی هەواڵی فەڕەنسای راگهیاندووه، حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی ئازادکردنی سەرکردەی حەشدی شەعبی دەخاتە ئەستۆی دادگا، چونكه حكومهت چهندین فایلی دەنگی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان ناوبراو و جێبەجێکارانی تیرۆرکردنی چالاکوانەکان رادەستی دادگا کردووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقەوە بڵاویكردهوه، حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی ئازادکردنی قاسم موسڵح سەرکردەکەی حەشدی شەعبی دەخاتە ئەستۆی دادگا، چونكه حکومەتی عێراق لەبارەی تێوەگلانی لە تیرۆرکردنی چالاکوانان، چەندین بەڵگەی دژی ئەو سەرکردەیەی حەشدی شهعبی پێشکەش بە دادگا کردووەو، حكومهت چەندین فایلی دەنگی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان موسڵیح و جێبەجێکارانی تیرۆرکردنی چالاکوانەکان رادەستی دادگا کردووە.
لهلایهكی تریشهوه، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقی، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەبارەت بە کەیسی کوشتنی چالاکوان ئیهاب وەزەنی، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، کە قاسم موسڵح کە تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی هیچ بەڵگەیەک لە دژی پێشکەش نەکراوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی له بهیاننامهكهدا ڕونیکردۆتهوه، بەپێی لێکۆڵینەوەکان و لە پاسپۆرتەکەیدا دەردەکەوێت لەکاتی کوشتنی ئەو چالاکوانە ناوبراو لە دەرەوەی وڵات بووەو، تێوەگلان و بەشداریکردنی لەو تاوانەدا ڕەتکردۆتەوەو، دادگاش هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە تێوەگلانی ناوبراو بسەلمێنێت، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری جهختی لهوهكردۆتهوه، بۆیە بڕیار درا موسڵح ئازاد بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 12 ڕۆژ ڕاگیراو، لەو ماوەیەدا هەوڵی زۆر درا بۆ دۆزینەوەی بەڵگە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەدۆزرایەوەو خێزانی وەزەنیش هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو.
له بهیاننامهكهی ئەنجومەنی باڵای دادوەری هاتووه، تاوانی کوشتنی ئیهاب وەزەنی تیرۆرەو بەپێی یاسا ئەنجامدەری لەسێدارە دەدرێت، بۆ ئەو بەڵگە قورسەش هیچ بەڵگەیەک نییە موسڵحی پێ دادگایی بکرێت و ئەو سزایە بدرێت.