وەزارەتی پێشمەرگە: داعش هەوڵ دەدات شانە نوستووەكانی خۆی زیندوو بكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

وەزارەتی پێشمەرگە: داعش هەوڵ دەدات شانە نوستووەكانی خۆی زیندوو بكاتەوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەر ماوە و پڕنەكراونەتەوە، بڕیار وابوو كە دوو لیوای هاوبەشی تێكەڵاو لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی دابمەزرێن بەڵام هێشتا هەنگاوە كۆتاییەكان ماون بەس هەماهەنگی بەردەوام و ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش هەیە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند:" داعش شێوازی كاری تیرۆریستی خۆی گۆڕیوە ئێستا وەكو گرووپی بچووك بچووك كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و لەزۆربەی ئەو ناوچانەی كە لێ بووە ئێستاش هەر ماوە وەكو عێراق، سوریا، یەمەن، ئەڤغانستان، میسر و لیبیا و وڵاتانی ئەوروپا ئیشی خۆی دەكات و لە سوشیاڵ میدیا بیروباوەڕی ئیسلامی توندڕەوی خۆی بڵاودەكاتەوە و هەوڵ دەدات خەڵكی زیاتر هان بدات و تا ئێستا مەترسیە لەسەر ناوچەكە، بینیمان پێش دوو ڕۆژ توانی پەلاماری بنكەیەكی عێراقی بدات و یازدە كەس لەو بنكەیە بكوژێت و جگە لەوەش پەلاماری زیندانی غوێرانی داوە لە ناوچەی حەسەكە و ئێستاش لەوێ هەر بەردەوامن لە شەڕ و مەترسیەكە بەردەوامە".

لەبارەی ئاماری ئێستای چەكدارانی داعش لە عێراق و ناوچە جێناكوكانی نێوان هەرێم و عێراق بەپێی زانیاریەكانی كاربەدەستانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەوبارەیەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت" كەس ناتوانێت ژمارەی ئێستای چەكدارانی داعش دیاری بكات چونكە ئەوان پشت بە شانە نوستوەكان و گرووپی زۆر بچووك بچووك دەبەستن و لە هیچ ناوچەیەك جێگیرنابێت بەردەوام لە گەڕاندایە و هەوڵ دەدات بگەرێت و شوێنێكی لاواز بدوزێتەوە لە ناو پێگەكانی هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە یان لە سوریا و ناوچەكانی تر بۆ ئەوەی پەلاماریان بدات یان بەشێوازی كەمین و قەناس لە دوورەوە یان بەدانانەوەی مین و خۆتەقاندنەوە لەو ناوچانە".

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت" داعش تەنها لەقەرەچۆغ نین لە زۆربەی ئەو ناوچانەن كە بۆشایی لەنێوانی دابەشبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی خانەقینەوە لەسەر سنوری ئێران تاوەكو ناوچەی سحێلا لەسەر سنوری سوریا كە نزیكەی 560 كیلۆمەترە جگە لەوەش لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری بەغدا و ئەنبار و ناوچەی نزیك موسل و سوریا هەن بەڵام ژمارەیان دیاریكراو نییە و خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئەم شێوازە نهێنیە بە گرووپی بچووك هەوڵ دەدەن كارە تیرۆریستیەكانیان ئەنجام بدەن و پشت دەبەستن بەو كامپانەش كە كەسوكاری داعشی تێدایە لەسەر سنوری سوریا - عێراق و لەسەر سنوری سوریا - ناوچەكانی ئوردن، هەوڵ دەدات شانە نوستووەكانی خۆی زیندو بكاتەوە و لەناو زیندانیەكاندا بەردەوامی بدات بە رێكخستنەوەی زیندانیەكان بۆ ئەوەی كاری تیرۆریستی خۆیان ئەنجام بدەن".

 

هه‌واڵی گرنگ