داواکاری گشتیی ئۆکرانیا رایدەگەنێت تەرمی 410 کەسی مەدەنییان لە ناوچەی کیێڤ لە دوای ئازادکردنی لە سوپای رووسیا دۆزیوەتەوە.
لەمبارەیەوە داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، ئیرینا ڤینیدیکتۆڤا لە پەیامێکیدا لە لاپەرەی تایبهتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کردوە: لە ھەر بستێکی ناوچەی کیێڤ کە لە سوپای رووسیا ئازادکراوە، کاری گەڕان و پشکنین بەردەوامە، ئەم کارانە بە بەشداری پشکنەرەکان، شارەزایانی تەقینەوە، شارەزایانی پزیشکی دادی، پزیشکان و تیمەکانی رزگارکردن بەڕێوەدەچێت.
ئەوەش هاتووە : لەو ناوچە نیشتەجێبووانەی کە لە نزیك کیێڤ ئازادکراوە، تەرمی 410 مەدەنییان دۆزیوەتەوە، و وتیشی: "لەو خاکانەی کە ناوچەی کیێڤ ئازادکراوە، بەڵگەی زۆر گرنگ لەسەر تاوانی جەنگی بێبەزەیی رووسیا ھەیە. ئێرە، لە خاکەکەماندا دۆزەخێکە بۆ بەبەڵگەکردنی سزادانی ئەوانەی کە ئەم کارانەیان رێکخستووە".
جەختی لەوەش کردەوە كە لەگەڵ کارەکانی دەستنیشانکردنی شایەتحاڵ و ستەملێکراوەکانی رووداوەکە کارەکانی کۆکردنەوەی بەڵگەی فۆتۆ و ڤیدیۆی کارەساتەکە بەردەوامە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئاننا مایلار جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا دوێنی ئازادکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤ لە سوپای رووسیا و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ئیرپین، بوچا، گۆستۆمۆڵ و ناوچەکانی دیکەی لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە راگەیاندبوو.