ئەو كاتەی لەسەر دراوی بەریتانیا نووسرابوو (لا اله الا الله)!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەو كاتەی لەسەر دراوی بەریتانیا نووسرابوو (لا اله الا الله)!

 

 

ئەم دراوە كە بە (دیناری زێڕی ئۆفا - Gold dinar of King Offa) ناسراوە، هی سەردەمی (شا ئۆفا - Offa Rex) یە كە فەرمانڕەوای (شانشینی مێرسیا) بووە كە زۆربەی خاكی ئێستای شانشینی یەكگرتوو (بەریتانیا) ی گرتووەتەوە.

ئەم سكەیە لە ماوەی حوكمڕانی ئەو شایە (757 – 796) ی میلادی لێدراوەو هەر لەسەر داوای ئەو نەخشێنراوە، لە دیوێكی ناوی خۆی (شا ئۆفا - OFFA REX) نووسراوە، ئەوەی جێی سەرنجە دیوەكەی تریەتی، كە بە ڕوونی (لا اله الا الله) و بە هەندێك ناڕوونیش (وحده لا شریك له) نووسراوە! پێدەچێت ناڕوونی نیوەكەی دووەم بەهۆی نەشارەزایی نەخشێنەرەكە بووبێت لە ڕێنووسی عەرەبی، بەم جۆرە لەسەر دراوی ئەوسای بەریتانیا، بەشێكی (كەلیمەی شەهادە) هەبووە، شا لەم سكەیەیدا تەقلیدی سكەكەی (ئەبوو جەعفەری مەنسووڕ) ی خەلیفەی عەباسی كردۆتەوە، كە هەر لەو دەورانە لەسەر تەخت بووە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، ئەمە گوزارشت نەبووە لە بیروباوەڕی ئاینی شا، چونكە ئەو كەسێكی پابەندی ئاینی (مەسیحیەت) بووە، بەڵام گوزارشت بووە لە بەهێزیی شارستانێتی ئەو دەمی موسڵمانان، كە فەرمانڕەوایەكی واش پێی سەرسام بووەو ویستوویەتی لاساییان بكاتەوە.

ئەم سكەیە لە زێڕ دروست كراوە، تیرەكەی (2) سەنتیمەترو كێشیشی (4.2) گرامە، ساڵی (1913) لە فرۆشگایەكی (ڕۆما) كڕراوەتەوەو گەیەنراوەتە مۆزەی بەریتانی (The British Museum)، بەڵام زیاد لە سەدەیەك دواترو لە ساڵی (2019) نمایش كراوە، ئێستا لەو مۆزەیە بە كۆدی CM 1913،1213.1 دانراوە.

(د. زانا ئەحمەد)

 

هه‌واڵی گرنگ