ئەگەر حکومەتی هەرێم بۆ هەڵگرتنی هەر هەنگاوێک و بڕیارێکی سیاسی و ئابوری ڕاوێژی بە کەسانی تایبەتمەند و یاسایی سەربەخۆکان بکردایە ئەوە ڕۆژمان بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت، خۆ لەوانەیە پرسیان بە ڕاوێژکارانی سەر بە حیزبەکانی خۆیان کردبێت، بەڵام ئەوە نابێتە ڕاوێژکردن چونکە ئەو جۆرە ڕاوێژانە مەبەستی خۆیان ناپێن لەبەر ئەوەی ڕاوێژکارەکان چاویان لە دەستی ئەو کەسانەیە ڕاوێژیان پێ دەکەن.
ئاخۆ ڕاوێژکارێکی حیزبی ئەگەر ڕاوێژیشی پێ بکرێت کە ڕاوێژی پێ ناکرێت، دەتوانێت ڕەخنە لە بڕیارێکی هەر بەرپرسێکی حکومەت و حیزبەکەی بگرێت کە سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی لە دیدی سەرکردە و حیزبەکەی خۆیەوە دەبینێت.
دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانین کە زۆرێک لە پۆستەکانی ڕاوێژکاری لە حکومەت و پەرلەمان بۆ مووچە بڕینەوە و ڕازیکردنە نەک ڕاوێژ پێکردن.
لەو هەنگاو و بڕیار و ئاریشانەی نێوان هەرێم و بەغدا ڕامێنن، ئایا ئەگەر پرس و ڕاوێژ بە کەسانی تایبەتمەند و یاساییەکان بکرایە ئاوامان بەسەر دەهات؟
- وتیان ڕیفراندۆ مەکەن... کردتان ....پاشان هەر خۆتان سڕتان کرد!
- وتیان نەوت تەسلیم بکەن..... وتتان نایکەین......پاشان کردتان!
- وتیان لیستی مووچەخۆرانمان تەسلیم بکەن.... وتتان نایکەین .... پاشان تەسلیمتان کرد!
- وتیان هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەن..... نەتانکرد .... پاشان دادگای فیدراڵی پەرلەمان و حکومەتیان لەکارخست.
- وتیان نیوەی داهاتی ناوخۆ تەسلیمی بەغدا بکەن.... نەتانکرد.........تا دادگای فیدراڵی کردی بە بڕیار.
- وتیان یاسای هەڵبژاردن هەمواربکەنەوە..... نەتانکرد......تا دادگای فیدراڵی هەمواریکردەوە.