نیشانەكانی كەمی پڕۆتین لە لەش
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نیشانەكانی كەمی پڕۆتین لە لەش

 

 

پڕۆتین یەكێكە لە ماددە خۆراكیە سەرەكیەكان بۆ تەندروستی مرۆڤ و كەمی پڕۆتین لەناو لەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر جەستەو كۆمەڵێك دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.

گرنگترین هۆكارەكانی :

1. بەدخۆراكی و كەمی خواردن و سیستەمی ناتەندروستی خواردن : كە دەبێتە هۆی بێ بەش بوونی لەش لەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ماددە پڕۆتینەكان، هەروەها خانمانی دوو گیان پێویستیان بە بڕی زیاتر لە پڕۆتین هەیە بۆ گەشەی كۆرپەلە.

2. نەخۆشیەكانی جگەر وەك هەندێك جۆری هەوكردنی جگەرو بەمۆم بوونی جگەرو وەستانی جگەر.

3. كێشەی گورچیلەكان : گورجیلەكان ڕۆڵێكی گرنگ دەبینین لە هێشتنەوەی ئاستی ئاسایی پڕۆتین لە خوێندا، ئەگەر بێتوو گورچیلەكان كێشەیەكیان هەبێت ڕەنگە ببێتە هۆی لە دەستدانی پڕۆتین لە ڕێگەی میزەوە بە تایبەت ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەو بەرزی فشاری خوێن و نەخۆشی دڵیان هەیە، هەروەها سستی و وەستانی گورچیلەكان.

4. نەخۆشی سیلیاك كە زیاتر بە نەخۆشی گەنم ناسراوە.

5. نەخۆشیەكانی هەوكردنی ڕیخۆڵەكان، (نەخۆشی كڕۆنزو نەخۆشی قوڕحەی قۆڵۆن).

نیشانەكانی كەمی پڕۆتین :

1. ئاوسانی قاچ و پێیەكان و دەم و چاو.

2. پوكانەوەو لە دەستدانی ماسوولكەكان.

3. هەڵوەرینی قژو وشكی مووەكانی قژو شكانی نینۆك.

4. نەرم بوونەوەو بێهێزی ئێسك.

5. بێهێزی و هیلاكی و شەكەتی بەردەوام و زوو ماندوو بوون.

6. بێهێزی كۆئەندامی بەرگری لەش و زوو زوو نەخۆش كەوتن.

شێوازی چارەسەركردنی :

1. لەڕێگەی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ماددە پڕۆتینەكان وەك :

(گۆشتی سوور، گۆشتی سپی وەك پەلەوەرو ماسی، هێلكەو شیرو شیرەمەنی، گوێزو بادام، قارچك و پاقلەمەنیەكان).

2. تەواوكەری خۆراكی بۆ پڕ كردنەوەی كەمی ڤیتامین و كانزاكان، هەروەها پاوەدەری پڕۆتین لە هەندێك حاڵەتدا.

3. چارەسەری هۆكاری كەمی پڕۆتین بە گوێرەی نەخۆش دەگۆڕێت وەك :

- چارەسەری كرمی و مشەخۆرەكانی ناو ڕیخۆڵەكان.

- دەرمانی دژە هەوكردن و ستیڕویدو كەمكردنەوەی مەناعە لە نەخۆشی سیلیاك و هەوكردنی ڕێخوڵەكان.

- پەیڕەوی كردنی سیستەمی خۆراكی بێ گلۆتین لە نەخۆشی سیلیاك.

- دەرمان یان نەشتەرگەری بۆ نەخۆشیەكانی جگەر.

- غەسلی گورچیلە یان زەرعی گورچیلە لە كاتی وەستانی گورچیلەكان.

(د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی – پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك)

 

 

هه‌واڵی گرنگ