چۆن لە رەمەزان 6 هەنگاو بچنە پێش
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چۆن لە رەمەزان 6 هەنگاو بچنە پێش

 

 

پیرۆزی مانگی ڕەمەزان لەوەدایە كە خوای گەورە بە پیرۆزو پایەداری ناساندووە، جگە لەوەیش مانگی پێداچوونەوەو حەسانەوەو گۆڕانكارییە لەلەشی مرۆڤ، چونكە كات و ساتی خواردن دەگۆڕێت، ئەگەر پەیڕەو بكرێت بەتەواوی، بڕی خواردنی بیست و چوار كاتژمێری كەم دەبێتەوە، مانگێكی خۆشە، چونكە ئێواران سفرە دەڕازێنرێتەوەو ئاوو خواردن تامێكی جیاوازی هەیە، شیرینی و شەربەت و شۆربا دەخورێت و دەخورێتەوە، ئەگەر شیرینییە دەستكردەكان لەسەر سفرە بگۆڕین بە میوەو كەمێك خورماو میوەی وشك ئەوا هەنگاوێكی گەورە لەتەندروستیمان دەچینە پێشەوە، ڕەمەزان بەهادارترو تەندروست ئامێزتر دەبێت.

ئەگەر ئاوو گوێزو ماستاو لەگەڵ چایەی كەمشەكر (ناڵێم بێشەكر) بخەینە جێی شیرینییە دەستكردەكان ئەوا دوو هەنگاو لە تەندروستیمان دەچینە پێشەوە.

ئەگەر كاتی خواردنی ژەمی سەرەكی ئاگاداری گەدەی خۆمان بین خواردنی زیادە نەپەستینە ناو كۆئەندامی هەرسمان ئەوا سێ هەنگاو دەچینە پێشەوە لە ڕووی تەندروستییەوە، ئەگەر شەوچەرەكانمان لە كێك و بیپسی و كاستەرو محەلەبی بكەینە چەرەزات و فراولەو قاوەو میوە مزرەكان ئەوا چوار هەنگاو لە تەندروستیمان بەرەو پێش دەچین.

ئەگەر خەوتنی تەواو بكەین (حەوت كاتژمێرو زیاتر) جا لە شەودا بێت یان لە ڕۆژدا، لەسەریەك بێت یان بە دوو سێ جار ئەوا پێنج هەنگاو تەندروستی لاشەو دەروونمان بەرەو پێشەوە دەچێت.

ئەگەر پێشتر وەرزش و جولەكار بووبین و بەردەوام بین زۆر باشترە لەوەی بە بیانووی ڕەمەزان ڕایبگرین، ئەگەر نا با لەو ڕەمەزانە دەست پێبكەین، بەتایبەتی كەش و هەوایەكی لەباری هەیە، بەو كارەیش شەش هەنگاو لەتەندروستیمان بەرەو پێشەوە دەچین.

دڵنیام كە دڵمان خۆشە بە (جەو) ی ڕەمەزان و تەراویح، دەبا تەندروستی لاشەو دەروون لەبیر نەكەین و ئاگاداری بین، دەكرێت لەو مانگە پیرۆزەدا خووە ناتەندروستەكان بەجێ بهێڵین (بە نمونە جگەرە، شیرینی، كەمجولەیی، دڵەڕاوكێ) و بە ڕەفتاری جوان و سود بەخش جێی بگرینەوە،

ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە تكایەو تكایە واز لەدەرمانەكان مەهێنن، بەڕۆژوبوون شوێنی دەرمان ناگرێتەوە، باسەوزەی ڕەنگین و میوەی ڕەنگاو ڕەنگ ماڵەكانمان بڕازێنێتەوە، هەر وەكو چۆن دڵەكانمان بە یادی خواو دەنگی قورئانی پیرۆز دەڕازێتەوە.

(د. یوسف خەتێ‌ – پسپۆری هەناوو كوێرە ڕژێنەكان)

 

هه‌واڵی گرنگ