سودانی بۆ جاری سێیەم لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سودانی بۆ جاری سێیەم لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە

كوردیو
 
تائێستا پێكهاتەكانی كەركوك لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی نەگەیشتونەتە رێككەوتن و ئەمڕۆ سودانی بۆ جاری سێیەم لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كەركوك كۆدەبێتەوە.
 
 
بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانیعێراق بۆ جاری سێیەم لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكانی كەركوك كۆببێتەوە, بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە قەیرانی یەكلانەكردنەوەی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە, كە هێزە براوەكانی پێكهاتەكانی كەركوك لە(كورد و عەرەب و توركمان) تائێستا نەگەیشتووەنەتە هیچ رێككەوتنێك بۆ ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای تازە هەڵبژاردراوی كەركوك و دابەشكردنی پۆستە سەرەكییەكان, لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراق (18)ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا.
 
بە بنبەستگەیشتنی دانوستانی پێكهاتەكانی كەركوك وایكرد رۆژی 21-2-2024 سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستوەردان بكات و بۆ یەكەمجار لایەنە براوەكانی كەركوك كۆبكاتەوە, ماوەی (7) رۆژ مۆڵەتی پێدان بۆ ئەوەی هەریەكەیان پێشنیازی خۆی لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان گەڵاڵە بكات.
 
رۆژی (3)ـی ئەم مانگەش, سودانی بۆ جاری دووەم لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك كۆبووەوە و هەرلایەنە و دید و بۆچوون و كارنامەی فەرمی خۆی لەبارەی چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك و دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان پێكهاتەكان پێشكەش بە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە پێشتر داوای لێكردبوون.
 
بەدرێژایی ئەم ماوەیە، دیدارە لاوەكیەكان لەگەڵ ئەو لیژنەیە بەردەوام بووە كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە پێكهێنراوە بۆ تاوتوێكردنی داواكاری پێكهاتەكان, ئامانجی ئەو دیدارانەش بۆ نەهێشتنی بەربەستەكان و گەیشتن بە شێوازێكی پەسەندكراو بەلای هەموو پێكهاتەكانەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك, بەڵام تائێستا لایەنەكان نەگەیشتووەنەتە رێككەوتن, سەرەڕای هەوڵەكانی سودانی.
 
دەستاودەستكردنی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگار لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك بە نۆرە یەكێكە لەو پێشنیازانە قسە و باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت, لە بنەمادا لەلایەن توركمانەكانەوە پێشنیازكراوە, هێز و لایەنە كوردییەكان و بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو پێشنیازەی رەتكردووەتەوە, لایەنە عەرەبیەكان پێشنیازەكەیان بەلاوە پەسەندە, بەڵام بەوشێوەیە نا كە توركمانەكان داوای دەكەن.
 

 

هه‌واڵی گرنگ