هەولێر ئامادەكاری بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو دەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەولێر ئامادەكاری بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو دەكات

كوردیو

پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت،" هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو خرانە ئامادەباشییەوە".

ڕۆژی یەكشەممە 17-3-2024 پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە،"کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌گه‌ڵ قائیمقام و بەرپرسانی فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، سەبارەت بە ڕەوشی کەش و هەوا و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو ڕێژە باران بارینەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت، ئەنجامدرا".

ئاماژە بەوەشكراوە،دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی کەشناسی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و پێشبینیەکانیان بۆ ڕەوشی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەی لای خوارەوە:-

یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکی عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانەی کە دەبنە هۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو.

دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەڕۆ و ئاودێری، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی ڕێرەکانی (ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).

سێیەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕیوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو.

چوارەم/ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکیەکانی دەرەوەی شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە ڕێگای سەرەکییەکان.

پێنجەم/ (ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.

شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێک و دروستبوونی هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکی نەخوازراو.

حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورسی کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی سنوورەکانیان بەرپرسیارن.

هەشتەم/ داوا لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکانبن، لەحاڵەتی باران بارینی زۆر نزیکی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەر خەمییەک لە جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان هەریەکه‌ و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیار دەبێت.

 

هه‌واڵی گرنگ