بەڕۆژووبوونی ئافرەتی دووگیان لە مانگی ڕەمەزاندا ؛
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەڕۆژووبوونی ئافرەتی دووگیان لە مانگی ڕەمەزاندا ؛

 

 

بڕیاری بەڕۆژووبوون لە كاتی دووگیانیدا لە پلەی یەكەمدا پەیوەستە بە خۆتەوە، ئایینی ئیسلام ڕێگە بە ژنانی دووگیان دەدات خۆیان لە ڕۆژوو بپارێزن ئەگەر كێشە لە تەندروستی خۆیان یان تەندروستی كۆرپەكانیان هەبێت وە دەتوانێت لە ماوەیەكی گونجاودا بیانگرێتەوە، كاریگەری ڕۆژووگرتن لەسەر خانمی دووگیان بەندە بە ماوەی گەشەكردنی كۆرپەلەو ماوەی دووگیانی و تەندروستی دایكەكە بەگشتی.

ئایا ڕۆژوو گرتن سەلامەتە ؟

ئەگەر لە ماوەی دووگیانیدا بیر لە ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان دەكەیتەوە دڵنیابە بە پزیشكەكەت بڵێ بۆ ئەوەی ئامۆژگاریت بكات و پشكنینی پزیشكی پێویست ئەنجام بدات ئاگاداربە لە ووشك بوونی جەستەو دوای ئیفتار شلەی پێویست بخۆرەوە، ئاگاداربە لە نیشانەكانی وشكبوونەوە، وەك هەستكردن بە تینوێتی زۆر، ئەگەر میزەكەت ڕەنگی تۆخ بوو، یان میزكردن بە ڕێژەیەكی زۆر كەم ئەمانە نیشانە سەرەتاییەكانی وشكبوونەوەن كە مەترسی تووشبوونت زیاد دەكەن بە گرفتەكانی بۆری میز، نیشانەكانی تری وشكبوونەوە بریتین لە سەرئێشە، سەرگێژخواردن، سكچوون و ڕشانەوە. ئەگەر هەستت بە هەریەكێك لەم نیشانانە كرد، پێویستە واز لە ڕۆژوو بهێنیت، هەروەها گرنگی بدە ئەگەر كۆرپەلە جووڵەی كەم بێتەوە دەستبەجێ پەیوەندی بە پزیشكەوە بكە، تا دەتوانیت پشوو بدەو زۆر خۆت ماندوو مەكە هەروەها پێویستی بەخواردنی شلە لەكاتی دووگیانیدا زیاد دەكات، بۆیە پێویستە ئەو خۆراكانە بخۆیت كە ئاویان تێدایە، وەك شۆربای قیمەو شۆربای سەوزەو میوە، دووربكەوەرەوە لە خواردنی خۆراكی خوێ، چونكە تینوێتی زیاد دەكات، هەروەها خواردنەوەكانی كافاینیان تێدایە، چونكە میزهەڵگرن و دەبنە هۆی ئەوەی تووشی وشكبوونەوە بیت، وە لەبیرت نەچێت ترشی فۆلیك و ڤیتامین D بخۆیت، ئەگەر بڕیارتدا لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو بیت، ئەوا ڕەنگە بیر لە ڕۆژووگرتنی هەندێك ڕۆژ لە مانگەكە بكەیتەوە نەك تەواوی مانگەكە، بۆ ئەوەی بتوانیت باشتر كۆنتڕۆڵی بابەتەكە بكەیت وە كاتێك ڕۆژوو دەشكێنیت، شەكری زۆر مەخۆ لەناكاو، وە هەوڵبدە ئەو خۆراكانە بخۆیت كە وزە بە هێواشی بەرهەم دەهێنن، وەك ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە پرۆتین وەك هێلكەو گۆشت و سەوزەوات.

(د. رۆناك عەبدولرەحمان قادر – پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی ئافرەتان و دووگیان بوون)

 

هه‌واڵی گرنگ