ئاو زۆر بخۆنەوە، ئەم سوودانەی هەیە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئاو زۆر بخۆنەوە، ئەم سوودانەی هەیە

 

 

ئاو خواردنەوە یەكێكە لە باشترین ڕێگاكان بۆ پاراستنی تەندروستی جومگەو ماسولكەكان و كەمكردنەوەی ئازارو باشتركردنی جووڵە.لەبەرئەوەی ئاو پێكهاتەیەكی گرنگە بۆ لەشی مرۆڤ و لە (70%) ی پێكهاتەی جەستە پێكدەهێنێت، یارمەتی سوڕی خوێن دەدات، پاشەڕۆی لەش دەكاتە دەرەوەو قەبزی ناهێڵێت.

خواردنەوەی ئاو پێش نان خواردن دەبێتە هۆی ئەوەی ئارەزووی نانخواردنت كەمتر بێت، بەتایبەت لە كەسێكدا بیەوێت كێش دابەزێنێت، جگە لەوەی وشكبوونەوەی خانەكانی لەشی مرۆڤ كاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر لەشی مرۆڤ، هەندێك جار دەبێتە هۆی سەرئێشەو ئازاری هەموو جەستە، گرژی ماسولكەكان، هەروەها كاریگەرییەكی خراپی هەیە لەسەر ووشكبوونەوەی دیسكی بڕبڕەكانی پشت و ڕێژەی لینجی جومگەكان، جگە لەكاریگەریەكانی تری ئاو.

هەرچەندە خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە، بەڵام یەكێك لە كێشە گەورەكان ئەوەیە كە ڕێژەیەكی زۆری خەڵك ئاو بە ڕێژەی پێویست ناخواتەوەو ڕقی لە ئاو خواردنەوەیە.

بۆیە لێرەدا چەند ڕێگە چارەیەك باسدەكەین كە دەتوانرێت جێبەجێبكرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی خواردنەوەی ئاو زیادبكەیت ڕۆژانە :

- هەوڵبدە تام زیادبكەیت بۆ ئەو ئاوەی دەیخۆیتەوە، وەكو زیادكردنی دوو سێ قەترە ئاوی پرتەقاڵ یاخود لیمۆ، یاخوود هەندێ گژووگیا بۆ ئاوەكە بۆ ئەوەی تامێكی بۆ زیاد كات پێت بخورێتەوە.

- ئەنجامدانی هەندێ وەرزش كە هەستی تینویەتی زیاد دەكات و وات لێدەكات ئاو زیاتر بخۆیتەوە، بەشێوەیەكی سروشتی، وەكو ڕۆشتنی خێرا یاخود ڕاكردن.

- خواردنی سوپ و شۆربا كەڕێژەیەكی زۆر ئاوی تێدایە، بەڵام دەبێت دووركەوینەوە لەو جۆرانەی كە خوێی زۆری تێدایە، چونكە كالۆری زۆریان تێدایە.

- دەتوانیت لەڕێگەی زیادكردنی خواردنی ئەو میوانەی كە ئاویان زۆرە وەكو شووتی، پرتەقاڵ، كاڵەك، هەروەها خواردنی ئەو سەوزانەی ئاویان زۆرە، وەكو خەیار، تەماتە، كاهوو.

- ئەنجامدانی هەندێ ڕێگە بۆ وەبیرهێنانەوەی كاتی ئاوخواردن وەكو هەندێ تەتبیقاتی سوودبەخش لە مۆبایلەكەتدا كە بیرت دەخاتەوە كاتی ئاوخواردن.

- بەكارهێنانی كوپی ڕەنگاو ڕەنگ و سەرنج ڕاكێش بۆ ئاو خواردنەوە، بۆ هاندانی ئاو خواردنەوە.

- خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی ڕێگری دەكەن لە ووشكبوونەوەی خانەكانی لەش وەكو شیر، شەربەتی فرێش، چای بێ كافایین.

چ كاتێك باشترین كاتە بۆ ئاو خواردنەوە ؟

1. دوای هەستان لە خەو.

2. نیو كاتژمێر پێش نانخواردن.

3. پێش وەرزش و دوای وەرزش.

4. كاتی برسیەتی نێوان ژەمەكان.

5. لەكاتی بێهێزی و نەخۆشی و هەموو ئازارێك بە گشتی و سەرئێشە بە تایبەتی.

(د. هەڤین كەمال شاە موحەمەد – پسپۆڕ لە زانستی ئازارو بەنج)

 

هه‌واڵی گرنگ