یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هۆبەی ڕاگەیاندنی زانكۆ هەڵدەستێت بە وێنەگرتنی خوێندكاراران و هیچ ستاف و كۆمپانیایەك ناهێنرێتە ناو زانكۆ بۆ ڕازاندنەوەی مێز و وێنەگرتن.
ئەمرۆ یەك شەممە 21_ی نیسان_ی 2024 د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران ڕایگەیاندووە، ” خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆ ئاگادار دەکەینەوە، لەپێناو بارودۆخی دارایی خوێندکاران، بۆ یەکەمینجار لەبری کۆمپانیا، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی (هۆبەی ڕاگەیاندن) هەڵدەسێت بە دابینکردنی ستافی وێنەگرتن و کامێرا بەمەبەستی گرتنی وێنەی دەرچوون بۆ خوێندکاران .
ئاماژەی بەوەش كردووە، وێنەکان لە ماڵپەڕی فەرمی زانکۆ دادەنرێت و خوێندکار دەتوانێت وێنەکە بەدەست بهێنێت.
ئەوەشی خستۆتەروو، وێنەی دەرچوون تەنیا وێنەگرتنە، بەڵام بەشێک لە خوێندکاران فێربوون کۆمپانیایان دەهێنا بۆئەوەی شوێن دیاری بکەن و مێزیان بۆ بڕازێننەوە، بەڵام بڕیار دراوە خوێندکاران تەنیا وێنەی دەرچوون بگرن و ڕێگە نادرێت هیچ کەسێک ئاهەنگێکی دیکە بکات.