ئەمڕۆ ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمڕۆ ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات

ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە یاوەری شاندێكی باڵا سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكوەیزرانی كۆببێتەوە و پاشانیش سەردانی هەولێردەكات و چاوی بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەوێت.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: سەردانە چاوەڕوانكراوكەی سەركۆماری توركیا، بۆ عێراق، هەنگاوێكی گرنگە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوەشدا كە لە میانی سەردانەكەدا، ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ لەنێوان بەرپرسانی توركیا و عێراق، تاوتوێ دەكرێن.

سەردانەكەی ئەردۆغان دوای 12 ساڵ دێت كە دوایین جار سەردانی عێراقی كردووە، بۆ ئەم سەردانەش نزیكەی ساڵێكە ئامادەكاریی دەكرێت كە ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ لە بەرنامەی كاری سەردانەكە دایە كە لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، تاوتوێ دەكرێن و رێككەوتنی لەسەر دەكرێت.

لەبارەی دۆسیەی ئاو یەكێكە لە دۆسیە گرنگەكانی نێوان توركیا و عێراق، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆكی توركیا كار لەسەر كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاو دەكەن و ئەم سەردانە ئەنجامێكی ئەرێنی دەبێت بۆ هەردوو وڵات، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە لێدوانێكیدا ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا پرسی ئاو گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و بەپێی رێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا دەبێت پشكێكی دادپەروەرانەدا لە ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات بۆ عێراق بنێردرێت.

سەردانەکەی ئەردۆغان لەدوای سەردانەکەی سودانییە بۆ ئەمریکا کە 6 ڕۆژی خایاند، لەو ماوەیەدا چەندین خاڵی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران، جگە لە واژۆکردنی دەیان ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

تورکیا و عێراق پێشبینی بەروپێشچونی گەورە لە پەیوەندییەکانیان دەکەن لە سەردانەکەی ئەردۆغان، بەتایبەت کە سودانی دەیەوێت دوبارە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە داڕێژێتەوە، هەروەک پێشبینی دەکرێت، وەک لە ئەنقەرە و بەغدا ڕاگەیەندراوە، ڕێککەوتنێکی چوارچێوەی ستراتیژی واژۆ بکەن کە لایەنی ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان و هەروەها فایلەکانی ئاو و وزە لەخۆ بگرێت.

جگە لەوەش، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیادا، دەیان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە لایەنە جیاوازەکانەوە واژۆ دەکرێن کە دەکاتە 37 یاداشتی لێکتێگەیشتن.

ئەردۆغان لە لێدوانی هەفتەی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە ئەنقەرە، پشتڕاستی کردەوە کە پرسی ئاو یەکێک دەبێت لە گرنگترین بابەتەکانی بەرنامەی کار لە کاتی سەردانەکەی بۆ عێراق.

ئەردۆغان وتی: ئێمە دیراسەی ئەو داواکاریانە دەکەین کە لایەنی عێراقی سەبارەت بە ئاو پێشکەشی کردوون ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم کێشەیە لەگەڵ ئەوان چارەسەر بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد: هەروەها پرسگەلێکی پەیوەست بە ڕۆیشتنی غازی سروشتی و نەوت بۆ تورکیا هەیە و هەوڵدەدەین بەهەمان شێوە چارەسەربکەین.

تورکیا هەوڵدەدات بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نەهێڵێت،لەو چوارچێوەیەشدا زنجیرەیەک دیدار ئەنجامدراوە، سەرەتا بە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی لە ئەنقەرە لە 19ی کانونی یەکەم دەستیپێکرد، دواتر سەردانی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری و ئەمنی دوو وڵات، جگە لە سەردانەکانی لەلایەن بەرپرسانی تورکیا بۆ هەولێر.

ئەنقەرە پێی وایە بەغدا بەو قەناعەتە گەیشتووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەری هەروەک بۆ تورکیا، لەم دواییانەشدا بە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوی ناساندو،تورکیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان بۆ نەهێشتنی بوونی پەکەکە لە باکوری عێراق بە هاوکاری لەگەڵ بەغدا دەستپێبکات، کە بەشداریکردنی لەم هەوڵانەدا بەستەوە بە هاوکاری لە فایلەکانی وزە و ئاو و گواستنەوە، جگە لەوەش بۆ پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.

سەرچاوەکانی تورکیا پشتڕاستیان کردەوە کە پلانی ئۆپراسیۆنێکی گەورە بۆ نەهێشتنی پەکەکە ئامادەیە، و بڕیارە لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا تاوتوێی جێبەجێکردنی بکرێت، هەروەها ئامانجی داخستنی سنوورەکە بە درێژایی 378 کیلۆمەتری بە تەواوی تا قووڵایی 40 کیلۆمەتر، هاوشێوەی ئەوەی لە باکووری سوریا کاری لەسەر دەکرێت.

هەروەها پرۆژەی "رێگای گەشەپێدان"ی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کە ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، لەگەڵ هەناردەکردنی نەوت، ئەولەویەتە ئابورییە سەرەکییەکان دەبێت، کە لە سەردانەکەی ئەردۆغاندا ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.

 

هه‌واڵی گرنگ