داوادەکرێت کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی چارەسەربکرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

داوادەکرێت کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی چارەسەربکرێت

یەکێتی داوا دەکات پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە میانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق چارەسەر بکرێت.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند، "گرنگە بۆ عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی باشتر بکات، بەتایبەت ئێستا کە بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە، سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش بۆ عێراق لەو چوارچێوەیەدایە و چەندین پرسی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکەن".

هەروەها وتیشی: "فراکسیۆنەکەمان لەماوەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە نووسراوی رەسمی داوامان کرد لەکاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیادا بۆ عێراق، سەرۆک وەزیران پرسی چارەسەرکردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ چارەسەر بخاتەڕوو".

هەرێم کەمال وتیشی، "عێراق و تورکیا پەیوەندییەکی ئابوری بەهێز بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە و ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەیە و هەردوو وڵات بۆ یەکتر گرنگن، هاوکات پرسی ئاسایشی ئاو بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و عێراق دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پرسەکانی سیاسی و ئەمنی و چەندین پرسی دیکە لەنێوان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق دا تاوتوێ دەکرێن".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ڕاشیگەیاند: "لە عێراق پرسە نێودەوڵەتییەکان بەپێی دەستوور یەکلایی دەکرێنەوە و لە دەستووردا هاتووە، بە هیچ شێوەیەک نابێت عێراق ببێتە مەترسی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە پێویستە رێز لە سەروەری خاک و ئاسمانی عێراق بگیرێت و نەبەزێندرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "مەرج نییە ئەوەی تورکیا داوای دەکات، عێراق بتوانێت جێبەجێی بکات، بەتایبەت لەڕووی ئەمنی و سیاسییەوە کە بێگومان بۆ تورکیاش ئەم بۆچوونە راستە و مەرج نییە ئەوەی عێراق داوای دەکات، تورکیا بتوانێت جێبەجێی بکات".

 

هه‌واڵی گرنگ