نەخۆشی پاقلە نەخۆشییەكی بۆماوەییە، بەهۆی كەمی ئەنزیمێكی خڕۆكە سوورەكانی خوێنەوە ڕوودەدات، بەزۆری لە كوڕاندا دەردەكەوێت، دەشڵێت، نەخۆشییەكە لە منداڵی تازە لە دایكبودا بەشێوەی زەردویی دەردەكەوێت.
نیشانەكانی نەخۆشی پاقلە كامانەن ؟
لە منداڵی تازە لە دایكبوودا بەشێوەی زەردویی دەردەكەوێت.
لە تەمەنەكانی تردا كاتێك منداڵەكە پاقلە یان هەندێك دەرمان بخوات ئەوا ڕەنگی منداڵەكە زەرد دەبێت و خوێنی دادەبەزێت و توشی زەردوی دەبێت و میزەكەی ڕەنگی وەك ڕەشی لێ دێت، چونكە خڕۆكە سوورەكانی خوێنی شی دەبێتەوە.
دەست نیشانكردنی نەخۆشیەكە بە چی ڕێگایەك دەبێت ؟
نەخۆشییەكە لە ڕێگەی نیشانەكانی هەبوونی نەخۆشییەكە لەناو ئەندامانی خێزان یان كەس و كاری نزیكیان هەروەها لەڕێگەی پشكنینی خوێن بۆ ڕێژەی خوێن و زەردویی و ڕێژەی ئەنزیمەكەوە دەبێت.
نەخۆشییەكە چۆن چارەسەر دەكرێت ؟
- نەخۆشەكە چاودێری دەكرێت و ئەگەر خوێنەكەی زۆر دابەزی خوێنی تێدەكرێت، هەندێ جاریش فۆلیك ئەسید بە نەخۆشەكە دەدرێت.
- بۆ چارەسەری زەردویش لە منداڵی تازە لەدایكبوودا وەك نەخۆشی زەردوی چارەسەر دەكرێت.
خۆپاراستن لە نەخۆشی پاقلە چۆن دەبێت ؟
1. دوركەوتنەوە لەخواردن و بۆنكردنی پاقلە.
2. دووركەوتنەوە لەو دەرمانانەی، كە ئەم حاڵەتە دروست دەكەن وەك گروپی سەڵفا، ئەسپرین، دەرمانی دژە مەلاریا.
تێبینی : ئەگەر كەسێك نەخۆشی پاقلەی نەبێت ئەوا خواردنی پاقلە بەسوودە.
(د. كامەران ئەحمەد – پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان)