"دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق خراپتربوون"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

"دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق خراپتربوون"

كوردیو 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت،"بەهۆی سنوورداركردنی زیاتری ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لەلایەن هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، لە ساڵی رابردوودا, دۆخی مافەکانی مرۆڤ خراپتربوون".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەیدا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، کە رۆژی دووشەممە 22-04-2024 بڵاویكردووتەوە, لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاندووە،"چەندین پێشێلکاری كراوە, لەوانە، کوشتنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردن, ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی نامرۆڤانە، مامەڵەی توند لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و بارودۆخی مەترسیدار و سەختی نێو زیندانەکان, دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی".
 
ئاماژە بەوەشدراوە،"بەشێکی تری پێشێلکارییەکان, بریتین لە هێرشکردن و زیانگەیاندن بە خەڵکی مەدەنی، توندوتیژی یان هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەوانان، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان و دەستوەردانی بەرچاو لە ئازادیی گردبوونەوە و گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکانی ناوخۆ بۆ ئەو شوێنانەی کە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە بۆ سەر ژیان و ئازادییان".
 
ئەوەشخراوەتەڕوو،"لە مانگی تەممووزی رابردوودا، سێ بەرپرس لە هەرێمی کوردسان کوژراون, لەوانە محەممەد میرزا, لە رێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە زاخۆ کوژرا, دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پەکەکەی تۆمەتبار کردووە بە کوشتنی، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە".
 
باس لەوەشكراوە،"هەر لەو مانگەدا چەکداری نەناسراو، دوو ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت و یەکێکی دیکەشیان بریندارکردووە".
 
راپۆرتەکەی وەزارەتی ئەمریکا دەڵێت،"زیندان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە دۆخی خراپدان, بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویست، قەرەباڵغی زیندانییەکان، ئەشکەنجەی جەستەیی و پیسی زیندانییەکان و چاودێری تەندروستی و مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکان".
 
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە،"لە هەرێمی کوردستان, ژمارەی گیراوان زۆر زیاتربوون لە رووبەری زیندانییەکان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانییەکان (157%)بووە, زیندانیانی نێوجەوانان لەگەڵ گەوران دانراون".

 

هه‌واڵی گرنگ