ئەندازیارانی یەكگرتوو: ئەنجومەنی سەندیكا و كۆمیتەی باڵا ناتوانن لەهەژموونی دوو حزبەكە خۆیان دەرباز بكەن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەندازیارانی یەكگرتوو: ئەنجومەنی سەندیكا و كۆمیتەی باڵا ناتوانن لەهەژموونی دوو حزبەكە خۆیان دەرباز بكەن



لەبەیاننامەیەكدا، بەبۆنەی ئەنجامنەدانی كۆنگرەی سەرتاسەری ئەندازیاریانی كوردستان بەپاساوی بێبنەمای هەردوو سەندیكای (یەكێتی ئەندازیارانی كوردستان) زۆنی سەوز و (سەندیكای ئەندازیارانی كوردستان)ی زۆنی زەرد، كەبڕیار بوو لە (27/4/2024) ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی ئەندازیارانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەمجارەش وەك جارانیتر (سەندیكای ئەندازیاران) لەهەولێر و (یەكێتی ئەندازیاران) لەسلێمانی ئیعلانی بێتوانایی‌ ودەسەوسانی خۆیانیان كرد.

ئەنجومەنی ئەندازیارانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڵاویكردەوە: ئەمجارەش وەك جارانیتر (سەندیكای ئەندازیاران) لەهەولێر و (یەكێتی ئەندازیاران) لەسلێمانی ئیعلانی بێتوانایی‌ ودەسەوسانی خۆیانیان كرد بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو (یەكێتی وسەندیكا) ‌وبەستنی كۆنگرەی سەرتاسەری، دیسانەوە سەلماندیانەوە كە (ئەنجومەنی سەندیكا) و(كۆمیتەی باڵا)ی ئەم دوو ڕێكخراوە ناتوانن لەهەژموونی دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەیان، خۆیان دەرباز بكەن و بۆ تەنها یەكجاریش بێت ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەندازیاران.

ئەندازیارانی یەكگرتوو راشیدەگەیەنن: ئەم دوو ڕێكخراوە بەئیعلانكردنی فەشەلیان لەبەستنی ئەو (كۆنگرەی یەكگرتنەوە)یەی كەبڕیار بوو لە (27/4/2024 ) ئەنجام بدرێت، كەزیاتر لە (‌7) مانگە لاف وگەزافی بۆ لێدەدەن‌، كەمێك دڵی تۆراوی ئەندازیارانیان پێ خۆش دەكرد، دوای ئەم هەموو كێشمەكێش‌وچەندین جار دواخستن، ئێستا بەتەواوی دەریانخست كەتەنها دوو ڕێكخراوی حزبی بەرژەوەندیخوازن‌و، ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئەندازیاران ‌وبەرەو پێشبردنی كایەی ئەندازیاری هەرێم ‌وخەمخۆری ئەندازیارانە. تەنها لەخەمی ڕازیكردنی حزب ‌وپاراستنی بەرژەوەندی حیزبەكانیانن، كاریان بووەتە پارە كۆكردنەوە لەئەندازیاران ‌ونووسینگەكانیان‌ .

ئەوەشخراوەتەڕوو: دەبوو بەجورئەتەوە‌وپیشەییانە بۆ یەكجارییش بێت، سەنگەری تەسكی حزبایەتییان جێهێشتایە و‌بهاتنایەتە ڕیزی ئەندازیارانەوە و ئەو مێژووەیان زیندوو كردایەتەوە كەچۆن ئەندازیاران لە(27/4/1992)دا یەكەم ڕێكخراو بوون لەكوردستاندا ونەقابەی مهندسینیان بەناوی (یەكێتی ئەندازیارانی كوردستان)یان ڕاگەیاند وپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانیش كەوتن، بەڵام بەداخەوە، نەك ئێستا و دوای ئەم هەموو ماوەیە لە لەتكردن، دیسان‌ئەندازیاران تێوە بگلێنن لەو یارییە ناشیرینەی حزبە دەسەلاتدارەكان دەیكەن ‌وبەنووسراوێك لە (21/4/2024) دا، پاساوی بێبنەما بهێننەوە بۆ نەبەستنی كۆنگرەی سەرتاسەری بەناجێگیری بارودۆخی سیاسی ‌وئاڵۆزی پەیوەندی حزبەكان.

لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: ئێمە لە (ئەنجومەنی باڵای ئەندازیارانی یەكگرتوو) پاڵپشت بە هیممەتی ئەندازیاران، داوا دەكەین لەداواكاری گشتی ولایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ودەسەڵاتە فیدراڵییە پەیوندیدارەكان بەسەندیكا وكۆمەڵەكان ولەپێش هەمووشیانەوە ئەندازیارانی خەمخۆر فشارەكان زیاتر بكەین بۆ سەر هەردوو سەندیكاكانی ( یەكێتی ) و ( سەندیكا)ی ئەندازیارانی كوردستان بۆ واز هێنان لەم یارییە ناشیرینەی ئەنجامی ئەدەن. بەهەموومانەوە بەئاڕاستەی بەستنی كۆنگرەیەكی ڕاستەقینەی سەرتاسەری ئەندازیارانی كوردستان و دوور لەدەست تێوەردانی حزبە دەسەڵاتدارەكان، وكۆتاییهێنان بەم یاری ( یەكگرتنەوەی ئەندازیاران )، بۆیە بەهاوكاری ئەندازیاران بەردەوام دەبین لەدروستكردنی فشاری (مەدەنی، ئیداری، یاسایی) لەپێناو نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینە وبێلایەن، بەشێوەیەك هەموومان ئەم سەندیكا نوێیە بەماڵی خۆمانی بزانین.

 

هه‌واڵی گرنگ