بۆچی موسعەب
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی موسعەب

ئا: ئاسۆ حەمید

قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم هێندە ئاڵۆز بووە ، هەموو كایەكانی كۆمەڵگای توشی زیانی راستەوخۆ كردوە . لەم ئان و ساتە قورسەدا كە 5 لایەنەكە و تەواوی پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان لێدوانی جۆراو جۆر و بارگاوی رادەگەیەنن ، رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن هۆكاری سەرەكین بۆ گواستنەوەی هەموو ئەو دیوە ئاڵۆزەی قەیرانی سەرۆكایەتی . ئەم واقیعە وایكردوە ، رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن بخرێنە ناو بازنەیەكی سورەوە و ناحەزان و پیلانگێڕان هەوڵی وەشاندنی زیان بدەن لێرە و لەوێ .

روداوی هەڵكوتانە سەر ماڵی موسعەب عەزیزی رۆژنامەنوسی كەناڵی ئاسمانی سپێدە و شكاندنی دەرگای دەرەوە و دەرگای ماڵەوەیان ، سەرەتایەكی ترسناكە بۆ ئەم واقیعە ئاڵۆزە . كە لەگەڵ خۆیدا چەندین ئەگەر و پرسیار و گومان هەڵدەگرێ .

بۆچی كەسی ئەم رۆژنامەنووسە كراوەتە ئامانج ؟ ئایا لەبەر ئەوەی رۆژانە لە كەناڵی ئاسمانی سپێدەوە میوانداری چاودێران و رۆشنبیران و سیاسەكان دەكات و ، ئەم قەیرانە دەخاتە بەر تیشكی شیكردنەوە ؟

بۆچی ئەم رۆژنامەنوسە كراوەتە ئامانج ؟ ئایا لەبەر ئەوەی خەڵكی بادینانە و كەسانێك رقدارن بە هەڵوێستی 4 پەرلەمانتارەكەی بادینان ؟

بۆچی ئەم رۆژنامەنوسە كراوەتە ئامانج ؟ ئایا لەبەر ئەوەی موسعەب رۆژنامەنوسێكی كارای كەناڵی ئاسمانی سپێدەیە و . خەڵكانێك هەن نیگەرانن بە روماڵ كردنی ئەم كەناڵە بۆ ماجەرای روداوەكانی قەیرانی سەرۆكایەتی ؟

بۆچی ئەم رۆژنامەنوسە كراوتە ئامانج ؟ ئایا لەبەر ئەوەی هەڵكوتانە سەر موسعەب نامەیەكی راستەوخۆیە بۆ كەناڵی ئاسمانی سپێدە ؟ نامەیەك دەخوازێت دەنگە جیاوازەكان كپ كات ؟ یاخود ئەمەی رویدا هەوڵێكە بۆ راوكرن لە ئاوی لێڵدا ؟

وەڵامی ئەو پرسارانە هەرچیەك بن ، روداوەكە پرسی ئازادی رۆژنامەگەری جارێكی تر دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، ئایا دەكرێ لە هەر قەیرانێكدا پێش هەموو كەس رۆژنامەنوسان بكرێنە ئامانجی ئەم و ئەو ؟ سیاسی و پەرلەمانتاران ئەم دۆخەیان گەرم و ئاڵۆز كردوە ، بەڵام رۆژنامەنوسان باجەكەی ئەدەن ؟ ئەگەر خەڵكانێك تورەن ، باشتر وایە بە رێگای یاسایی و ئاسایی تورەیی خۆیان بەسەر سیاسی و پەرلەمانتارانا ببەخشنەوە ، نەك چینی رۆژنامەنوسان باجەكەی بدەن ، كە ئەركیان بریتیە لە گەیاندنی راستیەكانی واقعی ئەم قەیرانە بە جەماوەر .

 

هه‌واڵی گرنگ