كوردیو ـــ ئیسحاق عەلائەدین
"سەفا قاسم" كە كچێكی عێراقیە بۆ پارێزگاری لە خۆی لە گێچەڵی سێكسی كوران لە جانتاكەیدا لە جیاتی ئامادەكاری جوانكاری و بۆنی خۆش "گۆچانی كارەبایی" هەڵگرتووە بەتایبەتی كاتێك بەناو بازار و شەقامەكاندا یان لە جەژن و بۆنەكاندا بە شوێنە تەرفیهی و گەشتیارەكاندا دەروات .
دیاردەی گێچەڵی سێكسی لە دوای پرۆسەی رزگار كردنی عێراق لە ساڵی 2013دا زۆر بە خێرایی گەشەی كرد و پەرەی سەند ، و لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە پێشی پێ نەگیرا و دژی نەوەستانەوە ، ئەمە وتەی هاوڵاتیانی عێراقییە .
سەفا قاسم (كچێكی تەمەن 30 ساڵ) كارمەندی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "گێشەڵی سێكسی تەنانەت لە ڕۆژانی ئاسایدا لەلایەن لاوانەوە بەردەوامە ، بەڵام لە ڕۆژانی جەژن و بۆنەكاندا زیاترە ، بۆیە ناچار دەبم چەك هەڵبگرم و بیخەمە جانتاكەمەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆم بكەم لەبەرامبەر هەندێك هەڵسوكەوتی ناڕەوشتی هەندێك لە لاوانەوە كە بەرامبەرمان دەكرێت ، بەتایبەتی لە لایەن هەرزەكارانەوە" .
سەفا قاسم وتیشی: "بەوپێیەی ئاسایشی تاكەكەسی بە گشتی كاری كچان و ئافرەتان خۆیانە بەتایبەتی لە بۆنەیەكدا بە هۆی نەبونی یاسا و نەبونی هێزەكانی ئاسایش لە كۆمەڵگەی عێراقیدا كە بۆ شوێنە گشتیەكان ئەرۆن كاری نەخوازراو دروست دەبێت" .
بەردەوام سكاڵا
خێزانی عێراقی بەردەوام لە دەست لاوان سكاڵا دەكەن كە هەمیشە كچەكانیان ئازار ئەدەن و گێچەڵی سێكسیان بەرامبەر دەكەن ، لەلایەن لاوی تەمەنی پانزە ساڵیەوە تا ئەگاتە سەروی تەمەنی چل ساڵیەوە ، بەتایبەتی لە شوێنە گشتیەكان و پاركەكاندا هەوڵ ئەدەن گێشەڵی سێكسی بەرامبەر كچان و ئافرەتانمان بكەن .
بەڵام "ریم سامەرائی" كە هاوڵاتییەكە لە بەغدای پایتەخدا ئەژیت قسەی كرد لەسەر ئازارەكان و نارەحەتیەكانی كە بەهۆی گێچەڵی سێكسیەوە توشی ئەبێت بەتایبەتی كە بۆ شوێنە گشتیەكان ئەڕوات وتی: "لە جوڵەی لاوان هەست بە ترس دەكەم ، بەتایبەتی جوڵەی هەرزەكاران ، ئەو هەرزەكارانەی ناویان زڕاوە ، ئەوەش لە بۆنەكاندا زۆر زیاتر بونی هەیە" .
هەروەها وتی: "لەلایەن گەنجانەوە توشی گێچەڵی سێكسی بومەتەوە بە دەست لێدان لە لاشەم ، یان وتنی وشەی نەشیاو بەرامبەرم ، بۆیە ناچار بوم گۆچانی كارەبایی هەڵبگرم و بەردەوام پێم بێت ، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆم بكەم و كەرامەتی خۆم بپارێزم" .
دەماچە و گۆچانی كارەبایی
بەهۆی زیادبونی دیاردەی گێچەڵی سێكسیەوە زۆربەی كچان ناچاربوون كە دەماچە و گۆچانی كارەبایی بكرن ، بۆ بەرگری لە خۆیان بەكاری بهێنن بەتایبەتی لەو كاتانەی كە ڕوبەڕوی دەست درێژی كردنە سەر و ڕفاندن و گێچەڵی سێكسی یان دزین و پەلاماردان لەلایەن لاوانەوە دەبنەوە ، هەمو ئەوانە هۆكارن بۆ ئەوەی هەمو جۆرە چەكێك لە بازاردا بفرۆشرێت .
عمار غەرباوی (تەمەن 43 ساڵ) خاوەنی دوكانی فرۆشتنی چەكە لە ناوچەی باب شەرقی لە بەغدا دەڵێت: "كچان و ئافرەتان لە بۆنە و جەژنەكاندا پێشوازی زیاتر دەكەن و دەماچە و گۆچانی كارەبایی زۆرتر دەكڕن" .
هەروەها غەرباوی وتی: "زۆرترین ئەو چەكانەی كە لەلایەن كچان و ئافرەتانەوە داواكاری هەیە گۆچانی كارەباییە ، چونكە بچوكە و نرخی گونجاوە كە تەنها (30) هەزار دیناری عێراقیە" .
حكومەت و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان
لە هەمان چوارچێوەدا (ماجد عامری) كارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: "وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و تەواوی دەزگاكانی تری ئاسایش پلانێكی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی پاركەكان و شوێنە گشتیەكان لە كاری تێكدەرانە بپارێزن ، هەروەها لەناو بردن و ڕێگری كردن لە دیاردەی گێچەڵی سێكسی ، ئەوەش لە ڕێگەی بونی هێزە ئەمنیەكان بە جلی فەرمی لە شوێنە گشتیەكاندا بۆ پاراستنی خێزانەكان لە دەست ئەو هەرزەكار و لاوانە تا نارەحەتیان نەكەن" .
هەروەها عامری وتی: "وەزارەتی ناوخۆ ئامرازی تازەی داناوە كە توانای هەیە ژمارەیەكی زۆر بە ئاسانی بتوانن مۆڵەتی دەماچە وەربگرن ، وە زۆرترین داواكاریش لە لایەن كچان و ئافرەتانەوەیە" .
هۆكارەكانی گێچەڵی سێكسی
"نادیە جبوری" توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت: "دیاردەی گێچەڵی سێكسی ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەبێت ، ئافرەتی سفور لەگەڵ ئافرەتی داپۆشراو ڕێگر نیە بۆ كەمبونەوەی دیاردەی گێچەڵی سێكسی لە بەردەم ئافرەتی عێراقدا و بەردەوام لە چونە دەرەوە و لە كاتی كاركردن و رۆیشتنیان بۆ زانكۆ و لە كاتی گەشت كردن لە ترس دان ، سەرەرای ئەوەی كچان و ژنان بە ڕۆژی ڕوناك روبەروی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە ، لەهەمان كاتدا لە شەقامەكاندا تەنانەت روبەروی ڕفاندنیش دەبنەوە" .
جبوری وتیشی: "چەندین هۆكار لە پشت گێچەڵی سێكسیەوەن ، دیارترینیان بریتیە لە خۆخواردنەوە و ڕێگە نەدان و پیشخواردنەوە ، و هەروەها دانبەخۆدا گرتنەوە هەیە ، ناتوانێت ژیانی خێزانداری پێك بهێنێت ، یان بارودۆخەكە رێگەی پێنادات خێزانێكی سەركەوتو پێك بهێنێت ، بۆیە ناچارە لەدەرەوە مومارەسەی ئارەزووەكانی خۆی بكات ، و هەوڵ ئەدات پیاوەتی خۆی دەربخات و بەسەر بەرامبەریدا كە ڕەگەزی مێیە بچەسپێنێت ، وە نەزانین و نەخوێندەواری ڕۆڵێكی گەورە دەگێرێت لە گێچەڵی سێكسی" .
هەروەها وەزارەتی كاروباری ئافرەتانی عێراقی ڕایگەیاندووە سكاڵای زۆریان لەلایەن ئافرەتانەوە بەدەست گەیشتووە كە لەسەر شەقامەكان و فەرمانگە حكومیەكان و لە كەرتی تایبەت ڕوبەروی گێچەڵی سێكسی بونەتەوە .
بەپێی ڕاپرسیەك كە لە نێوان (500) ئافرەتدا و لە پێنج پارێزگای عێراقدا ئەنجام دراوە ، لە (75%)ی بەشداربوانی راپرسیەكە بە ئاشكرا و راستەوخۆ روبەروی گێچەڵی سێكسی بونەتەوە .