پێشهات و ئەگەرەکان و کاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

پێشهات و ئەگەرەکان و کاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ

بەوە دەست پێدەکەین پەیوەندی نێوان پێشبینی و خواست پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیە، واتە هەر کاتێک ئاماژەکان باشبوون سەبارەت بە باردۆخی سیاسی و ئابووری ئەوا خواست دەست دەکات بە جوڵە، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە.

ئێمە لەم باسەدا زیاتر مەبەستمان لایەنی نێگەتیڤی ئەگەرەکانە لە سەر ئابووری وڵات، دەتوانین بڵێن لەمڕۆدا یەکێکە لە هۆکارە کاریگەر و گرنگەکان بۆ جوڵەی بازاڕ، کە دەشڵێین بازاڕ دەست دەکات بە جوڵە واتە نرخ، کاڵا، کڕیار، فرۆشیار، بەئاراستەی چالاکیبوون یان سستبوون دەجوڵێن.

ئەم چوارە پێکێهێنەری بازاڕن، بازاڕ تەواو و دروست نابێ ئەگەر یەکێک لە ئەمانەی نەقس بێت، هەروەک ئۆتۆمۆبێل وایە هەر گرفتێک دروست ببێت لە سەر جوڵەکەی ئەوا سەرجەم پێکهێنەرەکانی دەگرێتەوە بەڵام بزوێنەرەکەی زۆر گرنگە بۆ چالاکبوونی، بزوێنەری بازاڕ بەکاربەرە دەتوانێ لە گەڵ جوڵەی خۆیدا ئەوانیتریش بخات بە جوڵە و چالاکیان بکات پاشان سەراپای ئابووری وڵات بخاتە سەر هەمان ڕێچکە و مسار و گەشەی خۆی.

هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە ئابووریەکەی تووشی سستبـوون بووە و دەتوانین بڵێین توشی بێبازارییەکی گەورە هاتووە، بەڵام خۆر و هەتاوی ئومێد پێش سەری ساڵ دەردەکەوتن کە ئاماژەی هیوابەخش بوون، بۆیە خەڵکی ئومێدیان وابوو گوزەرانیان گۆڕانی بە سەردا دێت بەهۆی کۆمەڵێک ئەگەرەوە لەوانە: باشبوونی بارودۆخی ئابووری کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و نزیکبوونەوەی ناوەند و هەرێم لە ڕێکەوتنی ئابووری، هەموو ئەمانە گەشبینی لە دەروونی خەڵکدا ڕوواند و تەکانێکی تاڕادەیەکی باشی بە جوڵەی وەستاوی ئابووری هەرێمدا.

بەڵام پێشهاتە تازەکان هەموو ئەم ئەگەرانەی کە ماوەیەکی زۆری نەخایەند سەرەو خوار کردەوە، بەتایبەتیش زیادبوونی گرژییەکانی ئەم دوایەی نێوان یەکێتی و پارتی کە دوو حیزبی خاوەن هێز و دەسەڵاتن، بیست و حەوت ساڵە بگرە زیاتر حوکمڕانی وڵات دەکەن لە هەر ئاماژەیەکی خراپی پەیوەندی نێوان ئەم دوو پارتە دەبێتە هۆی چاندنی ڕەشبینی لە دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەدا، پاشان ئاماژەی زۆر خراپ دەردەکەوێ لە سەر سەراپای کایەی ئابووری وڵاتدا.

بۆیە بەکاربەر هەستیارە بەرانبەر گۆڕانکارییەکان کە ڕوودەدەن بەتایبەتی ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆی نەبێ، چونکە هەر بەکاربەرێک بە ئاراستەی بەدیهێنانی زۆرترین بڕی تێربوونی پێداویستییەکانی هەنگاو دەنێت، بەو داهاتەی کە هەیەتی، بەکاربەر لە پێداویستییەکانیەوە لە ئێستا و ئایندە دەڕوانێت، ئەوە بەکاربەرە پێداویستییە هەمە جۆرەکانی بەشدەکات بە جۆرێک ئەو بەشکردنە زۆرترین کەڵکی پێ بگەیەنێ لە داهاتوودا بەو بڕە داهاتەی بەردەستی، بۆیە هەر ئەمەشە وایکردوە هەمیشە گوێ قوڵاخ بێت بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێ کە لە چواچێوەی ئابووری وڵاتدا رەنگبێ بێتە کایەوە یان رووبدات.

 

هه‌واڵی گرنگ