قەناعەتە مەترسیدارەكانی دەسەڵاتی كوردیی
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

قەناعەتە مەترسیدارەكانی دەسەڵاتی كوردیی

‌ دەسەڵاتی كوردی بە (كاوەخۆ) خەریكە ئەم قەناعەتانەی بۆ دروست دەبێت:


- بە حوكمرانی چارەكە سەدەیەك خەریكە دەگاتە ئەو قەناعەتەی، كە حكومەت ئەگەر بە ساڵ كۆبونەوەش نەكات و پلانێكی رونیشی نەبێت بۆ گەشەی ئابوری و زراعی و تەندروستیی و وەك حكومەت و دەسەڵاتە سیاسیەكانی ئەم دونیا پان و بەرینەش كۆنگرەی رۆژنامەنوسی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان نەبەستێت، حكومەت هەر حكومەتە و هاوڵاتی بۆ ئیمزا و هامشێك هەر دەبێت خۆی بگەیەنێتە هەولێر و لانی كەم مانگێك چاوەرێی لاری نەبونێك بكات، هەر ئەم هاوڵاتیە بۆ ئەوەی كارگەیەكی بلۆك و دوكانێكی پاقلە فرۆشتن و پیكابێكی میوە و سەوزە بكاتە كاسپی ئێوارانی، هەر دەبێت عەریزە و ئیلتیماسەكەی بگەیەنێتە لای (ئەو)، دەبێت دوعاش بكات (ئەو) نەبێتە شەریكە بەشی قازانجەكەی !


- دیسانەوە ئەم دەسەڵاتە بە (ئەزمون) و (نەفەسدرێژیی) خۆی! گەشتە ئەو قەناعەتەی پەرلەمان ئەگەر ئیفلیج و تۆزقاڵێك دەسەڵاتی نەمێنێت و قوفڵێكی گەورەش لە دەرگاكانی بدات و تەنانەت بیكاتە مۆزەخانەش، كەی ویستی سەردانی مەكوكی بۆ تاران و توران دەكات و بە كەماڵی ئیسراحەتیش گرێبەستیە نەوتیەكان ئیمزا دەكات و تەنانەت هەر لەحزەیەكیش بیەوێت (فوو) بە كەرەنای هەڵبژاردنەكاندا دەكات و كێش پێی ناخۆشە با لە فەیسبوك و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بە فۆنتێكی گەورە بۆ خۆی بنوسێت (نا) و (پێم باش نیە) و (ئەمە گەندەڵیە) و (هەڵەیەكی مێژوییە) !
- ئەم دەسەڵاتە سیاسیە باش لەوە گەشت خۆپیشاندان و بایكۆت و تەنانەت نوكتەكانی نێو كوچە و كۆڵان و تۆرە كۆمەڵایەتیەكانیش تەمەنی چەند مانگێكە و پاشتر هەریەكە و دەچێتەوە و سەر كار و ژیانی ئاسایی خۆی و نە (با) مان دی و نە (بۆران) !
- ئەم دەسەڵاتە یەقینێكی بۆ دروست بوو، ئەگەر بۆ چەند مانگێكیش موچە نەدات و وەڵامێكی موقنیعیشی بۆ ئەم (پێنەدانە) پێ نەبێت، كات ناوەستێت و هاوڵاتیان لە گەشت و گەران و چرە دوكەڵ و مەنجەڵە یاپراخی خۆیان ناكەون و رێستۆرانتەكانیش هەر جمەیان دێت، باوەرێكی پتەوی بۆ دروست بوە كە پێناچێ موچە نەدان قەیرانێكی حەقیقی دروست بكات و گەشتە ئاسمانیەكان بوەستێنێت و مۆڵ و سۆپەرماركێتەكان مایەپوچ بكاتەوە.


-ئەم قۆناغە لە ئەزمونی حوكمرانی قەناعەتێكی بۆ دەسەڵات دروستكرد كە خۆپیشاندان و بایكۆت و نارەزایەتیەكان، هەڵچونی كاتین و جوگرافیایەكی دیاریكراویان هەیە، رەنگە ئێستە لە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەكانیش پەشیمان بێت، چونكە مانایەكی نەهێشتەوە بۆ خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكان، تا ئاتاجی یاسا و رێسای پەرلەمانیی بێت، مانای بۆ پەرلەمانەكە نەهێشتەوە تا مانایەك بۆ خودی یاساكە بمێنێتەوە !


- دەسەڵات باش تێگەشت لەوەی هاوڵاتیان بە چەند كاتژمێرێك كارەبا هەر ئیشیان دەروات و گەرمكەرەوەی ماڵان هەفتەی جارێك هەر گەرم دەبن و فریای ئوتوكردنێكی كراس و پانتۆڵەكەت هەر دەكەویت و دیبەیت و‌پانێل و دیدارە سیاسی و رۆشنبیریەكانیش هەر بەرێوە دەچن و زستانیش چەندێك سەخت بێت پێناچێ دابەشنەكردنی سوتەمەنی ئەزمەیەك دروست بكات و كەسیش لەسەرمانا رەق نابێتەوە، هاوڵاتێان هەر دەگەنە بەهار و دەشت و دەر و گرد و چیاكان هەر سەوز دەبن و هاوینە هەوارەكان بەشی خۆیان هەر گەشتیار و موشتەریان بۆ پەیدا دەبێت.
- ئەم (حكومەتە) (خۆماڵیە) ئەگەر بەشە خۆراكی (مانگانە)ی هاوڵاتیانیش بكاتە‌(ساڵانە)، نە كەس دەڵێ بۆ و نە كەس دەرێ لۆ ! دیراسەی وردی ئەوەی كردوە كە ساڵێكە چوار دەبە زەیتی دابەش نەكردوە و نە لە برسا نە لە ترسا كەس هەواڵی مردنی هاوڵاتیەكی پێ نەگەیاندوە !
بە كورتی ئەم دوو ساڵە بو دەسەڵاتی كوردی تاقیكردنەوەیەكی ئاڵتونیی بوو بۆ دروستبونی ئەم قەناعەتانە و هاوشێوەی ئەم قەناعەتە مەترسیدارانە، كە بكوژی هەر حوكمرانیەكی تەندروست و حەقیقیە.

 

أهم أخبار