ڕیفراندم و ئاستەنگەكانی ڕێگا
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

ڕیفراندم و ئاستەنگەكانی ڕێگا

 

دوو حاڵەت هەیە دەبێت لە یەكتر جیابكرێنەوە، یەكەمییان: مافی نەتەوە ..دوەمییان: دەوڵەتی خۆشگوزەرانی..


ئێمە وەك نەتەوەی كورد مافی خۆمانە لەبەرامبەر چوار دراوسێی نەتەوەییدا بونی خۆمانمان هەبێت هەر بەو جۆرەی ئەوان هەیانە، ئەگەر دەوڵەتی ئەوان لەسەر بنەمای نەتەوەیی بێت، نابێت نكولی لە مافی كورد بكرێت لە هەمان شتدا...بەڵام مەرج نییە كە ئەو مافە ‌و مومارەسەكردنی بە ئیجابی بشكێتەوە, ئەمە باسێكی ترە‌و لە كاتێتردا ڕون دەكرێتەوە، لێرەدا تەنها لەگەڵ هەنگاوی یەكەمدا قسەدەكەین، ئەویش بڕیاری ڕیفراندم – گشتپرسییە-، ئەمەش سێ خاڵ هەن دەبێت پێش جێبەجێكردن‌و هاوێشتنی هەنگاوی كردەیی كاریان لەسەر بكرێت ‌و لە هەندێكیاندا بگەینە ئەنجامی تەواو، نەك ئەنجامی نیوە ناچڵی..


1- بارودۆخی یاسایی‌و كارگێڕی هەرێمی كوردستان، چ لە لایەنی بەڕێوەبردنی حكومەت‌و ئەو نیمچە ئیفلیجییەی توشی هاتووە، یان فڕێدانی پارلەمان بۆ دەرەوەی بازنەی دەزگایی ‌و پیرۆزی كوردستان، ئەم دوانە بە جددی پێویستە وەك خۆیانیان لێ بكرێتەوە، نابێت‌و ناشرینە تۆ دەزگا ئاساییە یاساییەكانی خۆت كە هەتن‌و لە كاردان‌و لە بنچینەكانی دروستكردنی دەوڵەتن، بە ڕێگای نایاسایی دەرگاكانییان دابخەیت، ئەگەر ئێستا لەكاتێكدا تۆدەوڵەت‌و دەستورت نییە بەو شكڵە مامەڵە لەگەڵ جیاوازی سیاسییدا دەكەیت، ئەوە ئاماژەیەكی خراپە لە دەزگای تەواوی وڵاتت كەوتە دەست بەرەو حوكمی ڕەها هەنگاو بنێیت، پاشان كار‌و مافی یاسایی وەزیرەكانی ناو حكومەت، هێزی سەربازی لە كاری سیاسیدا بەكار نایەت، ئەوە بەهەموو پێوەرێك نایاساییە..ئالەم خاڵە گرنگەدا یەكگرتوو یەكێتی بارییان قورس دەبێت، باریان قورس دەبێت‌و سوككردنی تەنها بەوە دەبێت كە هەوڵی جددی بدەن چونكە لەناو كۆی لایەنە بەشداربوەكاندا ئەمان زیاد لەهەموو بەرپرسیاریەتییان دەكەوێنە ئەسۆ..


2- پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ یەكدی، ئەو پەیوەندییە نادروستەی كۆی حیزبە سیاسییەكان بەیەكەوە گرێ‌ دەدات، زمانێكی ناخۆش، وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەكتر دەكەن، دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر ئەو هەنگاوانەی كە نەتەوەیین‌و پەیوەندییان بە تەواوی گەلی كوردستانەوە هەیە ئەركە هەمووی بەشدار بێ لە بڕیارو لە داڕشتنی نەخشە ڕێگادا..دەربازنەبوون لەو كەرتبونەی كە باڵی بەسەر كوردستاندا كێشاوە نەنگییە، یەكڕیزی‌و كۆدەنگی‌و داخستنی ئەو كەلێنانەی كە دەبێتە مایەی دروستبونی دەنگی نەشاز چ لە دەرەوەی كوردستان یان لە ناوەوەی كوردستان ئەركی هەنوكەییە..با لایەنەكان وەك ڕكابەر لەنێو خۆیاندا بمێننەوە، ئەوە حاڵەتێكی تەندروستە لەسەر بنەما دانپێدانراوەكان، بەڵام هەوڵی كەنارخستن‌و تەریككدرنی هەر لایەك‌و هەوڵدان بۆ نەهێشتن یان بۆ فەوتاندنی ڕكابەرەكان بەو شێوازە نایاسایی كوردستان لەكەدار دەكات بەتایبەت بۆ گەلێك بەدوای مافی یاسایی خۆیدا دەگەڕِێت لە ناوجەرگەی هەرێمێكی ستەمكاردا..


3- باری بژێوی تاكی كوردی، ئەو شكستخواردنەی كە توشی ئەدای بەشێكی زۆری حكومەتی هەرێم بووە، پێویستی بەچارەرسەكردنە، تاكی كوردی مافی سەربەخۆیی خۆیی دەوێت، تا بتوانێت سەربەرز‌و خۆشگوزەران بژی، بۆیە ئەم شێوازە خەمخواردنەی تاكی كوردستانی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، مایەی خۆشحاڵی‌و دڵخۆشكەر نییە، ترسی خراپ بوونی ژیانی گەل هەیە، بۆ فەراهەمهێنانی دۆخی تەندروست‌و گەشبینی لای كۆمەڵگا، گێڕانەوەی بژێوی ئاسایی بۆ خێزانەكان، ئەركە، بەتایبەت پاش بەرزبونەوەی نرخی بترۆل لە 18 مانگی ڕابوردودا، وێنای حكومەت‌و كاری لای جەماوەر بریتیە لە سزادانی تاكی كوردستانی، ئەگەرچی لێرەدا گەل خۆی بەشێكی باشی تاوانی دەكەوێتە ئەستۆ، گەلی كوردستان بەتەواوی بۆخۆی ئەستۆ پاك نییە، چونكە ئەو هێزەی كە بەو شكڵە مامەڵە دەكات بەدەنگی تاك تاكی ئەوان گەشتۆتە ئەو پێگە ‌و جێگایە، لێرەدا نەك تەنها حكومەت پێویستی بە بەخۆداچونەوە هەیە، بەڵكو تاكەكانی كۆمەڵگا ئەوانیش پێویستییان بە خۆداچونەوە هەیە، پێداچونەوە بۆ بژاردەكانی بكات ...

 

A

أهم أخبار