(مردن) لە زەمەنی (كۆرۆنا)دا
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

(مردن) لە زەمەنی (كۆرۆنا)دا

 

بەراستی هەستێكی سەیر رووت تێ دەكات، كاتێك لەم رۆژانەدا هەواڵی مەرگی كەسانێكی نزیكت پێ دەگات، كەسانێك بریاربوو یەكەم كەس بیت ئامادەی مەراسیمی بەخاك سپاردن و دڵنەوایی كەس و كاریان بیت، كەچى هەر دەڵێی لە ئەستیرەیەكی دیكەوە هەواڵەكەت پێ گەشتووە و تۆش (لا حول لك و لا قوة)، بیر لە بێدەسەڵاتیی خۆت بەرامبەر هاورێ و دۆستەكانت دەكەیەوە، بیر لە بێهودەیی ئەم دونیا فانیە دەكەیەوە، بیر لەو قەدەرە دەكەیەوە كە بەردەوام پێت دەڵێت: (وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ مَّاذَا تَكْسِبُ غَدًا ۖ وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ بِأَيِّ أَرْضٍ تَمُوتُ).
ئەوانەى بریار بوو لە ناسۆریی و ناخۆشیەكاندا لەگەڵیان بیت و هاودەمیان بیت و خەمەكانیان برەوێنیتەوە، ئێستە تەنها بە كۆمینت و لایكێكی سارد و سر و خەماویی فەیسبوكییان بۆ دەنێریت، چ زەمەن و چەرخانێك كەوتووین، ئەم ڤایرۆس و مەخولقەی كە بە چاو نابینرێت چۆن هەرچى یاسا كۆمەڵایەتیەكانە قڵپی كردەوە و لە یەكدی كردینە غەریبە !
بێنە بەرچاوی خۆت بە هەرچۆنێك بێت و بە یاساشكێنیش بێت خۆت گەیاندوەتە لاى ئەو ئازیزانه‌ و بە نیازى دڵنەوایی و هاوخەمیی، دەتەوێت سەرەخۆشیان لێ بكەیت، ئەوەشت لێ یاساغە و ناچاری تەنها هەر لە دوورەوە ئەو رێورەسمە كۆمەڵایەتیە جێبەجێ بكەیت، بە راستی ئەوانەى ئەم چەند رۆژە ئازیزانیان لەدەست دەدەن، دەكەونە ژێر بارێكی دەروونیی سەختەوە و لە كەش و هەوایەكی كۆمەڵایەتیی و دڵدانەوە و قەرەباڵغی سەرقەبران و مزگەوتەوە، بۆ پرسەیەكی چۆڵ و بێدەنگ و خامۆش !
مردنی زەمەنی (كۆرۆنا) پێی وتین خودپەرستیی و ململانێ و یەكترسرینەوەكانت لە لەحزەیەكدا دەكەمە بڵقی سەرئاو، ئێوە لە ئاست ڤایرۆسێكی نەبینراودا دەستەوسان و كەم تفاقن، مەرگی ئازیزان و خۆشەویستان لە زەمەنی كۆرۆنادا، سەرەتای گۆرانێكە لە ستایل و نەزمی كۆمەڵایەتیمان، لە جۆرى پەیوەندیەكانمان، لە تێروانینمان بۆ ژیان و مردن و ئەو كولتوورەی چەندین ساڵە لەسەرى راهاتووین.
ئەم چەند رۆژە و ئەم پەتا جیهانیە هەر بە تەنها ئاڵۆزی نەخستە پەیوەندیەكانى نێوان چین و ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، شڵەژانی نەخستە نێو بازارى ئابوریى جیهانیی، جموجوڵى بازرگانیی و گەشتیاریی دووچاری ئیفلیج بوون نەكرد، بەڵكو تێروانینی هەموانی بەرامبەر پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی گۆری.

أهم أخبار