••••••••••••••••••••••••••••••••••••
بەداخەوە هەر لەسەرەتاوە ئەو سیستمەی کە هەڵبژاردنەکە ی ١٩ / ٥ / ١٩٩٢ی پێ بەڕێوەچوو ، هەڵەو سەقەت بوو.
مەبەستم دانانی مەرجی بەدەسهێنانی ڕێژەی ٧٪ ی کورسیەکانە ، بۆ بەشداری پەرلەمان ، کە دژی دیموکراسیەت و دەنگی کەمینەو ڕەنگی جیاوازبوو.
ئەم سیستمە دەرگای بۆ سیستمی بەدناوی فیفتی - فیفتی واڵاکرد ،کەگوایە بۆ ڕێگری لەشەڕ پەیڕەو کرا ،بەڵام خۆی هۆکاری شەڕی ناوخۆو ڕژانی خوێنی سەدان گەنج و بەتەمەنی خێر لەخۆنەدیوی کورد بوو. لەگەڵ چەندین دەرهاویشتەی خراپی دیکەدا.
ئەو فیفتی فیفتیە ی کە تا ئێستاش ڕۆژ بەڕۆژ لێکەوتە خراپەکانی زیاد ئەکەن و مۆتەکەیەکی ڕەشە و هەڕەشە لە یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی خەڵکەکەی و هێزە سیاسیەکانی دەکات .
بەداخەوە ئەو بڕیارە، یان مەرجەی بەرەی کوردستانی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن ، کە ڕێگربوو لە بەشداری هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەرهەمەکەی حوکمڕانی پەنجا بە پەنجای شووم بوو ، بناغەیەکی وا مەترسیداری دانا، ئاستەمە بەئاسانی کۆتایی بێت .
ئەگەرچی لایەنێک دەستی لەبەشێک لە دەنگەکانی هەڵگرت و بەشداریەکە بوو
بە پەنجا بە پەنجا ، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ناکۆکی و شەڕ، بەڵام فیفتی فیفتی خۆی شەڕو ئاڵۆزی بەرهەمهێناو ئەو شەڕە نەگریسەش ڕق و بێ متمانەییەکی وای لە نێوان دوو لایەنی سەرەکی حوکمڕانی بەدیهێنا ،کەتا ئێستاش و بەداخەوە بگرە تا زەمەنێکی دوورتریش ڕەنگە کۆتایی نەیەت.