چیرۆكە سەیروسەمەرەكانی بایۆمەتری
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چیرۆكە سەیروسەمەرەكانی بایۆمەتری

رۆژێك پەیوەندیمان بە كەسێكەوە كرد كە سەردانی ماڵەكەیان بكەین بە مەبەستی تۆماركردنی ناوی دایكی لەسیستمی‌ بایۆمەتریدا. ئەو كەسە ناونیشانی ماڵی خۆی دانابوو، بەڵام كاتێك پەیوەندیمان پێوە كرد وتی، دایكم لەخەڵوەتگەی پیریەو لای من ناژی، تەنها مووچەكەی وەردەگرم!
واتا دایكی‌ لەخەڵوەتگەی‌ پیری‌ دانەوە‌و خۆیشی‌ مووچەكەی‌ دایكی‌ وەردەگرێت‌و سەرفی‌ دەكات‌، تەنیا بۆ مووچە سوود لەناوی‌ دایكی‌ وەردەگرێت. 
ئەمە گێڕانەوەی‌ یەكێكە لەو بەسەرهاتە ناخۆشانەی‌ كە تیمە گەڕۆكەكانی‌ سیستمی‌ بایۆمەتری‌ لەناو شاری‌ سلێمانی‌ رەچاویان كردووە‌و تارا فەرەج ئەندامی لیژنەكە بەخەمبارییەوە وەك نموونەی‌ دیمەنێكی‌ ناخ هەژێن دەیگێرێتەوە.
نموونەی‌ ئەو بەسەرهاتانەی‌ تیمە گەڕۆكەكانی‌ بایۆمەتری‌ لەسلێمانی‌ سەرنجیان داوە لەكاتی‌ راییی‌ كردنی‌ كارەكانیان، هەر تەنیا دیمەنی‌ ناخ هەژێن نین، هەندێكیشیان مرۆڤ دەخەنە پێكەنین.
بایۆمەتری‌ چییە؟
سیستمی بایۆمەتری، هەنگاوێكی رێكخستنەوەو پرۆژەیەكی چاكسازییە لەبواری ئیداری و داراییدا، بەوپێیەی ئەو مووچە خۆرانە ئاشكرا دەكات كە دوو مووچەو سێ مووچەی نایاساییان هەیە، یان مووچەخۆری وەهمین. یان لەژیاندا نەماون. ئەمەش لەڕێگەی‌  وەرگرتنی‌ پەنجەمۆری‌ هەموو پەنجەكانی‌ دەست و وێنەی‌ چاوی‌ مووچەخۆرانی‌ دەوڵەتی‌‌و پڕكردنەوەی‌ فۆرمێكی‌ تایبەت‌و دروستكردنی‌ كۆدێكی‌ تایبەت بەهەر مووچەخۆرێك. 
دواتر كە پرۆژەكە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە لەسەر ئەو كۆدە مووچە بۆ هەر مووچەخۆرێك بۆ دەبەسترێ. لەگەڵ دابەشكردنی‌ مووچەشدا لەم مانگەدا سەرجەم فەرمانگە‌و دامەزراوە حكومییەكان داوایان لەمووچەخۆران كرد پێش وەرگرتنی‌ مووچە ناسنامەی‌ باری‌ شارستانی‌ و كۆدەكەیان لەسەر پارچەیەك كاغەز كۆپییەكی‌ رەنگا‌و رەنگ بكەن‌و رادەستی‌ بەشی‌ ژمێریاری‌ فەرمانگەكانیان بكەن.
تۆماركردن لەسیستمی بایۆمەتری لە 15-10-2016 لەئەنجومەنی وەزیران و 1-11-2016 لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بنكەی تایبەت دانران بەمەبەستی پڕكردنەوەی فۆڕمی بایۆمەتری و بەشێكی زۆری مووچەخۆران ناوی خۆیان تۆماركردووە.
لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی پرۆسەی تۆماركردن لەسیستمەكەشدا، هەریەك لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر بەشداریان كردو فۆڕمیان پڕكردەوە. دواتر مووچەخۆرانی مەدەنی و خانەنشین و بەدوای‌ ئەوانیشدا هێزە چەكدارەكان بەشدارییان لەو پرۆسەیەدا كرد.
تیمی‌ گەڕۆكیش بەشێك لەپرۆسەكە جێبەجێ‌دەكات
بۆ چارەسەری‌ گرفتی‌ ئەو كەسانەی‌ ناتوانن بچنە بنكەكانی‌ تایبەت بەپرۆسەی‌ بایۆمەتری‌، حكومەتی‌ هەرێم لیژنەی‌ گەڕۆكی‌ پێكهێناوە ئەو تیمانە بۆ تۆماری بەساڵاچووان و لێقەوماوان پێكهێنراوە كە رۆژانە سەردانی ئەو ماڵانە دەكەن كە لەڕابردوودا لەلایەن منداڵەكانیان یان كەسوكاریانەوە ناویان تۆماركراوە لەبەرئەوەی ئەو كەسانە ناتوانن خۆیان بێنە بنكەكانی تۆماركردن، بۆیە ئەو تیمە گەڕۆكە خۆیان دەچنە ماڵەكانی و كاروبارەكانیان بۆ جێبەجێ دەكەن.
بەسەرهاتی خۆش و ناخۆش دەبینن
تیمە گەڕۆكەكان خۆیان سەردانی‌ ئەو كەسانە دەكەن كە ناتوانن بچنە بنكەكانی‌ تایبەت بەپرۆسەی‌ بایۆمەتری‌. 
هۆزان شێرزاد، ئەندامی ژووری عەمەلیات و ئەندامی تیمی گەڕۆك لەسلێمانی رایگەیاند: ئێمە بەردەوام رۆژانە ئەو ماڵانە بەسەردەكەینەوە كە پێشتر ژمارەو ناویان تۆماركردووە، لەكاتی جێبەجێكردنی كارەكانیشماندا رۆژانە چیرۆكی ئەو كەسانە دەبینین كە بەداخەوە هەندێكیان ناخۆشن، لەهەمانكاتدا هەندێكیشیان پێكەنیناوین.
هۆزان، نموونەی‌ چیرۆكێكی‌ ناخ هەژێن دەگێڕێتەوە‌و دەڵێ‌: بەشێك لەو ناوانەی تۆماركراون كە ئێستا پەیوەندیان پێوەدەكەین كەسوكارەكەی دەڵێن لەژیان نەماون و كۆچی دواییان كردوە، ئێمەش سەرەخۆشیان لێدەكەین. هەروەها خێزانێك هەبوون ناوی باوكیان تۆمار كردبوو، ژمارەی مۆبایلی كوڕێكی دانرابوو، بەڵام كاتێك پەیوەندیمان كرد بەو كوڕەیەوە پێیوتین، ئەم هەفتەیە سەرەی من نییە باوكم بەخێو بكەم، سەرەی‌  براكەمە‌و باوكم براوەتە ماڵێ ئەوان‌و بچن بۆ ماڵی ئەوان، ئێمەش وتمان ئەمڕۆ تیمەكەمان لەگەڕەكی ئێوەیە دەبێت تۆ باوكت بهێنیت بۆ ماڵەكەی خۆت. كوڕەكەش ئامادە نەبوو باوكی بهێنێت و وتی، نەخێر ئێوە بچن بۆ ماڵی براكەم، چونكە من تازە باوكمم بردوەتەوە بۆ ئەوێ‌و ئێستا نایهێنمەوە.
خەزورێك باوەڕی بە بوكەكەی نەكردووە!
هەر سەبارەت بەو چیرۆك و بەسەرهاتانە، ژینۆ قادر، ئەندامی لیژنەی گەڕۆك لەشاری سلێمانی چیرۆكێكی دیكە دەگێڕێتەوە كە لەمیانی‌ كاری‌ تیمەكەیاندا بینیویانە‌و بەلای‌ ژینۆوە سەرنج راكێش بووە. ئەو دەڵێ‌: پیاوێكی بەتەمەن بەردەوام سەردانی بنكەكەمانی دەكردو دەیوت ناوێكمان نووسیوە ئێوە بۆ نایەن بۆ ماڵەوەمان؟ ئێمەش دەمانوت مامە گیان جارێ كاتی نەهاتووە دڵنیابە دێین! رۆژانە ئەم پیاوە دەهات و هەمان قسە دەكرایەوە.. هەتا رۆژێك ئافرەتێك هات وتی ناوێكم نووسیوە كەی دێنە ماڵەوە؟ كە سەیرمان كرد ئەم پیاوەشی لەگەڵ بوو! وتمان مامە گیان بۆ هاتویتەتەوە؟ ژنەكە وتی ئەو پیاوە خەزووری منە، باوەڕم پێناكات كە پێشتر ناوەكەم نووسیوە، بۆیە منی هێناوە تاوەكو دڵنیابێتەوە! ئێمەش هەرچەندە پێكەنینمان دەهات، بەڵام بەپیاوەكەمان وت بوكەكەت راست دەكات ناوەكەی تۆماركراوە، بەڵام جارێكە لیژنەكەمان دەستبەكار نەبووە.
لەم رۆژانەشدا چووینە ماڵەوەیان پیاوەكە هاتە دەرەوە وتی، ئەوە ناوی كوڕی خێزانەكەمە تۆمارم كردووە، وتمان: بۆ ئەوەندە پەلەت بوو؟ وتی: ئاخر كە ژنی دووەمم هێنا ئەم كوڕەی هەبوو نامەوێت مووچەكەی بفەوتێت. هەندێك لە بەخێوكەرەكان مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ بەتەمەنەكان دەكەن
رۆژە عەبدوڵڵا، یەكێكی‌ دیكەیە لەئەندامانی لیژنەی گەڕۆكی‌ بایۆمەتری‌ لەشاری سلێمانی، لەمیانی‌ ئەركەكەیدا سەرنجی‌ داوەتە ئەو بەساڵاچوو و پەككەوتانەی‌ لەبری‌ كەسوكارەكانیان، كەسێكی‌ بێگانەی‌ ئەفریقایی‌ یان ئاسیاییان بەكرێگرتووە تاكو خزمەتیان بكات.
«بێگانەكان مامەڵەی‌ نەشیاو لەگەڵ پەككەوتەكان دەكەن.» لەو بارەیوە رۆژە دەڵێ‌: هەندێك لەو ناوانەی تۆماركراون كە دەچینە ماڵەكانیان هیچ كوڕو كچێكیان لەگەڵ نییەو بەتەنها لەگەڵ بەخێوكەرێكی بێگانە دەژین،» بەداخەوە هەندێكیان لەو بەخێوكەرانە هەڵسوكەوتی نەشیاو  بەرامبەر ئەو كەسە بەتەمەنانە دەكەن. بۆ ئەوەش نموونەیەك باس دەكات كە بەمجۆرەیە: كاتێك چووینە ماڵێك بۆ ئەوەی‌ كاری‌ بایۆمەتری‌ بۆ ژنێك ئەنجام بدەین، بەخێوكەرەكە كە كەسێكی‌ بیانی‌ بوو،  زۆر بە بەهێزی كێشابووی‌ بەسەری ژنەكەداو وتوبووی‌ هەستە.
ژنەكە بەشێوەیەك شڵەژابوو نەیدەتوانی قسە بۆ تیمەكە بكات. یان هەندێكی تریان هیچ هاوكاری ژن و پیاوە بەتەمەنەكە ناكەن و هاوكاری ئێمەش ناكەن و بێڕێزی بەرامبەر خاوەن ماڵەكانیان دەكەن. 
«بەداخەوە ئێمە بەو ژیانی ئەو جۆرە كەسانە خەم دەخۆین كە منداڵە راستەقینەكانی خۆیان چۆن قبوڵی دەكەن بەوشێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ دایك و باوكیان بكرێت، لەهەمان كاتدا خێزانی‌ ترمان بینیوە كە زۆر هاوكاری كەسە بەساڵاچوو و پەككەوتەكانیان و باشترین ژیانیان بۆ دابین كردووەن.»
خوشك متمانە بەخوشكی خۆی ناكات
تارا فەرەج ئەندامی لیژنەكە نموونەیەكی‌ دیكە باس دەكات‌و دەڵێ‌: چووینە ماڵێك، دایكێكی بەتەمەن لای كچێكی دەژیا، بەڵام ناسنامەی باری شارستانییەكەی لانەبوو، وتمان دەبێت ناسنامەكەی دایكتمان بۆ بهێنیت، بەڵام كچەكە وتی، ناسنامەكەی لای خوشكەكەی ترمە پێم نادات، چونكە دەڵێت ئەگەر بتدەمێ معاشەكەی دایكم بۆ خۆت وەردەگریت. هەرچۆنێك بوو بۆ كاتی كارەكە ناسنامەكەمان وەرگرت و دواتر بردیەوەو لای دایك و خوشكەكەی جێینەهێشت.
سەرچاوە: كوردستانی نوێ

 

هه‌واڵی گرنگ