كازمی لە گۆڕانكاری پۆستە ئەمنییەكان بەردەوامە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كازمی لە گۆڕانكاری پۆستە ئەمنییەكان بەردەوامە

 

 

لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا، (موستەفا كازمی) سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە بەرپرسە ئەمنییەكاندا كردووەو ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنیشی دوورخستۆتەوە.

دوای دوو مانگ لە دەستبەكاربوونی، (موستەفا كازمی) دەستی كردووە بە گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆستی ئەمنی و هەواڵگریداو چەندین بەرپرسی لەو چوارچێوەیەدا دوورخستۆتەوە، دیارترینیشیان گەڕاندنەوەی (عەبدولوەهاب ساعیدی) بۆ دەزگای دژە تیرۆری عێراق و دواتریش دوورخستنەوەی (فالح فەیاز) لە هەردوو پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كە بەهێزترین بەرپرسی سەربازی عێراق و دۆست و كەسی نزیكی ئێران بوو.

دوێنێ وەزارەتی بەرگری عێراق، كۆمەڵێك گۆڕانكاری تری لە ژمارەیەك بەڕێوبەرایەتیدا كردووە، لەوانەش گواستنەوەی فەریق ڕوكن (جەمیل شەمەری) بۆ فەرمانڕەوایی وەزارەت و فەریق ڕوكن (سەعەد عەلاق) بۆ سەرۆكایەتی زانكۆی بەرگری و لیوا ڕوكن (فایز مەعموری) بۆ بەرێوەبردنی بەرێوبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و عەمید (حەمەد جبوری) یش بۆ بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەنامەی سەربازی ڕاسپێردراوە.

ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو پێنجی تەمووز، دوای تیرۆركردنی چاودێری سیاسی و ئەمنی عێراق، (هیشام هاشمی) لە بەغدا، (موستەفا كازمی) فەرمانیدا بە ‌دوورخستنەوەی فەرماندەی فیرقەی یەكەمی پۆلیسی فیدڕاڵی عەمید ڕوكن (موحەمەد قاسم فەهد) و ناردنی دۆسیەكەی بۆ دادگای لێكۆڵینەوە بە تۆمەتی كەمتەرخەمی ئەمنی.

هاوكات ڕۆژی شەممەی ڕابردوو چواری تەمووز، (عەبدولغەنی ئەسەدی)، لە شوێنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ڕاسپێردراو (قاسم ئەعەرەجی) یش بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ڕاسپێردرا.

هەروەها ڕۆژی (28/5)، كازمی لیوا ڕوكن (ئەحمەد سەلیم عەتبی) لە سەرۆك ئەركانی یەكەكانی هێزی وشكانییەوە گواستەوە بۆ پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە كە پێشتر لەلایەن لیوا ڕوكن (قاسم موحەمەدی) یەوە بەڕێوە دەبرا.

لە ڕۆژی (25/5) (موستەفا كازمی) فەریق ڕوكن (قەیس محمەداوی) بۆ پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا ڕاسپاردو لە ‌شوێنی لیوا ڕوكن (عەبدول حوسێن تەمیمی) دەستبەكاربوو.

لە ڕۆژی (18/5) كازمی، لیوا ڕوكن (قاسم موحەمەدی) وەك فەرماندەی هێزی وشكانی دیاریكرد.

ڕۆژی (9/5) بە فەرمانی كازمی، (عەبدولوەهاب ساعیدی) بۆ سەرۆكایەتی دەزگای دژە تیرۆر گەڕێنرایەوە، هەمان ڕۆژ عەمید (یەحیا ڕەسول) بۆ پۆستی وتەبێژو بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری گەڕایەوە.

ئەم هەنگاوانەی كازمی لە كاتێكدایە كە زۆربەی ئەو بەرپرسە ئەمنیانە لە كابینەی پێشوودا دوورخرابوونەوە یان گۆڕدرابوون، بەشێك لە چاودێرانیش پێیانوایە ئەم گۆڕانكاریانەی كازمی، بە ئاڕاستەی بڕینی دەستی ئێرانە لەناو جومگە هەستیارەكانی وڵات و لاوازكردنی گروپە میلیشیا شیعیەكانی سەر بە حەشدی شەعبییە.

 

هه‌واڵی گرنگ