بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێك پڵەس گه‌یشته‌ به‌رزترین ئاست
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێك پڵەس گه‌یشته‌ به‌رزترین ئاست

بە گوێرەی رووپێوییەك کە پێگەی "ئێس ئاند پی گلۆبال پلاتس" ئەنجامی داوە، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئۆپێك پڵەس لە مانگی نیساندا بۆ بەرزترین ئاستی (3) مانگی رابردووی بەرزبووەتەوە.

رێکخراوی ئۆپێك لە مانگی رابردوو بڕی (25.28) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمهێناوە، کە بەراورد بە مانگی ئادار (80) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاتر بووە، هەر یەکە لە رووسیا و هەشت وڵاتە هاوپەیمانەکەی دەرەوەی ئۆپێك رۆژانە (13.21) ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێناوە و بەراورد بە مانگی پێشتر (130) هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە زیاتر بووە.

ئەندامانی ئۆپێك بە رێژەی (111%) لە مانگی پابەندی رێککەوتن بوونە، بەڵام ئەگەر پابەندی سعوودیە بەلاوە بنرێت؛ ئەوا وڵاتەکانی دیکە بە رێژەی (96%) پابەندی رێککەوتن بوونە، کە ئەمەش کەمترین ئاستی پابەندبوونە لە دوای مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە.

لە مانگی نیساندا عێراق (3.97) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمهێناوە، نێجیریا (1.6) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمهێناوە، هەروەها ئاستی هەناردەشیان بەرزکردووەتەوە، بەمەش پابەندییەکانیان پێشێلکردووە و گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان لە دوای ئایاری ساڵی (2020)ەوە.

لە راپۆرتەکەی (S&P global plats)دا هاتووە، پابەندی عێراق بە رێککەوتنەکە (86%) بوو، هەروەها رووسیاش کە هاوپەیمانێکی سەرەکییە لە دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێك، ئاستی بەرهەمهێنانی بە بڕی (160) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ (9.5) ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە مانگی نیساندا بەرزکردووەتەوە.

هەروەها ئێران، کە بەخشراوە لە پابەندییەکان، بە پاڵپشتی چین ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزکردووەتەوە، بە گوێرەی سەرچاوەکانی بازاڕ، لە مانگی نیساندا تاران ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ (2.43) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزکردووەتەوە، بەراورد بە مانگی ئادار (130) هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاتر بووە. بەرزترین ئاستیشی لە دوای مانگی ئایاری ساڵی (2019)ەوە بەرهەمهێناوە.

بڕیارە وەزیرانی نەوتی ئۆپێك پڵەس لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لە یەکی مانگی حوزەیران لە رێگەی ئۆنڵاینەوە کۆببنەوە و تاوتوێی پابەندی و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بە شێوەی پلە بە پلە بکەن.

لە کاتێکدا بڕیاریان دابوو لە هەر سێ مانگی ئایار و حوزەیران و تەمموز بە شێوەیه‌ك ئاسانکاری لە ئاستی بەرهەمهێنان بکەن و رۆژانە (500) هەزار بەرمیل نەوتی زیادە بخەنە بازاڕەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ