ــــــــ بەرنامەڕاستەوخۆکانی هەندێ کەناڵی ڕاگەیاندن،کە تیایدا لەڕێگەی (مایکی ئازاد)ەوە هاووڵاتیان ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە پرسە جیاجیاکان دەخەنە ڕوو ، ڕەخنە لەدەسەڵات و حیزبەکان دەگرن؛ دوو ڕوویان هەیە،یان دوو خوێندنەوە هەڵدەگرن ، یەکەمیان ئەوەیە کە خەڵک ئازادەوسوود لە فەزای ئازادیی ڕادەربڕین وەردەگرێت ولەو ڕێگەیەوە پەیامی خۆی دەگەیەنێتە دەسەڵاتی حوکمڕانی و دامودەزگائیداری و حیزبیەکان و ئەکرێ وەک پردێک لەوڕێگەیەوە پەیامەکەبگەیەنێت و سوودی هەبێت بۆچارەسەری کێشەو کەموکوڕیەکان..
ڕووی دووەمیشی بەسەلبی لێکدەدرێتەوەو وا دەخوێنرێتەوە،کە(مایکی ئازاد) هۆکارێکە بۆ تەنفیس و بەتاڵکردنەوەی تووڕەیی خەڵک و هەڵمژینی بێزاری و نیگەرانییان لە ئاست دەسەڵاتی حوکمڕانی وڵات و حیزبەکان و دواجار هەڵوێستی ڕای گشتی لەم چوارچێوەیەدا قەتیس دەکرێ و ئیترخەڵکەکە هیچ میکانیزم و هەنگاوێکی گوشاری مەدەنیانەی دیکەی کاریگەر ناگرنەبەر،لەبەرامبەر دەسەڵات، بۆجێبەجێکردنی خواست و داواکاریەکانیان..
دەسەڵاتی حوکمڕانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان ،کە بەداخەوە لەزۆر ڕووەوە شکستی خواردووەو دەستو پەنجەی لەگەڵ گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی هەرێم نەرمکردووە، پێدەچێ ئەم شێوازە لەناڕەزایی دەربڕین ،نەک بەمەترسی نەزانێت،بەڵکو بەفاکتەرێکی باشیشی بزانێت، بۆهێورکردنەوەی خەڵکی تووڕەو ناڕەزاییەکانیان .