یەکی ئایار مەکەن بە پشوو...
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

یەکی ئایار مەکەن بە پشوو...

کرێکار کێیە؟
بەوکەسە دەوترێت کرێکار کە لە بەرامبەر بڕێک پارەی دیاریکراودا کارێک ئەنجام دەدات، جا کاری قورس یان کارێکی ئاسان، ئەوانەی کە بە ڕۆژانە کار دەکەن یان هەفتانە یان مانگانە کار دەکەن، پێیان دەوترێت کرێکار.

هەموو پیشەیەک بریتیە لە کرێکاری چونکە لەبەرامبەر بڕێک پارەی دیاریکراودا کە هەردوو لا لەسەری ڕێککەوتون ئەنجام دەدرێت، وەک : بزیشک، ئەندازیار، پارێزەر، مامۆستا، فەرمانبەر، یاخود بە گشتی لەهەربوارێکدا کارێک بکرێت لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەربگیردرێت، ئەوە پێی ئەوترێت کرێکاری.

هەموو ساڵێک لە تەواوی وڵاتانی دنیا و لە هەرێمی کوردستانیش ڕۆژی یەکی ئایار دەکرێتە پشوو، بەڵام ئەو کەسانەی کەکاری قورس دەکەن پشوویان نیە و لەکاردان، هیچ خاوەن کار و کۆمپانیایەک ئامادە نیە ئەو ڕۆژەیان بۆ بکات بە پشوو لەبەرامبەریشدا پارە و کرێی ئەو ڕۆژەیان پێبدات.
پشووی ڕۆژی یەکی ئایار کە بە ڕۆژی کرێکار دیاریکراوە تەنها کرێکارانی کەرتی گشتی لێی سوودمەند دەبن، زۆرێک لە کرێکارانی کەرتی تایبەت وسەربەخۆ لێی بێبەشن و لەکاردان و پشوو نایان گرێتەوە.

بۆیە لەبری پشوو ئەم کارانە بکەن بۆ کرێکاران بەگشتی:
١- پێدانی کرێ و مافیان وەک خۆی و لەکاتی خۆیدا.
٢- ئەوەندە پارەیان پێ بدرێت یاخود مافەکەیان ئەوەندەبێت بتوانێت بژێوی خۆی و خانەوادەکەی پێدابین بکات.
٣- بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و لەکاتی پێویستدا هاوکاریان بکرێت.
٤- ڕێگری بکرێت لە هاوردەکردنی کرێکاری بیانی لەهەموو بوارەکاندا، تا کرێکاری ناوخۆی و دەستی کاری ناوحۆیی بۆ خەڵکی ناوخۆ بێت بە پارەیەکی باش و شایستە.
٥- کرێکارانی کەرتی تایبەت و سەربەخۆ لە تەمەنێکی دیاریکراودا خانەنشینیان بۆ ببڕدرێتەوە تا لەکاتی پیری و بێهێزیدا سەربەرزانە بژین.
٦- لە کاتی ڕووداوەکاندا ئەو کرێکارانەی کە زەرەرمەند دەبن بە گیان لەدەستدان یاخود بەلەدەستدانی ئەندامێکی لاشەیان قەرەبوو بکرێنەوە و لایەنی کەمتەرخەم سزابدرێت و چاوپۆشی لێ نەکرێت.
٧- کرێکارانی کەرتی تایبەت و سەربەخۆ، وەک کرێکارانی کەرتی گشتی هەموو ئەو پێشینە و شایستانە بیانگرێتەوە کە لە کاتە جیاوازەکاندا بۆیان دابین دەکرێت.
٨- سەندیکاکانی کرێکاران پشتگیری تەواوی کرێکاران بکەن لە کاتی ستەم لێکردنیان لەلایەن خاوەن کارەوە، هەرجۆرە ستەمێک بێت، مافی بۆ وەربگیرێتەوە.
٩- ناچارکردنی خاوەن کار و شوێنی کارکردن بۆ ئەوەی هەمووپێداویستییەکی سەلامەتی دابین بکەن بۆ پاراستنی کرێکاران.

هەموومان کرێکارین و پێویستە هەموومان کاربکەین بۆ هێنانەکایەی دادپەروەری و بەدەست هێنانی سەرجەم مافەکانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ڕۆژی کرێکاران لە زۆرێک لەوڵاتانی دنیا و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تەنهاڕۆژێکە و چەند دروشمو پیرۆزباییەکی کرچ و کاڵ و بێ گیانی تێدا بڵاو دەکرێتەوە.

نە کەرتی گشتی نە کەرتی تایبەت هەنگاو نانێن بۆ باشکردنی باری دارای و بژێوی کرێکاران، کە ئەمە ئەسڵی بابەتەکەیە.

جوان ژیان و خۆش ژیان و باش ژیان مافی هەموو تاکێکی کوردە چونکە خاوەنی هەرێمێکی دەوڵەمەندین، بەڵام دەستی ئەمین و خەمخۆر بەڕێوەی نابات، نەکەرتی گشتی نەکەرتی تایبەت.
ئەبێ کرێکاران و تاکی کورد بۆ خۆیان هۆشیار بن، چونکە پشتگیری و پشتیوانی ئەم توێژە گرنگە لە هەر لایەنێک دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە دروست بکات لە هەموو کۆمەڵگاکانی دنیادا.

پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان دەکەین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە ڕۆژی جیهانی کرێکاران...

ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار

أهم أخبار