گوتاری پارتە ئیسلامییەکانی کوردستان و واقیعی کۆمەڵگەکانیان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە نمونە
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

گوتاری پارتە ئیسلامییەکانی کوردستان و واقیعی کۆمەڵگەکانیان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە نمونە

دەستپێک


ئەگەرچی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەزمونی ھەر حیزبێکی سیاسیی ڕەنگە لە دەرەوەی ئەو حزبەوە بابەتیانە و زانستیانەتر دەرچێت، بەڵام ھەوڵدەدەم لە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنمدا بۆ ئەزمونی (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) خۆم لە (ئەندامێتی) ئەو حیزبە کەمێک دوور بخەمەوە و لە دەرەوەی ئەو حیزبە سیاسییەوە دیمەنەکە ببینم، ئەگەر بتوانم!، ئەم ئەزمونەش دەکرێت وەک نمونەیەک بۆ ھەڵسەنگاندن بۆ کۆی حاڵەتە ئیسلامییەکە لە ھەرێمی کوردستاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، جێی خۆشیەتی ئەزمونی بزاڤە ئیسلامییەکانی کوردستان بە باس و لێکۆڵینەوەی جدیی و بابەتیانە شرۆڤەی زیاتری بۆ بکرێت و ھەڵسەنگاندێکی واقیعیانەتر بۆ حاڵەتی ئیسلامیی لە ھەرێمی کوردستاندا بکرێت.


دیارە (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) وەک حیزبێکی سیاسی پاشخان ئیسلامیی و نزیک لە تەوژمی (ئیخوان موسلیمین) یەکێکە لە ئەزمونە سیاسییە (تاڕادەیەک) نوێکانی سەر گۆرەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم حیزبە سیاسییە پاش (٣ساڵ) لە دوای ڕاپەرینی ھەرێمی کوردستان و لە نێو جەرگەی قەیران و گەمارۆی ئابوری ھەرێمی کوردستان و لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا ھاتە بوون، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە (١٩٩٤/٢/٦) دا وەک حیزبێکی سیاسی مەدەنی و  بێ چەک و مەکتەب عەسکەریی لەو بارودۆخەدا کە خۆی ئاشکرا کرد، بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و چاودێرانی سیاسی بە (نامۆ) دەیانڕوانییە ئەم حیزبە سیاسییە نوێیە، شەقامی کوردیی لەگەڵ حیزبێکدا ڕانەھاتبوو کە تەنھا بە کاری خێرخوازیی و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بیەوێت مومامەرەسەی کاری سیاسی بکات، بەشێک لە چاودێران و حیزبە سیاسییەکان لەو سەردەمەدا ھەم لە گوتاری ئەم حیزبە نەدەگەشتن و ھەم پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد ئەو پارتە سیاسییە بەو خێراییە گەشەبکات و بەو زووییە ببێتە ژمارەیەکی دیاری سەر گۆرەپانی سیاسیی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و جەماوەرێکی بەرچاو لە زاخۆ تا کفری ببنە ئەندام و لایەنگر و ھەواداری.


ڕوونە کە ئەم حیزبە سیاسییە، ئەگەرچی پاشخانێکی ئاینیی و ئیسلامیی ھەیە، بەڵام ئەزمونێکی مرۆڤانەیە و قابیلی ڕەخنەلێگرتن و ھەڵسەنگاندن و شەن و کەو کردنە، ئەم حیزبە سیاسییە لە ماوەی تەمەنیدا دوچاری ھەڵکشان و داکشان و ھەنگاوی دروست و ھەڵەی جۆراوجۆر ھاتووە، جا بۆ ئەوەی بتوانین کۆی دیمەنەکە ببینین و واقیعیانەتر ھەڵەسنگاندن بۆ چارەکە سەدەیەک لە تەمەنی ئەم حیزبە بکەین، ھەوڵ دەدەین سەرەتا خاڵە جیاکەرەوەکانی خەبات و کارکردنی ئەم حیزبە بخەینە ڕوو، کە بوونە ھۆی ھەڵکشانی دەنگ و زیادبوونی ژمارەی کورسییە پەرلەمانییەکانی لە ھەرێم و لە بەغدا و ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان، ھەڵکشانی دەنگەکانی (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) بە جۆرێک بوو کە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ دا گەشتە (٢١٤,٢٣- دووسەد و چواردە ھەزار و دووسەد و بیست و سێ) دەنگ و بەڕێژەی (١١,٠٥%) لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، پاشان باس لە ھەندێ لەو فاکتەرانە بکەین کە بوونە ھۆی پاشەشکێ و کەمبونەوەی ژمارەی کورسی و دەنگەکانی، کە لە ساڵی (٢٠١٤) ئەم ڕێژەیە دابەزیووە بۆ (١٥٥,٩٧٢ – سەد و پەنجا ھەزار و نۆسەد و حەفتا و دوو) دەنگ و بەڕێژەی (٧,٢%)، پاشان لە ھەردوو ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨دا جارێکی تر ئەم ڕێژانە ڕوو لە داکشان دەکەن و ژمارەی کورسییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە (١٠) کورس بوونە (٥) کورسی و لە ئەنجونەی نوێنەرانی عێراقیش لە (٤) کورسی دابەزین بۆ (٢) کورسی!


دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە تەنھا بەوە کۆی مەشھەدەکە دەردەکەوێت و ھەڵسەنگاندنێکی تەواو واقیعییانە بۆ ئەم ئەزمونە سیاسییە دەکرێت، وەک چۆن ئەزمونی (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) ئەزمونێکی مرۆڤانەیە، بەھەمان شێوەش ئەم خوێندنەوەیە خوێندنەوەیەکی مرۆڤانەیە و دەکرێت خوێنەر ھاوڕابێت لەگەڵم یاخود دڵسۆزانە کەم و کورتییەکانی ئەم خوێندنەوەیە بخاتە ڕوو.

 

خاڵە جیاکەرەوەکان

 

١- گوتارێکی نوێ، دوور لە زمانی توندوتیژیی و سڕینەوەی بەرامبەر: سەرەتای دەرکەوتنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانلە نێو جەرگەی ململانێی یەکتر سڕینەوە و خودپەسەندیی و کپکردنی دەنگی بەرامبەر بوو، لەو ساڵانەدا زمانی چەک زاڵ بوو بەسەر زمانی گفتوگۆ و مەنتیق و لێکتێگەشتن و سندوقەکانی دەنگدان، پێوەری ھەژموون و توانای حیزبەکان بە جبەخانە و چەک و ھێزی سەربازیی دەپێورا، ھەر ئەمەش بوو کە سەری لە شەڕی خوێناوی ناوخۆوە دەرچوو و تا ئەم ساتانەش ھەرێمی کوردستانی بۆ دوو ناوچەی دەسەڵات و قەڵەمرەوی دابەش کردووە، یەکگرتوو بە گوتارێکی نوێ و بە ئیعترافکردن بە بەرامبەرەکانی ھاتە نێو گۆرەپانی کاری سیاسییەوە، ھەر لەیەکەم فرسەتی پێشکەشکردنی گوتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا، ئەمیندارەکەی باسی لە زەرورەتی پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیکرد، کە بۆ ئەو سەردەمە جورئەت و موجازەفەیەک بوو، ئەمە و چەندین نمونەی تر، کە لە گوتاری سەرکردەکانیدا دەردەکەوت لە زەرورەتی پێکەوە ھەڵکردن و خوێندنەوەی بەرامبەر و داننان بە جیاوازییەکاندا، جگە لەوەی ھەوڵەکانی بۆ کۆتایھێنان بە شەڕی ناوخۆ چڕکردەوە و جەولە مەکوکیەکانی وەفدە دانوستانکارەکانی ئەم حیزبە گەواھیی ئەم قسەیەن، کە ھەمیشە لە دانوستانەکان و ھەوڵەکانی ئاشتەوایی چاوەڕوانییەکان ڕوو لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بوو.


٢- کرانەوەی سیاسیی و فیکریی:دروستبوونی حیزبێکی سیاسی باگراوند ئیسلامیی لەو کاتەدا وا خوێندنەوەی بۆ دەکرا، کە نەتوانێت ڕایەڵی پەیوەندی بە لایەن و تەوژمە سیاسی و فیکرییەکانی نەیار بە دیدو بۆچوونی خۆی دروست بکات و جۆرێک لە دژایەتی و ڕووبەڕووبونەوە دروست ببێت، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکان، ئەم حیزبە لەیەکەم وێستگەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا سەردانی حزبی شیوعی کوردستانی کرد، کە بۆ ئەو سەردەمە زۆر بە نامۆ سەیر دەکرا و ھەندێک لە تەوژمە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە ڕەخنە و تانەو تەشەریان ئاراستەی یەکگرتوو کرد، جگە لە کرانەوەی فیکریی لە بواری ھونەر و مۆسیقا و ئافرەتان و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دژ بە بیروبۆچوون و جۆری بیرکردنەوەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.


٣- پێگەی خوشکان و ئافرەتان:یەکێک لەو خاڵە جیاکەرەوانەی کە بوویە پاڵیشتێکی بەھێز بۆ گەشەکردنی خێرای یەکگرتوو، بایەخدانی بوو بە چینی خوشکان و ژنان و لە ماوەیەکی زەمەنی زۆر کەمدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی کوردستان ھاتنە نێو ڕیزەکانی ئەم حیزبە و زیاد لەوە پلە و پۆستی قیادیان وەرگرت تا ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی، کە بۆ حیزبێکی باگراوند ئیسلامیی ئەم حاڵەتە بە ئاسایی سەیر نەدەکرا و تەنانەت لەلایەن لایەنە عیلمانیی و ڕێکخراوە ژنانییەکانی دیکەی ھەرێم وەک خاڵێکی جیاکەرەوە و گرنگ بۆ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی  پێ دەدرا.


٤- بوون لە ھەموو دەڤەرەکان:بەشێکی زۆر لە حیزبەکانی کوردستان حیزبی ناوچەیی بوون و نەیاندەتوانی لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بوون و کادیر و بارەگایان ھەبێت، یەکگرتوو بەوە ناسرا و وەک خاڵێکی جیاکەرەوە لە خەباتیدا خوێندنەوەی بۆ دەکرا، بوونی بارەگا و کادیر و لایەنگری لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمدا، ئەوەی کە لەم خاڵەدا دەکرێت ئاماژەی پێبدرێت پێگەو بوونی یەکگرتووی ئیسلامییە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تا ئەم ساتانە وەک ھێزی دووەم پارێزگاری لە بوونی خۆی کردووە، یەکگرتوو وەک ھێزێکی سیاسی لە یەکەم ھەڵبژاردنی ڕێکخراوە قوتابی و خوێندکارییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوی یەکگرتووی قوتابیانییەوە لە ساڵی ١٩٩٦ موفاجەئەیەی لە دھۆک تۆمار کرد و توانی ڕێژەی (٣٨%)ی دەنگی ئەو دەڤەرە مسۆگەر بکات، جگە لەوەی یەکگرتوو لە زۆر شوێنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕێژەی دەنگەکانی بەردەوام لە ھەڵکشاندا بوو، پارێزگای ھەڵەبجە بە نمونە.


٥- ڕێکخراوە خێرخوازییەکان:سەرەتای کاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەژێر چەتری ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک ڕابیتەی ئیسلامیی و ئیغاسەی ئیسلامیی و چەندین ڕێکخراوی خێرخوازی دیکەدا بوو، لە سەردەمێکدا کە ھەرێمی کوردستان دووچاری دوو گەمارۆی ئابوری و لایەنە سیاسییەکانیش سەرقاڵی شەڕی سڕینەوە و یەکتر کوشتن بوون، یەکگرتووی دەستیدایە دروستکردنی مزگەوت و خوێندنگە و نەخۆشخانە و برینەوەی مووچە بۆ بێباوکان و لاکردنەوە لە ھەژاران، بەم ڕیتمی کارکردنە، یەکگرتوو توانی پێگەیەکی جەماوەریی باش بۆ خۆی مسۆگەر بکات و سەدان ئەندامی نوێ بۆ خۆی کەمەندکێش بکات، جگە لەوەی ئەم کارە خێرخوازیانە بوونە پاڵپشتێکی گرنگ بۆ ئاوادەنکردنەوەی ھەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ دەیان کەس.


٦- بەشداری ھەڵبژاردنەکان و پەرلەمان: لەو سەردەمەی ھەندێک تەوژمی سیاسی ئیسلامیی بە زمانی چەک کاری سیاسییان دەکرد و ھەڵبژاردنیان بە بیدعە و تاوان لە قەڵەم دەدا، یەکگرتوو بە جورئەتەوە بەشداریی لە ھەڵبژرادنەکاندا دەکرد و وەک مەبدەئێکی نەگۆڕ لە پەیڕەو و پرۆگرام و ستراتیژییەتی کارکردنیدا ئاماژەی پێداوە و دانی بەوەدا ناوە کە حیزبی سیاسی لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان و ململانێی پەرلەمانییەوە دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنیت و پڕۆژەکانی پێشکەش بە خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی بکات.


٧- خاوەن بڕوانامە و کەسانی پسپۆر: بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کەسانی پسپۆر لە بوارە جیاجیاکان و ھەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان لە نێو ڕیزەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا، وەک خاڵێکی دیار و جیاکەرەوە بۆ ئەم حیزبە لەقەڵەمدراوە، لەیەکەم ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتریش ھەمیشە لیستی پێشکەشکراوی ئەم حیزبە چەندین کەسی پسپۆر و خاوەن بڕوانامە لەخۆگرتووە، جگە لەوەی زۆرێک لەو پۆست و بەرپرسیارێتییانەی کادیرانی ئەم حیزبە وەریانگرتووە بوونەتە جێگەی سەرنج و دەستخۆشی.  


٨- بانگخواز و مامۆستایانی ئایینی: دەرکەوتنی چینێک لە بانگخوازان و مامۆستایانی ئایینی لە نێو ڕیزەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و ناوبانگ پەیداکردنیان و بوونیان بە سیمبول و ڕەمزی دیار خاڵێکی جیاکەرەوی ئەم حیزبە بوو، ئەگەرچی ڕەنگە ھەندێک لە چاودێران و تەنانەت لە ناو خودی ئەم حیزبەش تێکەڵبوونی ئەو بانگخواز و کەسایەتییە ئایینیانە بەکاری سیاسی وەک ڕەخنە ئاڕاستەی یەکگرتوو بکەن، بەڵام لە ھەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان، بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان متمانەیانە داوەتە بانگخواز و کەسایەتییە دەعەویەکانی ئەم حیزبە سیاسییە و بە قازانج بۆ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان شکاوەتەوە.


٩- کۆنگرەکان: ترسێک لە نێو بەشێکی زۆر لە حیزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەستنی کۆنگرە و گۆڕینی سەرکردایەتییەکانیان ھەیە، یەکگرتوو ھەمیشە پابەند بووە بە بەستنی کۆنگرەکانی لە کاتی خۆیدا، بەڵکو بڕیاری پێشخستنی کۆنگرەشی داوە، بۆ حیزبێک کە تەمەنی (٢٥) ساڵە بەرەو کۆنگرەی ھەشتەمی بڕوات لە واقیعی ھەرێمی کوردستاندا خاڵێکی جیاکەرەوەیە و جێگەی سەرنج و تێرامانە.

 

ھۆکارەکانی پاشەکشێ و کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگەکان


لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا ھەوڵدەدەین باس لە ھەندێک لەو ھۆکارانە بکەین کە کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر وێنای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دروست کردووە و دەرەنجام ڕێژەی دەنگەکانی کەمی کردووە و ئاستی جەماوەریی ئەم حیزبە و (تەوژمی ئیسلامیی بە گشتی لە ھەرێمی کوردستاندا) ڕووی لە کزی کردووە، ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو ھۆکارانەی (بە ڕای من) کە بوونە ھۆی ئەم واقیعە تازەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.


١- ناڕوونی لە گوتار و ھەڵوێستی سیاسیی: بەشێک لە چاودێرانی ئەدائی سیاسی ئەم حیزبە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەم حیزبەش، ناڕوونیەک لە ھەڵوێست و گوتاری سیاسی ئەم حزبەدا دەبینن، ناڕوونی لە نێوان ئۆپۆزسیۆن بوون و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی ھەرێم، نێوان ئیسلامیی بوون و نەتەوەیی بوونیی، ناڕوونی لە ھەڵوێستەکانی بەرامبەر بە ھەریەک لە تورکیاو ئێران لە لەشکرکێشییەکانیان و ھێرشیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، نەبوونی گوتارێکی ڕوون لەمەڕ شەڕی ناوخۆ و دیاریکردنی تاوانبار، نەبوونی ھەڵوێستێکی ڕوون لەمەر پەکخستنی پەرلەمان و قەیرانی دانانی پارێزگاری سلێمانیو چەندین بابەتی ھەستیاری تر، ئەگەرچی بۆ ھەریەک لەوانە ڕەنگە پاساوێک ھەبن، بەڵام دواجار دەنگدەر و ھاوڵاتی ھەڵوێستی ڕوونی دەوێت و ھەڵسەنگاندن ئەدائی سیاسی ھەر حیزبێک بە ھەڵوێستە سیاسییە ڕوونەکانی دەپێورێت، وێڕای ئەمە دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ناوچەی دەسەڵات و ھەژموون، کاریگەری سلبی لەسەر بڕیار و ھەڵوێستە سیاسییەکانی ئەم حیزبە کردووە و بە خراپ شکاوەتەوە.


٢- باگرواندنی ئیخوانیی:ئەگەرچی گوتاری (ئیخوان موسلیمین) گوتارێکی میانڕەوانەیە و دوورە لە زمانی چەک و توندوتیژی، بەڵام واقیعی ھەرێمی کوردستان سەلماندی کە ئەم گوتارە تا ئێستا نەیتوانیووە لە نێو جەماوەری ھەرێمی کوردستاندا لە ئاستی پێویستدا جێگەی خۆی بکاتەوە، بە مەرجەعیکردنی (ئیخوان موسلیمین) لە فیکر و مومارەسەی سیاسییدا زەبری خۆی لە ئاستی جەماوەرێتیی ئەم حیزبە داوە، بەتایبەت بێدەنگ بوونی بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی ئەم ڕەوتە ئیسلامییە لەسەر ئاستی جیھان، لەو ستەمانەی لەگەلی کورد کراون و نەبوونی ھەڵوێستێکی ڕوون لەسەر مەسەلەی کورد، جگە لەوەی پاشەکشێی خودی ئەم ڕەوتە لەسەر ئاستی جیھان شکستھێنانی ئەزمونە سیاسییەکەیان لە میسر و ھەندێک وڵاتی دیکەی جیھان بە خراپ لەسەر ئەزمونی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان شکایەوە. 


٣- لایەنی دارایی: نەبوونی پلانێکی دارایی تۆکمە لەم حیزبەدا بەردەوام دووچاری کێشە و قەیرانی جۆراوجۆری کردووە، سەرکردەو بەرپرسە باڵاکانی ئەم حیزبە لەماوەی چارەکە سەدەیەکدا نەیانتوانی سەقامگیرییەی ئابوری بۆ ئۆرگانە جیاجیاکان دروست بکەن و ژێرخانێکی ئابوری بۆ دروست بکەن، نەبوونی ئەم پلان و ستراتیژییەتە ئابورییە زەبری کوشندەی لە کۆی پلانەکانی کارکردن داوە و ھەندێک لە کادیرە بە تواناکانی، بەتایبەت لە بواری میدیا و ھونەردا، ناچار بە دوورکەوتنەوە و سەنگەر گواستنەوە کردووە بۆ دەزگا و شوێنی تر.  


٤- سیاسەت بە ئەخلاقەوە:ئەگەرچی دەبوو ئەم مەبدەئە وەک خاڵێکی جیاکەرەوەی ئیجابی بۆ ئەم حیزبە دابنرێت، بەڵام واقیعی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو ڕاستییەی سەلماند کە مەرج نییە ھەمیشە گرێدانی سیاسەت بە ئەخلاق و مۆراڵەوە دەرەنجامی ئیجابی و باشی بۆ حیزبی سیاسی لێ بکەوێتەوە و سیاسەتیش گەمەی تایبەتی خۆی ھەیە، سەرکردە سیاسییەکانی یەکگرتوو ھەندێک جار سادە و بەریئانە دەچوونە نێو قەیران و پرسە سیاسییەکان و ڕەنگە کەم ئەزمونی ھەندێکیشیان لە بواری سیاسییدا کاریگەریی سلبی ھەبووبێت و دواجار حیزب بۆتە قوربانی بەشێک لە ھەڵوێستە سیاسییەکانی و دەنگدەریش سزای داوە.


٥- بابەتە نەتەوەییەکان: حیزبی سیاسی بە ھەڵوێستەکانی متمانەی دەنگدەر مسۆگەر دەکات، دیارە یەکێک لەو بابەتانەی کە جێبایەخی ھاوڵاتیانی کوردستان و ھەڵسەنگاندنی پێدەکات بۆ حیزبێکی سیاسی مەسەلە و بابەتە نەتەوەییەکانە، لەم بابەتەدا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تا ئەم ساتانە نەیتوانیوە قەناعەتێک لای ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دروست بکات کە مەسەلە نەتەوەییەکان جێباخیەتی، بەشێک لە ھاوڵاتیانی کوردستان، نەبوونی خەباتی چەکداریی دژ بە ڕژێمی بەعس بە خاڵێکی لاواز لەسەر ئەم حیزبە تۆمار دەکەن، بایەخنەدانی پێویست بە کێشە و مەزڵومیەتی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و کەمی ئەدەبیاتی نوسراو و بایەخنەدانی میدیایی پێویست بە بابەتە نەتەوەییەکان بەلای ھەندێک، وەک خاڵێکی لاواز لەسەر یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تۆمار کراوە، ئەگەرچی یەکگرتوو بەشێک بوو لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و خەونی دەوڵەتی کوردیی و لەسەرجەم پەیڕەو وپرۆگرامەکانیدا باسی مافی گەلی کوردی بە بەندێک تۆمار کردووە، بەڵام ھێشتا متمانەی پێویستی لای دەنگدەری کورد بەدەست نەھێناوە، ئەگەر نەڵێین خودی پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم و خەونی دەوڵەتی کوردیی و ئەو ھەل و مەرجەی کە ئەو پرۆسەی تێدا ئەنجام درا خراپ بەسەر یەکگرتوودا شکایەوە!


٦- لاوازی میدیا و بواری ڕۆشنبیریی و فیکریی: میدیای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەگەرچی چارەکە سەدەیەک تەمەنی ھەیە، بەڵام ھێشتا نە جەماوەرەکەی خۆی و نە جەماوەری کوردستانی تێر نەکردووە، بینەر و بیسەران و موتابعی میدیای ئەم حیزبە لە ئاستی پێویستدا نییە، بواری چاپ و ڕۆشنبیریش بە تەواوی فەرامۆشکراوە، ڕوونە کە میدیا وەزیفەی ئەجێندای جەماوەر دادەرێژێ و لەم سەردەمەدا کاریگەرییەکی گەورە دروست دەکات، دواجاریش دەنگدەر و ھاوڵاتی ئاسایی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە دەیبینێت و دەیبیستێت و دەیخوێنێتەوە، دیارە پەیدابوونی دوانگەی میدیایی ڕکابەریش ئەرکی میدیای ئەم حیزبەی سەختتر کردووە.


٧- تیکەڵیی سیاسەت و بانگەواز: تێکەڵبوونی ھەردوو بواری سیاسەت و بانگەواز لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا نامۆییەکی لای ھاوڵاتیانی کوردستان دروست کردووە، بانگخوازەکانی وەک کەسانی سیاسیی و سیاسەتمەدارەکانیشی وەک بانگخواز موخاتەبەی خەڵک دەکەن، ئەم تێکەڵبوونە کاریگەریی سلبی لەسەر گوتاری سیاسی و میدیایی حیزبەکەش دروست کردووە، ئەم بابەتە ئێستا بۆتە مشت و مڕێکی ناوخۆیی زۆربەی حیزبە سیاسییە باگراوند ئیسلامییەکانی جیھان و کوردستان و ھەندێک پێیان وایە کە پێویستە بواری بانگەواز لە فەزا سیاسییەکە جیابکرێتەوە و ھەندێکیش تێڕوانینیان پێچەوانەیە.


٨- وازھێنانی سەرکردەکان و پۆستە حکومییەکان: خاڵێکی لاوازی ئەدائی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەست لەکارکێشانەوەو وازھێنانی بەشێک لە سەرکردە و کەسە دیارەکانیەتی، جگە لەوەی ھەندێک لەوانەی بەرپرسیارێتی حکومییان لە وەزارەتەکان وەرگرت نەیانتوانی لەئاست بەرپرسیارێتییەکەدا بن، ئەم دوو خاڵە وێنای حیزبەکەی لای خەڵک شێواندووە و کاریگەری سلبی لەسەر ناوبانگی یەکگرتوو دروست کردووە. 


٩- فەرامۆشکردنی لایەنی پەروەردەیی: سەرەتای دامەزراندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان  و کۆبوونەوەی جەماوەرێکی زۆر لە دەوری ئەم حیزبە لەسەر بناغەی پەروەردەی تاک و خێزان بوو، ئەم حاڵەتە لەگەڵ بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکان و چوونە نێو ململانێی سیاسی و سەرقاڵ بوون بە پۆستە حکومییەکان ڕووی لە کزی کرد و جۆرێک لە فەرامۆشیی لەم بوارەدا دروست بوو، ئەمەش یەکگرتووی لە پەیامە سەرەکییەکەی دوورخستەوە و وردە وردە ئەندامەکانی، بەتایبەت لە ڕیزی گەنجاندا دوورکەوتنەوە و دەرەنجام کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ڕێژەی دەنگدان و ئاستی متمانەی ئەم حزبە دروست کردووە.


١٠- فشار و ھەڕەشەکانی دەسەڵاتی سیاسی: پاش ئەوەی ھەردوو ھێزی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان (یەکێتی و پارتی) ھەستیان بە گەشەکردنی ئەم حیزبە و زیاد بوونی جەماوەرێتی کرد، کەوتنە گرتن و ڕاوەدونانی ئەندام و کادیرەکانی، سوتاندنی بارەگاکانیان لە بادینان و تیرۆرکردنی سەرکردە و کادیرانی ئەم حیزبە و گرتنی ژمارەیەکی زۆر لە کادیرانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و و بێبەشکردنیان لە ئیمتیازات و دانەمەزراندیان، بە کورتی دروستکردنی فشارێک کە بوویە ھۆیە دوورکەوتنەوەی ھەندێک لە ئەندام و لایەنگرانی لەم حیزبە و  ئەمەش کاریگەری لەسەر دەنگەکانی دروستکرد.   


ئەمەی وترا ھەندێک لەو خاڵانە بوون (کە بە خوێندنەوەی من) کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی دەنگەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دروست کردووە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتی ئەم حیزبە بۆ گوێگرتن و بەھەند وەرگرتنی ڕەخنەکان و بەخۆداچوونەوە و موڕاجەعەیەکی جیددی و ڕیشەیی، دیارە ھێشتا پایە و بنەماکانی دووبارە ھەستانەوە لە ژینگەی کار و مومارەسەی ئەم حیزبە سیاسییەدا ھەیە و ڕەخسانی ھەلومەرجێکی لەبار زامنی ئەو ھەستانەوەیە.

 

أهم أخبار