تکایە گەر بەمەرجیش بێت دەرگای مزگەوتەکان بکەنەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

تکایە گەر بەمەرجیش بێت دەرگای مزگەوتەکان بکەنەوە

(لەو دیمەنە سەرسوڕ هێنەر ترم نەدیوەکە دەرگای مزگەوتێک داخراوەو دەرگای چایخانەیەک لەسەر پشتە!)
وا پێنج مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تێدەپەرێت. هاوڵاتی و پزیشک و کارمەندی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و هەمووان دیمەنەکانی هاتنی ئەم نەخۆشییەیان بینی و لەم نێوەندەشدا زۆرێک تووش بوون و بەداخەوەش ژمارەیەک لە ئازیزان و خۆشەویستان بەم ڤایرۆسە وەفاتیان کرد.
لێرەدا بەپاڵپشت بەستن بە وتەی بەڕێزان لە وەزارەتی تەندروستی و پارێزگار و کەسانی پسپۆر و شارەزا، سوپاس بۆ خوا دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات و ئاماژەکان بەرەو باش بوون دەچن، ڕێژەی تووش بوون کەم بۆتەوەو ڤایرۆسەکە کاریگەری کەم بۆتەوەو ڕێژەی مردنیش کەمەو کەمیشی کردووە. ئەمەش بەلێبڕان و دڵسۆزی هەموو هاوڵاتیان و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی وکارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ توانرا زاڵ ببین بەسەر ئەم نەخۆشییەدا، ڕێزو پێزانینمان بۆ گشت لایەک هەیە..
لەو ماوەیەی ڕابردوودا زۆر شوێن داخران، لەوانەش مزگەوت، ئەمەش بە ڕای زۆرینەی زانایانی ئاینی و وەزارەتی تەندروستی و ئەوقاف، بڕیارێکی پەسەندو لەجێی خۆیدا بوو لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
بەڵام لەئێستا بەدواوە،لەدوای بینینی دیمەنەکان و گوێبیستی زانیارییەکان لەسەر باسوخواسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێمان دەڵێن کە چیتر مەترسی بەو شێوەیەی ڕابردوونەماوە بەمەرجێک ڕێنماییە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکرێت، لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، کە مسوڵمان نین، بەمەرج هەموو شوێنەکان کرانەوە لەناویشیاندا دەرگای مزگەوتەکان بەڕووی نوێژ خوێناندا کرانەوە، بەداخەوە لێرە کە وڵاتێکی مسوڵمان نشینەو زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانەکەی مسوڵمانن،بەڵام دەبینین گشت فەرمانگەکان کراونەتەوە، ئایا مزگەوتیش وەک فەرمانگەیەک لەناو ئەم حکومەتە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت؟؟ ئایا مامۆستایانی ئاینی وتارخوێن و پێش نوێژەکان فەرمانبەری وزارەتی ئەوقاف نین، لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیان فەرمانگە دەبینین کە هاوڵاتیان هیچ مەرجێکی تەندروستی پەیڕەو ناکەن لەکاتی سەردانی کردنیان بۆناو فەرمانگەکان، بەڵام نوێژخوێنان ئامادەن بە جێ بەجێ کردنی ڕێنماییەکان بچنە ناو مزگەوتەکان، بۆ ڕێگایان پێ نادەن و دەرگاکانیان بۆ ناکەنەوە؟، لەبەر ئەوەی نوێژ خوێنان لەسەر خۆو ئارامگرن و زەرەرو زیانیان ناوێت بۆسەر ئاسایشی وڵات و ناڕژێنەسەر شەقام و خۆپیشادان ناکەن بۆ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان؟ ئێوەش لەجیاتی ئەوەی هەڵوێستی نوێژخوێنان لەبەر چاو بگرن، بەپێچەوانەوە داواکانیان پشت گوێ دەخەن و دەرگای مزگەوتەکانیان بۆ ناکەنەوە، لەو دیمەنە سەرسوڕ هێنەر ترم نەدیوەکە دەرگای مزگەوتێک داخراوەو دەرگای چایخانەیەک لەسەر پشتە!!! ئاخر مزگەوت جگە لەوەی شوێنی پەرستن و نزاو پاڕانەوەو کۆبونەوەی مسوڵمانان بۆ ئاگاداربوون لە یەکتری و هەواڵ پرسین و بەهێز کردنی لایەنی ئیمانی و ڕۆحی و ڕەواندنەوەی کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و شوێنی پرسیارو وەڵامی نوێژخوێنان و ڕێبواران، زۆرێک لەهاوڵاتیان ڕۆژانە پێویستیان بەوەیە بچنە مزگەوت بەتایبەت لەناو بازاڕ، ئەوەی کاروکاسپی ڕۆژانەی لەبازاڕدا بێت، لەهەمووان باشتر ئەو ڕاستییە دەزانێت. ئیتر بۆ دەرگای چایخانەو فەرمانگەکان دەکەنەوە، بەڵام بۆچی دەرگای مزگەوتەکانمان بۆ ناکەنەوە؟؟
بۆیە نەک لەگەڵ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانین، بەڵکو داوای کردنەوەی مزگەوتەکان بە ماف و واجبی سەرشانی خۆمانی دەزانین.. هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار ئەو هەڵوێستەی لەپێشتر نواندوومانە کە لە ڕابردوودا لەگەڵ داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بووین، بەرز بینرخێنێت و حسابی بۆ بکات و ئێستاش دەرگای مزگەوتەکان بکەنەوە، ئەگەر نا، ناچارین جگە لە ڕێگەی داواکاری، ناچار دەبین ڕێگەی تر دەگرینە بەر.. هیوادارین گوێ لەداواکانمان بگرن و ئاوڕێک لەباری دەروونی و ئیمانی و جەستەیی نوێژ خوێنان بدەنەوە، دەرگای مزگەوتەکانمان بەمەرجی جێبەجێ کردنی ڕێنمایی تەندروستی بۆ بکەنەوە...

 

هه‌واڵی گرنگ