بۆچی هەندێ كەس سەرمایان دەبێت ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی هەندێ كەس سەرمایان دەبێت ؟؟

 

 

هەندێك كەس زۆرتر هەستیارن بەساردی و وەرزی سەرما وەك لە كەسانی ئاسایی و هەستكردنیان بەساردی تەنیا لەوەرزە ساردەكاندا نییە، بەڵكو لەوانەیە لەڕۆژو وەرزە گەرمەكانیشدا هەر هەست بەسەرما بكەن.

پلەی گەرمی لەش بەچەند شێوازێكی جیاواز لەلەشدا ڕێكدەخرێت؛ بەشێك لەمێشك كەپێی دەگوترێت (hypothalamus) وەكو تێرمۆستاتێكی گەورە كاردەكات بۆ ڕێكخستنی پلەی گەرما، كەلەڕێیەوە سیگناڵ دەنێرێت بۆ بەشەكانی لەش بۆ دروستكردنی گەرمی یاخود ڕێگە بۆ ساردبوونەوەی جەستە، هەروەها ئەم بەشەی مێشك كار لە غودەی دەرەقی دەكات بۆ ڕێكخستنی كرداری میتابۆلیزم و ڕاچەنین لە لەشداو دروستكردنی ووزەو سووتەمەنی لەڕێگەی تێكشكاندن و ووردكردنی خۆراك. 

سووڕی خوێن یارمەتی بڵاوبوونەوەی گەرمی دەدات و چەوری ژێر پێست یارمەتی پارێزگاریكردن لە گەرمی دەكات، كەواتە هەر كێشەیەك لەم سیستەمانەدا دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بەسەرمای زیاتر بكەین. 

كەواتە بەگشتی هۆكارەكانی هەستكردن بەسەرما زیاتر لەكەسێكی ئاسایی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە : 

1. كەم خوێنی (anemia) : ئەم حاڵەتە ڕوودەدات كە ڕێژەی خرۆكەی سووری خوێن كەمدەبێتەوە. 

2. كەم خواردن و نەمانی ئارەزووی خواردن (anorexia) : ئەمە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی چەوری ژێر پێست بۆیە كەسەكە زووتر هەست بەسەرما دەكات. 

3. غودەی دەرەقی تەمبەڵ (hypothyroidism): كاتێك غودەی دەرەقی كەم ئیشدەكات و ڕێژەی هۆرمۆنی تایرۆكسین كەمدەبێتەوە لەلەشداو ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی كرداری ڕاچەنین و میتابۆلیزم لەلەشداو دروست نەكردنی ووزەی پێویست بۆ گەرمبوونەوە. 

4. نەخۆشی بۆری خوێن (raynaud's syndrome) : كە ئەمەش بەهۆی تەسكی بۆری خوێنەكان كە دەچن بۆ پەلەكان و دەبنە هۆی هەستكردن بەسەرماو هەندێك جار شینبوونەوە لە پەلەكاندا. 

5. هەر كێشەیەك یان نەخۆشییەك لە ناوچەی (hypothalamus) ی مێشكدا كە وەكو تێرمۆمیتەرێكی گەورەی لەش ئیشدەكات دەبێتە هۆی تێكچوونی پلەی گەرمی لەش. 

6. فایبرۆمایەڵجیا : كەبریتییە لەحاڵەتێكی دەگمەنی ڕەقبوونی ماسولكەكان و ئازاری بەردەوام، بینراوە ئەو كەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە زۆرتر هەست بە سەرما دەكەن. 

7. نەخۆشی شەكرە : بەهۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی شەكری خوێنەوە گورچیلەكان تووشی تێكشكاندن دەبن، كە پێی دەوترێت (diabetic nephropathy)، یەكێك لەنیشانەكانی ئەم حاڵەتە ئەوەیە كەسەكە هەست بە سەرما دەكات. 

8. هەندێك برینداری لە پێستدا یاخود پێكان وەكو شكاوی یان برینێكی كۆن، شوێنەكەی هەستیار تر دەبێت بە سەرما.

چ كاتێك پێویست بە پزیشك دەكات ؟؟ 

هەندێك لەخەڵك زیاتر هەستیارن بەرامبەر سەرماو زۆرتر هەست بەسەرما دەكەن، مەرج نیە ئەمە مانای نەخۆشی بێت، بەڵام ئەگەر هەستیاری بەرامبەر سەرما لەپڕ زیاد بكات، یان زۆر زۆر بێت لەوانەیە نیشانەی نەخۆشیەك بێت بۆیە پێویستە ڕای پزیشك وەربگیرێت.

(د. هەڤین كەمال شاهـ موحەمەد – پسپۆڕی بێ هۆشكاری و ئازارشكاندن)

 

 

هه‌واڵی گرنگ