ڕەمەزان مێرگی پڕفەڕی لەخواترسان
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڕەمەزان مێرگی پڕفەڕی لەخواترسان

ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان ئەو بەخششەی پەروەردگارە كە پڕە لەجوانی و ئاوەدانی و ئاسودەیی و ناخ سازی و پلە بەرزی . لە ئەنجام وبەهرەكانی ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان وماناو مەبەست و سودە گەورە و گرنگەكانی، جێبەجێكردنی تەقواو پارێزكارییە، وەك خودای پەروەرێنەرمان دەفەرمووێ‌: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ يَ‌مَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَي الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ )البقرە: 183، ئاماژەدان بەم هۆكاری واجب بونی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و ڕونكردنەوەی سودە گەورەو پەندیاری و حیكمەتە باڵاكەی، ئەوەیە كە دەروونی ڕۆژوەوان ئامادە وڕاهێنان دەكات بۆ وازهێنان لە ئارەزووە سروشتی و حەڵاڵەكانی بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی خودایی ودەستخستنی پاداشت.

ئالێرەوە ئیرادەو تواناكانی مرۆڤ پەروەردە دەبێت وگەشەدەكات، كە وازبهێنێ‌ لە حەزو ئارەزووە حەرامەكان و ئارام بگرێت لەسەری، كە وای لێدێت دوركەوتنەوە لەیاساغكراوەكان لای ئاسان دەبێت، بەم هۆیەوە جێگیربوون وبەردەوام بوون لەسەر باشی وچاكیەكان ئاسانتر دەبێت . ئەو كات پارێزكاری و لەخودا ترسان دەبێتە نیشانەیەكی تەواو وقوڵ بەتایبەتی بۆ ئەوانەی قورئانی پیرۆز دەكەنە دەستوری ژیان و ڕێگەی هیدایەتیان.

 خوای گەورە لەسەرەتای سورەتی بقرەدا دەفەرمووی:( ذَلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ فِيهِ هُدًي لِلْمُتَّقِينَ)البقرە :2 ، ئەوانەی پاریزكارن لە قورئان سوودەمەند دەبن، چونكە باسی (هدي للمتقين) تەنها لەم سورەتەدا هاتووە، دەی ڕۆژووش ڕێگەی گەیشتنە بەتقواو لە خوداترسان، سودمەندبوون لە ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆز تیایدا (تەقوایە)، كە مەبەست و ئامانجی ناسراو و گەوهەرە وونبووەكەیە، خێرو بێری دونیاو دواڕۆژ تێدا كۆبوتەوە، بۆیە دەبێت بزانین كە:

-           ئەهلی (تەقوا)و پارێزكاری پادشای دونیاو قیامەتن و ئەهلی خۆشی وئاسودەیی وبەختەوەری ڕاستەقینەن و خاوەنی شكۆ و پێگەیەكی بڵندن. بۆیە هەندێ‌ لە پێشینان وتویانە گەر پادشاو نەوەی پادشاكان بیانزانیایە ئێمە لەسەر چ حاڵەتێكین ئەوا بەشمشێرەكانیان لێیان دەسەندین.

ڕۆژوش ڕێگەیەكی گەورەو كاریگەرە كە مرۆڤ دەگەیەنێ‌ بە تەقواو پارێزكاری، لەوەی كەسەكە دەروونی خۆی دەگرێت و حەزەكانی تێك دەشكێنی وفەرمانی خودا بەجێ دەگەیەنێ‌ و دوور دەكەوێتەوە لە بێ‌ فەرمانی، چونكە ڕۆژوەوان  بەهەموو بونی هەوڵی بەرهەم ونیشانە جوانەكانی خێرو كاری خێرخوازی و زۆری پەرستش و بەهێزبوونی باوەڕی دەدات. پێشەوا ئیبن قەییم دەڵێ‌: ( ڕۆژوو كاریگەری سەرسورهێنەری هەیە لە پاراستنی ئەندامانی لاشە و هێزی شاراوەی جەستە، وە پاراستنی لەتێكەڵبوونی مادە زیانبەخشەكان كە كاتێ‌ دەگاتە ئاستی زیانگەیاندن بەمرۆڤ، وە خاڵی كردنەوەی مادە خراپەكان كە ڕێگری دەكات لە لەشساغی.

 ڕۆژوو دڵ لە نەخۆشیەكان دەپارێزی و تەندورستی دەكات، وە ئەیگێرێتەوە بۆ خاوەنەكەی ئەوەی بەهۆی ئارەزووەكانەوە لەدەستی داوە، ئەوەش باشترین هەوڵدان وپاڵپشتیە بۆ تەقواو پاریزكاری.( زاد المعاد).

 ڕۆژوو هۆكاری سەركەوتوو و ڕێگەیەكی كورت وخێرا و گرنگ وپێشەكیەكی بڵندە بۆ چەسپاندنی تەقوا.

-           تەقوا( پارێزكاری) ترس وخەفەت لادەبات ومایەی ئارامی و ئاسودەیی و دڵخۆشی دواڕۆژە، پارێزكاری(التقوی) پاڵدەنێ‌ بەبەندەوە بۆ كاری چاكەو دوركەوتنەوە لەخراپە.

-           تەقوا و لە خواترسان باشترین وبەسودترین توێشوو وباشترین و خێرترین پۆشاك‌و بەرگە، سەرەتای هەموو كارێكی باش و كۆكەرەوەی گشت خێرو چاكەكانە. خاوەنەكەی پلەدارترین ‌و بەرێزترینی مرۆڤەكانە(ان اكرمكم عند الله اتقاكم) بەروبومەكەی زۆرە و فراوانە و ئەنجامەكەی گەورەیە، عاقیبەت خێری و سەرفرازی وسەركەوتن و براوەیی بۆ خاوەنەكەیەتی. نور و ڕوناكی هاورێیەتی و ڕزگاربووە لە ناڕەحەتیەكانی ڕۆژی حیساب ولێپرسینەوەو چونە نێو بەهەشتی هەتا هەتایی ، هەركەس پشتگوێی بخات پەشیمان دەبێ‌ و هەركەس پێچەوانەی ئەو ڕێگە بێت زەرە مەندی دونیاو قیامەت دەبێ‌.

-           پاریزكاری وەسیەت وئامۆژگاری خودای خالقە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، وەك دەفەرموێت: (ؤلَقَدْ ؤصَّيْنَا الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ ؤإِيَّاكُمْ أَنِ اتَّقُوا الله)النسا‌و:131. حەسەنی بەسری (خوا لێی ڕازی بێت) دەربارەی تەقواداران دەڵێ‌: خۆتان بپاریزن لە حەرامكراوەكانی خودا، فەرزو واجبەكان جێ‌ بەجێبكەن. (تفسیر ابن كپیر).

-           بۆیە لەخواترسان جەوهەرەكەی كاركردنە بەگوێرایەڵی پەروەردگار بە فەرمانی كردن ونەكردنەوە، ئەنجامدانی فەرمانەكانی پەروەردگار بەباوەڕو بەدروست زانینی پەیمانی پەروەردگار بۆ بەندەكانی و وازهێنان لە وانەی خودا قەدەغەی كردووە بەباوەڕی تەواوە و ترسان لە سزای پەروەردگار، تەلقی كوڕی حەبیب دەڵێ‌: ( گەر كەوتیتە نێو فیتنەو ئاشوبەوە بە تەقواو پاریزكاری بیكوژێنەوە ، وتیان: تەقوا چیە؟ وتی: ئەوەیە كاربكەی بە گوێرایەڵی خودا وچاوەڕێی پاداشت بیت‌و، وەواز بهێنێ‌ لە گوناه وتاوان  و بترسی لەسزای خودایی). بۆیە ئیبن قەییم دەڵێ‌: (ئەوە جوانترینە وتەیە كە لەسەر تەقوا وتراوە).

عومەری كوڕی عبدالعزیز ( خوای لێ رازی بێت) دەڵێ‌: تەقوای خودا بە ڕۆژ بەرۆژوو بوون و بەشەونوێژ كردن   نایەتەجێ‌، بەڵكو لە خوداترسان وازهێنان لە حەرام كراوانی خودایە وجێبەجێكردنی فەرزەكانیەتی، هەركەس خودا ڕۆزیی لەم خێرە زیاتری پێدان ئەوە چاكەیە لەناو چاكەدا.. هەركەس ڕۆژوو پاڵی پێوە نا بۆ كاری خێرو چاكەو گوێرایەڵی خودای گەورە و فەرزەكانی بەجێگەیاند و وازی هێنا لەقەدەغەكراوان، ئەوە بەرهەمی داواكراوی ڕۆژووی دەست كەوتووە (لعلكم تتقون)، میمون كوڕی عیمران دەڵی: هیچ كەس ناگاتە پلەی لەخوا ترسان هەتا ئەوكاتەی لێپرسینەوەی لەخودی خۆی بەتوندی نەكات وەك چۆن  دووهاورێی كار، لەیەك دەپرسنەوە تا ئەو ڕادەی بزانێ‌ پۆشاك و خواردن وخوادرنەوەی لەكوێ‌ دەست خستووە وبەدەست هێناوە. (سیر اعلام النبلا‌و).

عومەری كوڕی خەتتاب (خوا لێی ڕازی بێت): پرسیاری لە ئوبەی كوڕی كەعب كرد لەسەر تەقوا؟ ئوبەی وتی: ئایا بە ڕێگەیەكی پڕ دڕك وداڵ ڕۆشتووی؟ عومەر وتی، بەڵێ‌، وتی: ئەی چی دەكەی؟ وتی: خۆم كۆدەكەمەوە و خۆم دەپارێزم  تێكۆشم، وتی: ئەوە لەخواترسان وپاریزكاریە . (تفسیر ابن كپیر).

 ئیبن موعتز شاعیریش  دەڵێ‌:  :

خَلِّ الذُّنُوبَ صَغِيرَهَا  ؤكَبِيرَهَا ذَاكَ التُّقَي

 ؤاصْنَعْ كَمَاشٍ فَوْقَ  أَرْضِ الشَّوْكِ يَحْذَرُ مَا يَرَي

 لَا تَحْقِرَنَّ صَغِيرَةً    إِنَّ الْجِبَالَ مِنَ الْحَصَي.

 كەواتە ڕۆژوەوان دەزانێ‌ خودا ئاگاداریەتی لە هەموو پەنهان وئاشكرایەكی دا، ئەو حەرامی كردووە لەسەری كە دەست نەبا بۆ ئەو قەدەغەكراوانە با لەپەنهانیش بێت بەو هۆیەوە گوێرایەڵی پەروەردگار دەكات وفەرمانەكانی جێبەجێدەكات، ئارەزووی پاداشت وترسی لەسزا هەیە.

بۆیە هەركەس ڕۆژووەكەی تەنها برسێتی بێ‌ وهیچ گۆڕانكاری تێدا دروست  نەكات ورگ وزگی شەوانە پڕ بكات و خۆی سەرگەرم بكات بەهەموو جۆرەكانی خۆ مەست كردن وب ەهەموو جۆرەكانی زیادەڕۆیی وحەرام خواردن وئارەزووبازی وهتد. كەواتە كوا تەقوا ومانای تەقواو لەخواترسان ومەبەستی بەڕۆژوبوون؟!

 مانگی ڕەمەزان بەخششێكی خوداییە بۆ مسوڵمانان وكۆمەڵگەی مسوڵمان، وێستگەیەكی فرەگرنگی بەخۆداچونەوەی نەفس ودەروون و دروستكردنی ساتەكانی تەنهایی لەگەڵ خودا وچونە خزمەتی قورئانی پیرۆز و بەجوانی وچاكی وگەڕانەوەیە بۆلای پەروەردگار و بەڕاستگۆیانە لاڵانەوەو پاڕانەوەیە. چەندە جیاوازە ئەو دوو ڕۆژوگرتنە كە یەكێكیان تەنها خواردن وخواردنەوە لەخۆی دەگرێتەوە و یەكێكیش بنەماكانی لەخواترسان لەخۆیدا دەروێنێ‌ وبەهێزی دەكات بەهەوڵ وتیكۆشان وشەونوخونی وپەرستش وبەخشین ودوركەوتنەوە لە یاساغكراوانی خودای گەورە و بەفیرۆنەدانی كات وتەمەن وبەسەرنەبردنی  بەخەوتن وسەرگەرمكردن بەكاری نەشیاو.

گەر مسوڵمان تێ بكۆشێ‌ بۆ دەستخستنی یەكێك لە سودەكانی پاریزكاری لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا وتواناكانی خۆی بەخەرج بدات، ئەوا فەزڵ وڕێز وپلەی بەرز بەدەست دەهێنێ‌ ، گەر كەسێك لە ڕەمەزاندا لەخودا نەترسێ‌ و گۆڕانگاری لەدڵ وناخی خۆیدا دروست نەكات، ئەی كەی ئەو هەنگاو گرنگە دەنێ‌؟ كەی فرسەتی وای دەست دەكەوێ‌ خۆی پاكبكاتەوەو لەخودا نزیك ببێتەوە؟! لە دیارترین نیشانەكانی لەخواترسان وەك وتمان وازهێنانە لەحەرام وڕووكردنە حەڵاڵە، سوربوونە لەسەر بەدەست هێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار و جێبەجێكردنی فەرمانەكانی كردن ونەكردنە بۆ هەموو بچوك وگەورەیەك، ئیخلاس وخۆپاریزی ووەرع ودروكەوتنەوە لەئەوشوێنەی جێگەی گومانە، ئارامگرتن لەسەر ناڕەحەتی وتاقیكردنەوەكان وڕازی بوون بەقەزا وقەدەری خوداو شوكرانەی نیعمەتە بێژمارەكانی.

خودایە ڕۆژوی مانگی ڕەمەزانمان لێ‌ قەبوڵ بكەیت. خەرمانی تەمەنمان پڕفەڕو بەركەت دار بكەیت ، اللهم امین.

 

 

 

هه‌واڵی گرنگ