لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەق تەق ڕایدهگهیهنێت،تەرمی ژنێک لە لێواری زێی بچوک لە نزیک گوندێکی ناحیەی تەق تەق بە خنکێنراوی دۆزرایەوه دهشڵێت، باوکی ئەو ژنە دانی بە کوشتنی کچەکەیدا ناوە.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 15 ی نیسانی 2021 هەرێم دڵشاد لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەق تەق ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە لە دۆزینەوەی تەرمێک لە نزیک گوندێکی سەر بە ناحیەی تەق تەق ، دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس بۆ شوێنی روداوەکە تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کۆیە کراوە.
لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەق تەق ئاماژهی بهوهش كردووه، باوکی ژنەکە دانی بەوەدا ناوە کە خۆی کچەکەی لەناو ئاوی زێی بچوک خنکاندوە و تەرمەکەی لەوێ جێهێشتوە، هاوکات لە پزیشکی دادی دەرکەوتووە کە ئاسەواری چەقۆ لەسەر دەستی ژنەکە هەبوە.
ههروهها ناوبراو ئهوهشی خستهروو، كوژراوهكه تەمەنی (23) ساڵە و خاوەنی منداڵێکە ڕوداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیە و کەسێکی دیکە بریندارە کە لەلایەن هاوسەری ژنە خنکێنراوەکە بە چەقۆ بریندارکراوهو ئێستا بە برینداری دەستبەسەر کراوە و لێكۆڵینهوه له روداوهكه دهستی پێكردووه.