سه‌باره‌ت به‌ بوونی رێگایه‌كی هاتووچۆی داعش لە تورکیاوە بۆ هەرێم وەزارەتی پێشمەرگەوە روونكردنه‌وه‌ ده‌دات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سه‌باره‌ت به‌ بوونی رێگایه‌كی هاتووچۆی داعش لە تورکیاوە بۆ هەرێم وەزارەتی پێشمەرگەوە روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

دوابه‌دوای لێدوانی سەرکردەیه‌كی لە ڕەوتی سەدر، كه‌ وتبووی هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش هەیە لە توركیاوە بۆ هەولێر و كەركوك پاشان بۆ بەغدا، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئه‌و لێدوانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و، ده‌ڵێت: نازانین ئەو زانیارییەی له‌ كوێوه‌ هاتووه‌.
دوێنێ شەممە 31-7-2021، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، حاکم زاملی، سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند: هێڵێكی نوێی هاتووچۆی داعش هەیە لە توركیاوە بۆ هەولێر و كەركوك پاشان باكووری دیالە و بەغدا، لەوێشەوە پلانی تیرۆریستی بۆ بەغدا و پارێزگاكانی تر دادەنێن.
زاملی "كه‌ پێشتر سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانیش بووە" داوا لە مستەفا كازمی دەكات گوشار بكات لەتوركیا و هەرێمی كوردستان بۆ رێگەگرتن لە هاتووچۆی تیرۆریستان و كردنەوەی كەناڵی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردوولا بۆ هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگری بەمەبەستی بنەبڕكردنی مەترسییەكان و وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر.
دوابه‌دوای لێدوانه‌كه‌ی حاكم زاملی، عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: سەرمان سوڕماوە لەو قسانە و گومانمان لا دروست بووە کە زاملی خۆی یەکێک بێت لەو کەسانەی کە داعش هاوردەی عێراق دەکەن، چونکە بەڕاستی ئەو زانیارییانەی کە ئەو باسی کردووە، تائێستا ئێمە نایزانین و پێمان سەیرە ئەو دەیزانێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئێمە ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، کە داعش لە تورکیاوە بێتە ئێرە و لێرەوە بچێتە ناوچەکانی خوارووی عێراق.

بەرپرسەكه‌ی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووه‌، هەمووان دەزانین کە ئەو چەکدارانەی داعشیش کە لە هەرێمی کوردستان دەستگیردەکرێن لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە ئێرە نەک لێرەوە بچنە ئەوێ.
عەمید عوسمان محەمەد بۆ ناس کورد باسی لەوەشکردووه‌، ئەو ناوچانەی کە زاملی باسی دەکات و ناوی هێناون لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە ناوچەی گەرم بوون و داعش لەو ناوچانە جوڵەی زۆر بووەو حکومەتی عێراق تائێستا نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵیان بکات، بۆیە پێویستە ئەو لە حکومەتی عێراق بپرسێت، کە بۆچی تائێستا نەیتوانیوە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکاتەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ده‌ڵێت: ئەو لێدوانانە خزمەت بە هیچ لایەکمان ناکات و، تەنها دوورمان دەخاتەوە لەیەکتر، باشتربوو لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی دوو لیوا هاوبەشەکە بووینایە و چالاکیی هاوبەشمان هەبوایە لە دژی داعش، نەک کردنی ئەم قسانە.

 

هه‌واڵی گرنگ