ئێستا چاوی خەڵك لەسەر داهێنان و پەرەسەندنەكانی ئۆتۆمبێلی كارەبایین، بەڵام كۆمپانیایەكی سویدی خەریكی شتێكی ترەو دەیەوێت ئۆتۆمبێلێكی جیاواز دروست بكات.
تا ئێستا بیرت لەوە كردۆتەوە كە رۆژێك لە رۆژان ئۆتۆمبێلێكی پارچە پارچە بكڕیت و پاشان بیبەستیت وەك پارچە مۆبیلیاتێكی ئیكیا كە ئەویش هەر سویدییە؟
ئەوە بیرۆكەی كۆمپانیای لەڤلیی (Luvly) كە كۆمپانیایەكی سویدییەو سەرنجی لەسەر بەردەوامییەو ئۆتۆمبێلی (LUV) ئۆتۆمبێلی سوكەڵە بۆ هاتوچۆی ناو شارەكان بەرهەم دەهێنێت.
مۆدێلی یەكەمیان كە ناوی (Luvly O) یە، ئۆتۆمبێلێكی سووكەڵەیەو دیزاینی ئەم ئۆتۆمبێلە بچووكە كارەباییە بە شێوازی مۆبیلیاتی ئیكیا كراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەردانی (CO2) لەكاتی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەكەدا. ئەم ئۆتۆمبێلە ئامادەیە بۆ هەڵوەشاندن و بەستنەوەو كێشی كەمترە لە (450) كیلۆ و ئەوپەڕی خێراییەكەشی دەگاتە (90) كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.
هەرچەندە بە هەڵوەشاوی بە پارچە پارچە دەگەیەنرێت، بەڵام ناتوانرێت ئۆتۆمبێلەكە خۆت بیبەستیت، دەبێت بە شێوەیەكی پیشەیی لە گەراجی میكانیكی مۆڵەتپێدراودا ببەسترێت.
كەشتی نووح