وەزارەتی دارایی: کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواویی چارەسەرکراوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

وەزارەتی دارایی: کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواویی چارەسەرکراوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی كاربەڕێكەریی هەرێم ڕایگەیاند، کێشەی مووچە بەتەواوەیی چارەسەرکراوە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی كاربەڕێكەریی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەتەواوەتی پرسی مووچە چارەسەر کراوە، ئەمەش لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا جەختی لێکرایەوە، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش چارەسەر بووە و پرسی مووچە چیدیکە نابێتە گرفت، چونکە مافێکی بنەڕەتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.

دوای ڕێککەوتنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بڕیارە لەمەودوا مووچە لە سەرجەم کێشەکان جیابکرێتەوە و مانگانە لە کاتی خۆیدا بنێردرێت.

هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستپێدەکات و وەزارەتی دارایی حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتە هەموو ئامادەکارییەک دەکات، بۆ ئەوەی لیستی مووچەی مووچەخۆران ڕەوانەی بەغدا بکات.

جێگەی باسە، لەسەر سكاڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕۆژی 21-2-2024 دادگای باڵای فیدڕاڵیی كۆبوویەوە و سەرۆكی دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند،"هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا مولزەمن بە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا".

لە بڕیارەكەدا هاتووە،"دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکات".

هەر لەسەر سكاڵاكەی یەكگرتووی ئیسلامی، دادگای باڵای فیدراڵیی ڕایگەیاند،" پێویستە حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات".

دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێم، بەكر حەمە سدیق پارێزەرەكەی یەكگرتوو ڕایگەیاند،"ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو پاڵپشتی سەرەكی و یەكەمی تۆماركردنی سكاڵا بوو لە دادگای فیدراڵی لەبارەی دواكەوتن و نەدان و فەوتانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".

 

هه‌واڵی گرنگ